هۆبەی رێكخستنی خێزان (فامیلی پلان) لە نەخۆشخانەی منداڵبونی سلێمانی، مانگانە زانیاریی و خزمەتگوزاریی تەندروستیی خۆڕایی بە 50 لەو ژنانە دەدات كە بۆ وەرگرتنی رێنمایی تەندروستی رێگریكردن لە منداڵبون سەردانیان دەكەن، بەڵام داواكاریی هەیە رۆژی كاركردنیان كە یەك رۆژە زیاتر بكرێت تا بگونجێت لەگەڵ رۆژی پێنجەمی سوڕی مانگانەی ژنان كە لەو رۆژەدا هەنگاوی رێگریكردن لە دوگیانبون دەستپێدەكات.
لە چاوپێكەوتنێكی (كەركوك ناو)دا روخۆش عەبدوڵڵا، لێپرسراوی هۆبەی رێکخستنی خێزان، باس لە شێوازی كارەكانیان دەكات كە ئامانج لێی پێشكەشكردنی زانیاریی دروستی تەندروستیی و خزمەتگوزارییە بۆ رێگریكردن لە منداڵبون.
كاری یەكەمی هۆبەكە ئەوەیە "هەر ژنێك کە لە نەخۆشخانەی منداڵبون منداڵی ببێت، جا منداڵبونەكە چ بە سروشتی بێت یاخود بە نەشتەرگەری، پزیشکێکی ئێمە دەچێتە لای و رێنمایی تەندروستی پێدەدات، ئەوەش لەسەر منداڵبون و رێگا تەندروستییەكانی رێگریكردن لە منداڵ ئەگەر ژنەكە بیەوێت"، روخۆش زیاتر وتی "ئەگەر رێگریی لە منداڵبون بكات ئەو پزیشكە داوای لێدەكات دوای 40 شەوی دیکە، دەتوانێت بێتە بەشی فامیلی پلان (رێكخستنی خێزان) لە نەخۆشخانەکەی ئێمە تا زانیاریی تەندروستی وەربگرێت لەسەر رێگایەكی تەندروست، هەروەها رێنمایی ئەوەی پێدەدات كە تاوەکو چەند دەتوانێت رێگریی لە دووگیانبون بکات، لەڕوی تەندروستییەوە دەتوانێت چەند منداڵی دیکەی ببێت بە تایبەت ئەگەر منداڵبونەکە بە نەشتەرگەری بێت، چونکە منداڵبون بە نەشتەرگەری سنوردارە".
بەگشتی ئەوانە ئەو زانیارییانەن كە لە هۆبەی رێكخستنی خێزان لەناو نەخۆشخانەی منداڵبون و مەڵبەندە تەندروستییەكاندا پێشكەش دەكرێن، بۆ ئەو ژنانەی دەیانەوێت رێگریی لە منداڵبون بكەن، یان تەندروستییان رێگەیان پێنادات منداڵی تر بخەنەوە.
جگە لەو هۆبەیە، لانیكەم لە شەش مەڵبەندی تەندروستی تر لە شاری سلێمانی، هۆبەی رێكخستنی خێزان كراونەتەوە، بەڵام وەك روخۆش دەڵێت "خزمەتگوزارییەكانیان سنوردارترە".
"لە هۆبەكانی رێكخستنی خێزان چ جۆرە رێگرییەكی دووگیانبون گونجاوبێت بۆ ئەو ژنانەی سەردانیان دەكەن، ئەو خزمەتگوزارییە تەندروستییەیان بێبەرامبەر پێدەدرێت، لەو هۆبانە بابەتەكەیان لەڕوی تەندروستییەوە بۆ روندەكرێتەوە و هەموو زانیارییەكی پێویستیان پێدەدرێت، بەڵام رەنگە لە هەموو هۆبەكانی رێكخستنی خێزان وەك هۆبەی نێو نەخۆشخانەی منداڵبون خزمەتگوزاریی تەندروستیی بەردەست نەبێت". روخۆش عەبدوڵڵا وایوت.
چ جۆرە رێگرییەكی دووگیانبون گونجاوبێت بۆ ئەو ژنانەی سەردانیان دەكەن، ئەو خزمەتگوزارییە تەندروستییەیان بێبەرامبەر پێدەدرێت
رێگرییكردنی لە دوگیانبون لەڕوی تەندروستییەوە بۆ چەند رێگایەك دابەشكراوە، كە پێكهاتون لە حەبی رێگریكردن لە دوگیانبون، دەرزی، لەولەبی قۆڵ – لەژێر پێستدا دادەنرێت-، ئەڵقەی زێ و رێگای تر وەكو كۆندۆم و لەولەبی ناو منداڵدان، بەكارهێنانیان بەپێی رێپێدانی پزیشكی پسپۆڕ لە ژنێکەوە بۆ ژنێکی تر دەگۆڕێت.
هۆبەی رێكخستنی خێزان، زیاتر لە چوارچێوەی تاکدا و بەشێوەی روبەڕوو هۆشیاریی تەندروستیی و رێنمایی پێشكەش دەكات، نەك سیمینار، بەڵام تیمەكانی ئەو هۆبانە ساڵانە چەند جارێک لە لایەن بەڕێوەبەرایەتی خۆپاراستنی تەندروستیی سلێمانییەوە بەشداری خول و راهێنانیان پێدەكرێت، بۆئەوەی بە باشی زانیارییەکان بگەیەننە ژنان.
"زانیارییەكان و رێنماییەكان لە ژنێكەوە بۆ ژنێكی تر دەگۆڕێت، بۆ نمونە ژنێك كە یەكەم منداڵی بێت ئەندامانی هۆبەی رێكخستنی خێزان بەهیچ شێوەیەك رێگەی ر پێنادەن بۆ 10 ساڵ هۆكارەكانی رێگریكردن لە منداڵبون بەكاربهێنێت، هەروەها لە لە نەخۆشخانە حكومییەكان رێگای رێگریكردن لە دووگیانبون بەپێی خواستی دایكەكە نییە، بەڵكو پەیوەستە بە تەندروستی دایكەكەوە، بەڵام لە نەخۆشخانەی ئەهلی هەندێك كات بەپێی خواستی دایكەكەیە".
روخۆش زیاتر وتی "بۆ نمونە هەندێکجار ژنێک دێتە هۆبەکەی ئێمە خۆی داوای جۆرێکی مەنع دەکات کە تەندروستی رێگەی پێنادات، بەڵام پزیشکەکە یاخود ئێمە رێنماییەکانی پێدەڵێین کە ئەو جۆرەی ئەو دەیەوێت بۆ ئەو نابێت".
لە هۆبەی رێكخستنی خێزان، ئەگەر کەسێک تەمەنی نزیکی 40 ساڵ بێت و منداڵێکی هەبێت، رێگەی پێنادەن رێگریی بکات لە منداڵبونی دیکە، روخۆش وتی "چونکە چەند ساڵێکی تر ئەگەر دووگیانیش ببێت، یان تەندروستی دایکەکە دەکەوێتە مەترسییەوە یاخود منداڵەکە نەبەکام دەردەچێت... ئەگەر ژنێكیش لە خێزانەکەیدا شیرپەنجەی منداڵدان یان مەمکی هەبێت رێگەی پێنادرێت حەب یاخود هۆرمۆنەکان بۆ رێگریکردن لە دووگیانبوون بەکاربهێنرێت لەکاتێکدا هەندێکجار کەسەکە خۆشی داوایدەکات لەبەرئەوەی ئاسانە، بەڵام پزیشکەکە کاریگەرییە خراپەکانی بۆ رووندەکاتەوە".
ئەوانە وەك روخۆش عەبدوڵا دەڵێت بەشێكن لەو رێنماییە تەندروستیی و هۆشدارییانەی بەو ژنانە دەدرێن كە سەردانیان دەكەن. بەڵام گرفتەكە ئەوەیە هەفتانە تەنیا یەك رۆژ كە چوارشەممانە دەتوانن ئەو ژنانە ببینن كە بۆ رێگریكردن لە دوگیانبون سەردانیان دەكەن.
"رۆژی وا هەیە 10 ژن زیاترن، مانگانە بەگشتی زۆرترین رەنگە بگاتە 50 ژن"، روخۆش وتی "ئێمە داوامانکردووە کە رۆژەکان لە هەفتەیەکدا زیاد بکرێت، هیج نەبێت بکرێتە دوو رۆژ، چونکە زۆربەی رێگرییەکانی دوگیانبون لە پێنجەم رۆژی سوڕی مانگانەدا دەکرێت کە رەنگە سوڕی مانگانەی زۆربەی ئەو ژنانەی سەردانمان دەکەن نەکەوێتە ئەو رۆژە".
لە هۆبەی رێكخستنی خێزان، رۆژەكانی تری هەفتە تیمەكانیان كاری تر دەكەن، لەوانە پشکنینی شێرپەنجەی ملی منداڵدان کە لە ئێستادا رێژەکە لە نێو خانماندا زۆرە.