یەكەم حەوزی ئاسن بۆ بەخێوكردنی ماسی لە خانەقین دانرا، دوای ئەوەی بە بڕیاری حكومەت كارەبا لەسەر دەیان حەوزی گڵ كوژێنرایەوە و تۆمەتباركران بە بەفیڕۆدانی ئاوی ژێرزەوی و كارەبای نیشتیمانی.
ئەو حەوزە، لەلایەن حسێن قەحتان، لە گوندی كەلهور لە خانەقین دانرا، ئەو لە ساڵی 2014ەوە سەرقاڵی بەخێوكردنی ماسییە، بەڵام لە ئەمساڵەوە شێوازی كارەكەی لە حەوزی گڵەوە گۆڕی بۆ ئاسن، ئەوەش بە پشتبەستن بە رێنماییەكانی وەزارەتی سەرچاوەكانی ئاو و لە پێناو پاراستنی ئاوی ژێرزەوی و بە فیڕۆنەدانی ئاو.
"بە بەردەوامی لیژنە دەهاتن و كارەبای حەوزەكانیان دەبڕی، بەهۆیەوە ماسییەكان دەمردن، منیش بڕیارمدا بیكەمە حەوزی ئاسن".
لە تایبەتمەندییەكانی حەوزی ئاسن یان پلاستیك ئەوەیە، ئاوی كەمتر بەفیڕۆدەچێت بەراورد بە حەوزی گڵ، حسێن قەحتان وتی "لە رێنماییەكانی وەزارەتی كشتوكاڵدا جەختكراوەتەوە لەوەی لە حەوزی ئاسن و پلاستیكدا ئاوەكە روناچێتە ژێر زەوی و دەمێنێتەوە، ئەوەش بە مانای ئەوەی ئاوی كەمی پێویستە".
حسێن قەحتان وتی "هەردوو حەوزە ئاسنەكەم پارەیەكی زۆری تێچوو، بمزانیایە ئەوەندە پارەی دەوێت منیش نەمدەكرد".
ئەو بۆ هەر حەوزێكی ماسی دوو مۆلیدەی كڕیوە بە تێچوی 30 ملیۆن دیناری عیراقی، بۆ دروستكردنی هەردوو حەوزە ئاسنەكەش 30 ملیۆن دیناری تری خەرجكردووە. ئەمە جگە لە گازی مۆلیدە، وتی "بۆ یەك هەفتە مۆلیدەكان 300 لیتر گازیان پێویستە".
بەگشتی پێنج هەزار ماسی لە جۆری كاربی كردۆتە ناو هەردوو حەوزەكەوە، ئەوەش زیاترە لەو بڕە ماسییانەی كە لە حەوزە گڵەكاندا بەخێودەكران.
حسێن وتی "لەبەر زۆری تێچوی حەوزی ماسی، هاوڕێیەكانم ئامادەنین حەوزی ئاسن یان پلاستیك دروست بكەن وەك جێگرەوەی حەوزی گڵ".
جەواد فەیزوڵا، قایمقامی خانەقین بە (كەركوك ناو)ی وت "هەڵمەتی بڕینی كارەبای سەر حەوزە ماسییەكانمان دەستپێكردووە، ئەمە بڕیاری وەزارەتی كارەبای حكومەتی عیراقە، هەروەها بە بڕیاری وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەكانیش تەواوی حەوزە گڵە نایاساییەكان لەناودەبرێن".
وتیشی "هەر كەسێك بیری ئاوی رەسمی هەیە بەمەرجێك بۆ ئاودانی كشتوكاڵ بێت نەك حەوزی ماسی، هیچ كێشەیەكی نییە و دەتوانێت كشتوكاڵ بكات، بەڵام بۆ بەخێوكردنی ماسی نابێت... ئەو حەوزە ماسییانەی كە بەنایاسایی دروستكراون كارەبایان لەسەر دەبڕین، چونكە ئاوی ژێر زەوی بەكاردەهێنن، سەرچاوەی ئاو وەكو نەوت وایە و نابێت بە نایاسایی بەكاربهێنرێت، چونكە بۆ رۆژگاری تەنگانە و وشكەساڵی بەكاریدەهێنین نەك بەخێوكردنی ماسی".
لە قەزای خانەقین بەپێی ئامارەكانی قایمقامیەت، 80 حەوزی ماسی هەن كە گڵن و بە شێوەی نایاسایی دروستكراون، هەر بۆیە بڕیاری روخاندنی هەمویان دەرچووە.
قایمقامی خانەقین وتی "بڕیاری وەزارەتی كشتوكاڵی عیراق ئەوەیە هەركەسێك بیەوێت ماسی بەخێو بكات پێویستە حەوزی ئاسن یان پلاستیك بەكاربهێنێت، ئەوەش لەپێناو كەمكردنەوەی بەفیڕۆدانی ئاوی ژێر زەوی".
لەڕوی گەشەكردنی ماسییەكانەوە، خاوەن كێڵگەكانی بەخێوكردنی ماسی لەوانەش حسێن دەڵێت "لە حەوزی ئاسن و پلاستیك ماسی زیاتر گەشە دەكات، بەتایبەت لە وەرزی زستاندا، بەڵام لە حەوزی گڵ و لە مانگەكانی تشرینی دووەم، كانونی یەكەم و دووەم بەهۆی سەرماوە هیچ گەشە ناكەن و خواردن ناخۆن".