"یادكردنەوەی ئەمساڵی رۆژی جیهانی ژنان لە عیراق پڕە لە دڵەڕاوكێ بۆ ژنان و كچان"

ئەم وێنەیە لە ماڵپەڕی unsplash وەرگیراوە لە 13ی حوزەیرانی 2021. فۆتۆ:Denis Oliveira

كەركوك ناو

ژمارەیەك رێكخراوی كۆمەڵی مەدەنی و بەرگریكاران لە مافەكانی ژنان و دامەزراوەی میدیایی لە راگەیەنراوێكدا جەختدەكەنەوە لەوەی ئەمساڵ، رۆژی جیهانی ژنان لە عیراق قورساییەکی جیاوازی هەیە، کە "پڕە لە دڵەڕاوکێ و نا دڵنیایی بۆ ژنان و کچان لە سەرانسەری وڵاتدا".

ئەو راگەیەنراوە هاوبەشەكانی پڕۆژەی هاوڵاتیبون كە رێكخراوی وادی ئەڵمانی و ژمارەیەك هاوبەشی ناوخۆیی لە عیراق جێبەجێی دەكەن و بە بۆنەی رۆژی 8ی مارس بڵاویانكردۆتەوە، جەختدەكەنەوە لەوەی "پەسەندکردنی هەموارکردنی یاسای باری کەسێتی عیراق نیگەرانییەکی زۆری لێکەوتەوە و پرسیاری جددی دەربارەی مافەکانی ژنان و هاوسەرگیری منداڵان و سەروەری یاسا دروستکردوە".

پەسەندکردنی هەموارکردنی یاسای باری کەسێتی عیراق نیگەرانییەکی زۆری لێکەوتەوە

لە بەشێكی تریدا هاتووە كە رێکخراوە نێودەوڵەتی و نەتەوەییەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی "ماندوونەناسانە" کار دەکەن بۆ هەڵسەنگاندنی کاریگەری ئەم هەموارکردنانە، "بە تایبەتی رۆڵیان لە لاوازکردنی پاراستنی یاسایی لە دژی پێشێلکارییەکانی وەک هاوسەرگیری منداڵان. داڕمانی پاسەوانی یاسایی نەک تەنها هەڕەشە لە مافەکانی تاک دەکات بەڵکو دەسەڵاتی دادوەریش وەک داکۆکیکار لە دادپەروەری لاواز دەکات"، زیاتر  هاتووە "ئەم گۆڕانکارییانە مەترسی دروستکردنی نادادپەروەری کۆمەڵایەتی قوڵ و درێژخایەن بۆ ژنان و کچان لە عیراقدا دروستدەکەن".

هاوڵاتیبون پڕۆژەیەكی نوێی پاڵپشتیكراوە لەلایەن  رێكخراوی وادی ئەڵمانی. كە ئامانج لێی دەستپێشخەریی نوێی و چارەسەرکردنی ئاستەنگە گرنگەکانی كۆمەڵگەن وەک تێکچونی ژینگە، توندوتیژی لەسەر بنەمای جێندەری، هەموو جۆرەکانی توندوتیژی لە قوتابخانەکان، نەبونی دەستڕاگەیشتن بە چاودێری تەندروستی و زانیاری سنوردار لەسەر مافە یاساییەکانی ژنان.

لە راگەیەنراوەكە زیاتر هاتووە "جگە لە نیگەرانی یاسایی، زیادبونی هاوسەرگیری منداڵان لەوانەیە ببێتەهۆی توندوتیژی زیاتر لەسەر بنەمای جێندەر، لەوانە کوشتنی بە بیانوی شەرەف و توندوتیژی خێزانی... لە هەمانکاتدا، بارودۆخی سیاسی و ئابوری جیهانی دابینکردنی پشتگیری پێویست بۆ کارکردنی کۆمەڵگەی مەدەنی قورستر کردووە و توانای رێکخراوەکانی بۆ وەڵامدانەوەی کاریگەر سنوردار کردووە. بۆیە بەبێ سەرچاوەی پێویست، شەڕی دژی توندوتیژی و نادادپەروەری لەسەر بنەمای جێندەر سەختتر دەبێت".

زیادبونی هاوسەرگیری منداڵان لەوانەیە ببێتەهۆی توندوتیژی زیاتر لەسەر بنەمای جێندەر

لە كۆتاییدا هاتووە "ئێستا لە هەموو کاتێک زیاتر خەڵکی عیراق و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی پێویستە پێکەوە بوەستن بۆ بەرگریکردن لە مافە بنچینەییەکان و پاراستنی ئەو کەسانەی زەرەرمەندبون و یان لە مەترسیدان. تێکۆشان بۆ دادپەروەری، یەکسانی و کەرامەتی مرۆڤ دەبێت بەردەوام بێت".

Hawlatibun

هاوبەشەكانی پڕۆژەی هاوڵاتیبون

 

 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT