سوپای عیراق و هێزەكانی بەرخودانی شنگال (یەبەشە)، لە شنگال لە كۆبونەوەدان بۆ گەیشتن بە رێككەوتن، ئەوەش دوای شەڕی نێوانیان كە بەهۆیەوە پێنج كەس برینداربون و لە لێكەوتەی ئەو شەڕەشدا پەروەردە دەوامی راگرت.
شەڕە تەقەكە كاتژمێر 9ی شەوی رابردوو 18ی ئادار رویدا و چەند خولەكێك بەردەوامبوو، بەهۆیەوە سێ سەرباز و دوو پۆلیس برینداربون، بەپێی وتەی سەرچاوەیەكی پۆلیسی شنگال بۆ (كەركوك ناو).
"هۆکاری رودانی ئەو شەڕە هێشتا رون نییە، كەسێك لەلایەن یەبەشەوە دەستگیركراوە و هێزە ئەمنییەكان دەستتێوەردانیان كردووە و بەهۆیەوە شەڕ رویداوە، بەڵام نازانین ئەو كەسە بۆ دەستگیركراوە".
سەرچاوەكە وتیشی "دواتر لە كاتژمێر 11ی شەو تاوەكو 11ی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە 19ی قەدەغەی هاتوچۆمان راگەیاند، ئەوەش لەپێناو گەورەنەبونی كێشەكە... دۆخەكە ئێستا هێوربۆتەوە و لەژێر كۆنترۆڵی دەزگا ئەمنییەكاندایە".
یەكینەكانی بەرخودانی شنگال (یەبەشە)، هێزێكە لە سەروبەندی كۆنترۆڵكردنەوەی شنگال لەژێر دەستی چەكدارانی داعش و لە ساڵی 2015 لە خەڵكی ناوچەكە پێكهێنراوە و لەژێر ركێفی ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری شنگالدا كاردەكەن، ئەو ئەنجومەنەش بە نزیك لە پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) ناودەبرێت.
غەزال رەشو، لێپرسراوێكی یەكینەكانی بەرخودانی شنگال، بە (كەركوك ناو)ی وت "بۆ ئێمەش رون نییە شەڕەكە چۆن رویداوە، بەڵام لە ئێستادا – كاتژمێر یەكی پاشنیوەڕۆی چوارشەممە – سوپای عیراق و یەكینەكانی بەرخودانی شنگال، لە كۆبونەوەدان بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشەیە".
ئەو شەڕە لە ناوەندی شنگال لەكاتێكدایە، بەپێی رێككهوتنی ههردوو حكومهتی فیدراڵی عیراق و ههرێمی كوردستان، كە بە رێككەوتننامەی شنگال ناسراوە و له تشرینی یەكەمی 2020دا واژۆكراوە، دۆسییەی ئەمنی قەزاكە رێكدەخرێتەوە و رادەستی پۆلیسی ناوخۆیی دەكرێت، لەگەڵئەوەشدا سوپا و هێزەكانی نزیك لە پەكەكە چالاكی و ئامادەییان لەناو شنگالدا نابێت.
غەزال رەشو، وتی "بارەگاکانی هێزەکانی یەبەشە ماون، بەڵام لە سەنتەری شاردا نین، بەڵکو لە دەرەوەی شار و لە گوندەکانن، هێزەکانمان بۆ کۆنترۆڵكردنی شنگال و لە خزمەتی خەڵکدان جگە لەمە هیچ مەبەستێکی ترمان نییە".
بەهۆی ئەو ناكۆكییەوە پەروەردەی شنگال، دەوامی رۆژی چوارشەممەی راگرت، كە بەپێی وتەی حەسەن ساڵح، بەرێوەبەری پەروەردەی عەرەبی لە شنگال "بەهۆی بڕیاری قەدەغەی هاتوچۆ و لە پێناو سەلامەتی گیانی خوێندكارەكاندا بووە".