دۆسییەی مستەفا مەردان بەرەو لێكۆڵینەوەی دووەم
پارێزگاری كەركوك پەڕاوی نوێ بۆ ئەفسەرەكەی كەركوك دەكاتەوە

مستەفا مەردان

كەركوك ناو

پارێزگاری كەركوك داوای دوبارە لێكۆڵینەوە دەكات لە كەیسی گیانلەدەستدانی ئەفسەرێكی شارەكە كە بە شێلانی ئۆتۆمبێلی پۆلیسی فریاكەوتن گیانیلدەستدا، دایكی ئەفسەرەكە دەڵێت رێڕەوی دۆسییەكە لە بەرژەوەندی دەورییەكەی پۆلیسی فریاكەوتن گۆڕانكاریی تیاكراوە و لەسەدا 70یان خستۆتە ئەستۆی كوڕەكەی، "ئەوەش پێچەوانەی ئەوەیە كە لە كامێرای چاودێری دەرچووە".

مستەفا مەردان، ئەفسەری تازە دەرچوو بە پلەی ملازم، لە شەوی 9ی تشرینی یەكەمی 2024، لەكاتی گەڕانەوەیدا بۆ ماڵ، ئۆتۆمبێلی دەوریەیەكی پۆلیسی فریاكەوتن لەسەر شەقامی زانكۆی كەركوك لێی دەدات و دەستبەجێ گیانلەدەستدەدات.

بەپێی راپۆرتی پۆلیسی هاتوچۆی كەركوك تەنیا لەسەدا 30 روداوەكە خەتای پۆلیسی فریاكەوتنی تیابووە، لەسەدا 70ی خراوەتە ئەستۆی ئەفسەرەكە، وەك غادە عەلی عەبدولجەبار، دایكی ئەفسەرەكە بۆ (كەركوك ناو)ی گێڕایەوە.

غادە وتی ئەوان نیگەرانن لەو راپۆرتە و پێیانوایە دەستكاریی رێڕەوی دۆسییەكە كراوە لە دژیان.

شۆفێری ئۆتۆمبێلی فریاكەوتنەكە و تەواوی پۆلیسەكانی ئەو دەورییەی كە ئەفسەرەكەیان شێلاوە، دوای مانگێك لە روداوەكە بە كەفالەت ئازادكراون، ئەوەش لەسەر بنەمای راپۆرتەكەی پۆلیسی هاتوچۆ.

غادە عەلی وتی "پێنج مانگە دەستی دەستی بە دۆسییەكەوە دەكرێت و دانیشتنی دادگاش دوادەخەن، باوكی ئارامی لێبڕاوە و بەردەوام لە نێوان دادگا و پۆلیس لە هاتوچۆدایە و سودی نییە".

هەر بۆیە هەفتەی رابردوو  لە 18ی ئادار، غادە عەلی و خانەوادەی مستەفا مەردان، پەنایان بۆ رێبوار تەها، پارێزگاری كەركوك برد. "داوامكرد دوبارە لیژنەیەك بۆ لێكۆڵینەوە پێكبهێنێتەوە، ئەویش داواكەی قبوڵكرد"، غادە وایوت.

پارێزگاری كەركوك لە رونكردنەوەیەكیدا لەسەر ئەو پرسە، لە هەمان رۆژی سەردانەكەی غادە عەلی بۆ دیوانی پارێزگا، جەختیكردەوە لەوەی بەشی یاسایی راسپاردووە بۆ بەدواداچونی كەیسەكە و پۆلیسی کەرکوکیشی ئاراستەكرد کە دوبارە لە کەیسەکە بکۆڵنەوە و چاو بە بەڵگەکاندا بخشێننەوە، هاوكات هاتووە "پەلەش بکرێت لە ناردنی پەڕاوی کەیسەکە بۆ دادگا".

Ghada Ali
كەركوك/ 18ی ئاداری 2025/ سەردانی غادە عەلی دایكی مستەفا مەردان بۆ لای پارێزگاری كەركوك. فۆتۆ: راگەیاندنی پارێزگاری كەركوك

لەگەڵ یەكلایینەكردنەوەی كەیسەكە لە نێوان پۆلیس و دادگا، خانەوادەی شۆفێرەكەی پۆلیسی فریاكەوتن، داوایان لە كەسوكاری مستەفا مەردان كردووە كەیسەكە بە شێوەی عەشایەری و لە دەرەوەی دادگا چارەسەر بكەن، بۆ ئەوەش پێشنیاری 12 ملیۆن دیناریان بۆ كردون.

غادە عەلی وتی "بەهیچ شێوەیەك رازی نەبوین، دەبێت دادگا بڕیاری خۆی بدات، نینۆكێكی كوڕەكەم نەك بە پارە بە هەموو دونیا ناگۆڕمەوە"، لەگەڵ جەختكردنەوە لەوەی مامەڵە و شێوازی قسەكردنیان "باش نەبووە".

عەقید عامر نەریمان، وتەبێژی پۆلیسی هاتوچۆی كەركوك، لەبارەی روداوەكەوە بۆ (كەركوك ناو) جەختیكردەوە كە ئەوان هەر ئەوكات وەكو هاتوچۆ هێلكاریی خۆیان بۆ روداوەكە كردووە و كەیسەكەیان رادەستی پۆلیسی كەركوك و دادگا كردووە. "هیچ شتێكی كەیسەكە لای ئێمە نەماوە"، بەبێ ئەوەی رونكردنەوە لەسەر هێلكارییەكەیان بدات.

سەرچاوەیەك لە دیوانی پارێزگای كەركوك كە ئاگاداری دۆسییەكەیە و لەبەرئەوەی رێپێدانی نییە قسە بۆ راگەیاندن بكات، بۆیە نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە، بە (كەركوك ناو)ی وت "پارێزگار وەك رێزێك بۆ هەستی دایكی شەهید مستەفا و لەبەرئەوەی لە لێكۆڵینەوەكاندا خەتاكە خراوەتە ئەستۆی مستەفا مەردان بە رێژەیەكی زۆر، بۆیە دوبارە داوای سەرلەنوێ پەڕاوی لێكۆڵینەوەی كردووە".

دوای ئەو سەردانەیان بۆ لای رێبوار تەها، خانەوادەی مستەفا مەردان لە 19ی ئادار، نیگەرانییەكانیان لەسەر رێڕەوی لێكۆڵینەوەكان گەیاندە پەرلەمانتار غەریب عەسكەر، نوێنەرێكی بەرەی توركمانی لە پەرلەمانی عیراق.

نوسینگەی غەریب عەسكەر لە رونكردنەوەیەكدا جەختدەكاتەوە لەوەی كە بەپێی كامێرای چاودێریی و راپۆرتە سەرەتاییەكانیش دەركەوتووە "ئەو دەوریەی پۆلیسی فریاكەوتن خێراییەكەی زۆر بووە، بەڵام دواتر رێڕەوی دۆسییەكە گۆڕانكاریی بەسەردا هاتووە و لێپرسراوانی هاتوچۆ بە پێچەوانەوە راگەیەنراویان هەبووە".

غەریب عەسكەر لەگەڵ راگەیەنراوەكەدا وێنەیەكی بڵاوكردۆتەوە كە ئایپادێكی پێیە و سەیری روداوەكە دەكات.

زیاتر دەڵێت "لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكانی كەركوك و بەغدا لە گفتوگۆی فراواندایە بۆ دڵنیابون لەوەی ئەو بنەماڵەیە مافی تەواوی خۆیان وەربگرن".

Ghareeb Askar
كەركوك/ 19ی ئاداری 2025/ سەردانی خانەوادەی مستەفا مەردان بۆ لای پەرلەمانتار غەریب عەسكەر. فۆتۆ: راگەییاندنی نوسینگەی غەریب عەسكەر

مستەفا مەردان لەگەڵئەوەی تازە دەرچوی كۆلێژی پۆلیس بوو، هاوكات تازە ژنی مارە كردبوو، دایكی لەڕێی (كەركوك ناو)ەوە جارێكی تر جەختیكردەوە كە دەبێت مافی كوڕەكەی لەڕێی یاساوە وەربگرنەوە.

عسام محەمەد غەریب، بەڕێوەبەری پۆلیسی فریاكەوتنی كەركوك، بە (كەركوك ناو)ی وت كە راستە ئۆتۆمبێلی دەورەیەكی ئەوان لە مستەفا مەردانی داوە و بۆ ئەوەش سەرەتا شۆفێرەكە و پۆلیسەكانی ئەو دەوریەیە دەستبەسەركران.

"ئاشكرایە كە لێكۆڵینەوە لە روداوێكی هاتوچۆ، پشت بە لێكۆڵینەوەی پۆلیسی هاتوچۆ دەبەستێت، لەم روداوەشدا لێكۆڵینەوەی هاتوچۆ دەڵێن مستەفا مەردان لە شوێنێك پەڕیوەتەوە كە پردی هەڵواسراوی لێبووە بۆ پەڕینەوە، بەڵام ئەو بەكارینەهێناوە"، لە بەشێكی تری راپۆرتی هاتوچۆدا وەك عسام محەمەد وتی "مستەفا بەخێرایی پەڕیوەتەوە و رایكردووە بۆ پێشەوەی ئۆتۆمبێلەكە".

مستەفا مەردان لە شوێنێك پەڕیوەتەوە كە پردی هەڵواسراوی لێبووە بۆ پەڕینەوە، بەڵام ئەو بەكارینەهێناوە

بەڵام غادە عەلی، دایكی مستەفا مەردان وتی "ئێمە سەیری كامێرای چاودێری شەقامەكەمان كردەوە، ئەوەی ئێمە بینیمان پێچەوانەی لێكۆڵینەوەكەی پۆلیس بوو، دەركەوت كوڕەكەم هێشتا لە سیاجەكە نەپەڕیوەتەوە سەیارەكە لێی داوە، تەنانەت 15 مەتر فڕێیداوە و هەر لەوێ گیانیلەدەستداوە".

بەڕێوەبەری پۆلیسی فریاكەوتنی كەركوك وتی "كاتێك پۆلیسی هاتوچۆ لەسەدا 70ی روداوەكەیان خستەئەستۆی مستەفا مەردان و دادوەریش دەستبەسەركراوەكانی بە كەفالەت ئازاد كرد، ئینجا خانەوادەی مستەفا مەردان داواكارییەكیان پێشكەش كرد و وتیان ئەو لێكۆڵینەوەیە تەواو نییە و كوڕەكەم زوڵمی لێكراوە و مافمان نەدراوە".

هەرچەندە بەڕێوەبەری پۆلیسی فریاكەوتنی كەركوك دەڵێت لە هەموو ئەو لیژنانەی پێكهێنراوە دۆسییەكە هەمان ئەنجامی هەبووە، تەنانەت لە لیژنەی چوارەم و پێنجەمیشا كە بۆ ئەو مەبەستە لێكۆڵینەوەیان كردووە، بەڵام غادە عەلی دەڵێت "هەرسێ لایەن (هاتوچۆ، پۆلیس و فریاكەوتن) رێگریی لە یەكلاییبونەوەی كەیسی كوڕەكەی ئێمە دەكەن و لیژنەكان هەر خۆیانن و هەمان بڕیاردەدەن، بۆیە ئێمە بڕوامان بە لێكۆڵینەوەكانیان نییە و دادپەروەر نین".

لەگەڵئەوەشدا بەڕێوەبەری پۆلیسی فریاكەوتنی كەركوك وتی "ئەوان هەقی خۆیانە داوای دوبارە لێكۆڵینەوە بكەن لە روداوەكە، كوڕی ئەوان كوڕی ئێمەشە، هەوڵەكانیش بەشێوەی عەشایەری سەركەوتوو نەبون، چونكە خانەوادەی مستەفا مەردان داوای 25 ملیۆن دینار دەكەن، بەڵام پۆلیسەكانی فریاكەوتن تائێستا تەنیا توانای 17 ملیۆن دیناریان هەیە".

وتیشی "كەیسەكە هێشتا لە دادگایە، لەڕاستیدا بۆتە دوو كەیس، كەیسی مەدەنی و سەربازیی... ئەوەی هەیە تەنانەت ئەگەر بە عەشایەریش رێكبكەون و خانەوادەی مستەفا مەردان داواكەشیان بكشێننەوە، هێشتا بەهۆی مافی گشتییەوە پۆلیسەكانی ئێمە سزای خۆیان وەردەگرن".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT