لێپرسراوانی نەخۆشخانەی لەدایکبوون لە دهۆک، مەرج و رێنماییەكانی خزمەتگوزاریی نەشتەرگەری بۆ ژنانی دووگیان بە شێوەی خۆڕایی روندەكەنەوە، لەگەڵ جەختكردنەوە لەوەی رێگای سروشتی بۆ لەدایكبون سەلامەتتر و باشترە، هەم بۆ دایكان هەم بۆ كۆرپەكەی.
دکتۆرە جەنان نوری، پڕۆفیسۆری یاریدەدەر لە بواری ژنان و منداڵبون لە نەخۆشخانەی لەدایکبون لە دهۆک، لەم چاوپێكەوتنەی (كەركوك ناو)دا، نیگەرانی خۆی نیشاندەدات لەوەی ساڵ دوای ساڵ رێژەی لە دایكبونی سروشتی كەمدەبێتەوە، ئەوە بە مەترسی دەزانێت، بۆ ئەوەش هانی دایكان دەدات كاتێك سەردانیان دەكەن نكۆڵی نەكەن لەوەی كە دەبێت بە نەشتەرگەریی منداڵیان ببێت، هەرچەندە ئەو نەشتەرگەرییە بە خۆڕایی بەردەستە.
بەپێی لێكۆڵینەوەیەكی مەیدانی، كە دكتۆرە جەنان نوری ئەنجامیداوە، دەركەوتووە رێژەی پەنابردن بۆ نەشتەرگەریی منداڵبون لە 10 ساڵ لەمەوبەر تەنیا لەسەدا حەوت بۆ لەسەدا 10ی كۆی لە دایكبووان بوو، بەڵام ئێستا بۆ لەسەدا 35 بۆ لەسەدا 40 بەرزبۆتەوە.
لە نەخۆشخانە حكومییەكانی هەرێمی كوردستان لەوانەش نەخۆشخانەی لەدایکبوون لە دهۆك، تێچوی نەشتەرگەریی لە دایكبون تەنیا 30 هەزار دینارە. هەر لە نەخۆشخانە هەندێك خزمەتگوزاریی تر بۆ دایكان بەدەستن، لەوانەش تەواوی ئەو پشكنینانەی پێش هەر نەشتەرگەرییەك پێویستن، لەگەڵ دابینكردنی بوتڵێك خوێن بۆ كاتی پێویست.
دوای نەشتەرگەریش، پزیشكان و كارمەندانی تەندروستی كۆمەڵێك ئامۆژگاریی دایكان دەكەن لە شێوازی مامەڵەكردن لەگەڵ نەشتەگەرییەكە، چۆنیەتی شیرپێدانی كۆرپەكە و پرسی پێویستی و تەندروستی ماوەی دووگیان بون، هەروەها زانیاریی پێدان لەسەر رێگریی دووگیانی و ماوەی وەچەخستنەوە لەڕوی تەندروستییەوە، ئەوەش دوای ئەوەی تەندروستی باشتردەبێت.
دكتۆرە جەنان، لەبارەی هۆكارەكانی زیادبونی نەشتەرگەریی بۆ ژنانی دووگیان، جەختیكردەوە "هەر ژنێکی دووگیان کە سەردانمان دەکات، ئێمە رێنمایی دەكەین و داوای لێ دەکەین رێگای سروشتی هەڵبژێرێت بۆ لە دایكبونی كۆرپەكەی، نەک نەشتەرگەری، بەڵام ژنانی ئێستا زۆرینەیان داوای نەشتەرگەری دەکەن، هۆکارەکان زۆرن لەوانە ترس، بڵابونەوەی هەندێك شتی نادروست لە سۆشیاڵ میدیا و قسەکانی ناو ژنان كە گوایا نەشتەرگەریی سەلامەتترە و رێگای سروشتی ئازار و لێكەوتەی زۆرە، بەڵام ئەوە راست نییە".
"بەگشتی بەشێك لە ژنان دەڵێن ناچارنیم ئازاری خۆم بدەم، بۆیە نەشتەرگەرییەکە بەباشتر دەزانن لە رێگای سروشتی".

ئەم وێنەیە لە 23ی ئاداری 2025 لە ماڵپەڕی Unsplash وەرگیراوە. فۆتۆ: solen-feyissa
مەرج و رێنماییەكانی لەدایكبون بە رێگای نەشتەرگەریی لە نەخۆشخانە حكومییەكان لەلایەن لیژنەیەكەوە دیاری دەكرێت، نەوەك خواستی دایكان، بەڵام لە نەخۆشخانە ئەهلییەكان بەو شێوەیە نییە، چونكە هەڵبژاردنی رێگای نەشتەرگەریی لەسەر خواستی دایكانە نەوەك پزیشك.
دكتۆرە جەنان، وتی "هەر ژنێکی دووگیان داوای نەشتەرگەریی بکات ئێمە بۆی ناکەین، بەڵكو چاوەڕێی ئەنجامی لیژنە دەكەین، ئەو لیژنەیە هەفتانە كۆدەبێتەوە و بڕیاردەدات لەسەر ئەو حاڵەتانەی كە پێویستیان بە نەشتەرگەریی هەیە".
لەبارەی مەرجەكانی رێگەدان بە نەشتەرگەریی، وتی "ئەگەر منداڵەکە لەسکی دایکی دانیشتبێت، یان پێشتر ئەو دایكە دوو بۆ سێ نەشتەرگەریی تری کردبێت و راپۆرتی پزیشکی هەبێت کە دایکەکە ناتوانێت لەرێگای سروشتییەوە منداڵی ببێت، لەو حاڵەتەدا ئەگەر لەرێگای سروشتی بێت ئەوا مەترسی دەکەوێتە سەر دایکەکە".
زیاتر وتی "هەروەها ئەگەر کێشی منداڵەکە لە سکی دایکی زیاد بێت، یان ئەگەر دۆخی تەندروستی کۆرپەلە باش نەبێت".
بەدەر لەو مەرجانە، لە نەخۆشخانە حكومییەكان رێگەنادرێت ژنانی دووگیان بە نەشتەرگەریی منداڵیان ببێت.
رۆژانە لە نەخۆشخانەی لە دایكبووانی دهۆك 15 بۆ 25 نەشتەگەریی منداڵبون هەیە، هێشتا دكتۆرە حەنان پێیوایە ئەو ئامارە بەرزە.
دکتۆرە جەنان نوری، هەندێك هەڵەی باو لە نێو خانماندا راست دەكاتەوە و رێنماییان دەكات ئەگەر تەندروستی خۆیان و كۆرپەكانیان رێگەیان پێدەدات، رێگای سروشتی هەڵبژێرن.
"لەدایكبون بە نەشتەرگەریی زیانی هەیە، لەوانە هەندێکجار ژنان توشی خوێنبەربون دەكات، یان بەكارهێنانی بەنج هەندێك كات لێكەوتە و كاریگەریی خراپی هەیە بۆ سەر دایكیان... دەبێت ژنان ئەوەش بزانن کە سکی شەق دەکرێت و تا ماوەیەک چاک نابێتەوە و دوای بەنج ئازاری هەیە".
بەپێی ئامارەكانی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی دهۆك، لە نێوان هەر 10 رۆژێكدا بەگشتی 400 منداڵ لە پارێزگای دهۆك لەدایكدەبن، بۆ نمونە لە نێوان حەوت بۆ 13ی مانگی ئادار 476 منداڵ لە دایكبون، هەموو ئەوانەش دەتوانن لە نەخۆشخانەی لە دایكبون خزمەتگوزاریی تەندروستی بەشێوەی خۆڕایی وەربگرن.