خواردنەوەی ئاوی كوڵاوی مێخەك و كەرەوەز سوڕی مانگانە رێكناخاتەوە

لەیلا ئەحمەد

"من ناچمە سوڕی مانگانە چی بكەم"، پەیجێك لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك، بەناوی سەنتەری سروشتی رانییە، ڤیدیۆیەكی لە 16ی شوباتی 2025 بڵاوكردۆتەوە بۆ ئەوانەی ناچنە سوڕی مانگانەوە.

ڤیدیۆكە 9.600 كەس بینیویەتی و 120 كەس شەیری كردووە، تیایدا  ئامۆژگاریی ژنان دەكات مێخەك و كەرەوز تێكەڵ بكەن و ئاوی كوڵاوی بەسەردا بكەن، دوای پاڵاوتنی ئاوەكەی بخۆنەوە، ئەوەش وەك چارەسەر بۆ ئەوانەی ناچنە سوڕی مانگانەوە.

راستی هەواڵەكە:

دكتۆر بەناز جەلیل، پسپۆڕی نەخۆشییەكانی ژنان و منداڵبون و نەزۆكی، بە (كەركوك ناو)ی وت "ئەو گیراوەیەی باسكراوە هیچ سودێكی نییە بۆ رێكخستنەوەی سوڕی مانگانە، هیچ بەڵگەیەكی زانستی پزیشكی نییە راستی زانیارییەكانی ناو ڤیدیۆكە بیسەلمێنێت، تێكەڵكردنی كەرەوز و مێخەك بە ئاوی كوڵاو بۆ رێكخستنی سوڕی مانگانە، تەنیا قسەی سەر زاری خەڵك و سۆشیال میدیان و راست نین".

دكتۆر بەناز وتی "داوا لە كچان و ژنان دەكەم ئەگەر نەچونەتە سوڕی مانگانەوە لە وادەی خۆیاندا، یان سوڕی مانگانەیان وەستاوە، یان هەر گرفتێكی تریان هەیە، چارەسەری پزیشكی وەربگرن، ئەوەش بە سەردان و رێنمایی پزیشك و لەخۆیانەوە هیچ شتێك نەخۆن و بەكارنەهێنن كە لە سۆشیال میدیا و بازاڕ و هەر شوێنێكی تردا بەرچاویان دەكەوێت، چونكە هیچ بەڵگەیەكی زانستی نییە".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT