بەرەی توركمانی عیراقی دژایەتی خۆی بۆ لێدوانی بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان دەربڕی، كاتێك وتی "كەركوك دڵی كوردستانە"، توركمان پێیوایە ئەو لێدوانە ئیستفزازیانەیە و ئیدانەیان كرد.
بافڵ تاڵەبانی، شەوی سێشەممە 25ی ئادار سەردانی شاری كەركوكی كرد و لە نێو ئاپۆڕای لایەنگرانیدا لە گەڕەكی شۆڕیجەی كوردنشین، وتی "كەركوك دڵی كوردستانە، دڵی یەكێتییە و شارێكی زۆر تایبەتە".
لەگەڵ جەختكردنەوە لەوەی كە ئەوان پارێزگارێكیان بۆ خەڵكی كەركوك داناوە، بۆ ئەوەی خزمەتی هەموو لایەك و پێكهاتەیەك بكات، وتی "وا باسی كەركوك دەكەن كە موشكیلەیە، كەركوك بەس موشكیلە نییە و دڵی هەموو عیراقە، وادەكەین كاتێك باسی كەركوك بكرێت، وەك نمونەی بەیەكەوەژیان بێت، دەیكەینە پاكترین و جوانترین و ئارامترین شاری عیراق".
ئەمڕۆ چوارشەممە 26ی ئادار، بەرەی توركمانی، وەك وەڵامێك بۆ لێدوانەكانی بافڵ تاڵەبانی، بەناوی لیستی بەرەی تورکمانی-یەوە لە راگەیەنراوێكدا ئیدانەی ئەو لێدوانانەیان كرد و بە "ئیستفزازیانە" ناویان برد و هاتووە "راستییە مێژویی و جوگرافییەكان لە هەموو ئەو تۆمەتانە بەهێزترن".
بەرەی توركمانی پێیوایە سەرۆكی یەكێتی ئامانجی لەو لێدوانەی بە دەستهێنانی حزبی و زیانگەیاندن بووە بە پێكەوەژیانی برایانەی پێكهاتەكانی شارەكە.
توركمان پێیوایە ئەوان لە حكومەتی خۆجێی كەركوك پەراوێزخراون، لەوكاتەی حكومەتەكە بە رێككەوتنی یەكێتی و دوو لایەنی عەرەبی لە هۆتێل رەشیدی بەغدا لە ئابی 2024دا پێكهات و بەهۆیەوە یەكێتی پۆستی پارێزگاری كەركوكی وەرگرت.
"سیاسەتی حکومەتی هۆتێل رەشید لە یەکەم رۆژی دەستبەكاربونییەوە بۆ پەراوێزخستن و دەركردنی پێكهاتەی توركمان و تەنانەت گەڕاندنەوەی بارودۆخی پارێزگاكە بۆ سەردەمی (2003 - 2017)و پێش پرۆسەی سەپاندنی یاسا كاردەكات... لێدوانەكانی سەرۆكی یەكێتی بەشێكە لەو سیاسەتە"، بەپێی راگەیەنراوەكەی بەرەی توركمانی.
لە ساڵی 2003 تا 2017، بەرلەوەی حكومەتی حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی پێشوی عیراق پڕۆسەی "سەپاندنی یاسا" لە كەركوك جێبەجێ بكات لە 16ی تشرینی یەكەمی 2017، یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان دەسەڵاتی تەواوی لە پارێزگاكەدا هەبوو و زۆرینەی حكومەتەكەی لەژێر چنگدا بوو.
ئەو دەسەڵاتانەی یەكێتی بەرلەوە بوو ناچار بە پاشەكشێ بكرێت لەو پارێزگایە، لەوانەش چۆڵكردنی كورسی پارێزگاری كەركوك بۆ پێكهاتەی عەرەب و كشانەوەی هێزی پێشمەرگە و ئاسایش لە تەواوی پارێزگای كەركوك.
بافڵ تاڵەبانی لە لێدوانەكانی شەوی رابردویدا، زیاتر لە جارێك جەختیكردەوە لەوەی كە ئەوان لەڕێی پارێزگاری كەركوكەوە خزمەتی هەموو پێكهاتەكان دەكەن و لە بڕگەیەكشیدا دەڵێت "كەركوك دڵی عیراقە".
بەرەی توركمانی لە درێژەی راگەیەنراوەكەیدا، داوا لە سەرۆک وەزیرانی عیراق دەکات کە چارەسەری ئەو "بارودۆخە نائاساییە" بکات کە لەدوای پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیی روبەڕوی كەركوك بۆتەوە، لەوانەش داوای ناردنی لیژنەی چاودێری دەكات بۆ ئەو پێشێلکارییە کارگێڕییانەی كە لەلایەن "حکومەتی ناوخۆییەوە، خزمەت بە ئەجێندایەکی تەسک و حزبی دەکات".
لە كۆتاییدا جەختدەكاتەوە لەوەی "پرسی کەرکوک پرسێكی هەستیارە و ئەم لێدوانە ئیستفزازییانە چارەسەری ناکەن. مێژووی کەرکوک و بوونی تورکمان لەوێ رەگێکی قوڵی داکوتاوە و لە هیچ بارودۆخێکدا ناتوانرێت پشتگوێبخرێت".