تۆڕی میدیایی رووداو لە پەیجەكەیدا، بەم ناونیشانە "شەرواڵ دژی نەزۆكییە"، ڤیدیۆیەكی لە ئاداری ئەمساڵ بڵاوكردۆتەوە، تیایدا بەپشتبەستن بە وتەی پزیشكێك دەڵێت شەرواڵ توانای وەچەخستنەوە زیاد دەكات و دژی نەزۆكییە، تیایدا 588 هەزار كەس بینیویەتی و 134 كەس شەیری كردووە.
راستی هەواڵەكە:
دکتۆر هیوا عەبدولڕەحمان چۆمانی، پسپۆڕی نەشتەرگەری گورچیلە و میزەڕۆ و پڕۆستات و نەزۆکی پیاوان و لاوازی سێکسی، بە (كەركوك ناو)ی وت "ئەوە راست نییە کە گوایا شەرواڵ دژی نەزۆکییە و توانای وەچەخستنەوە زیاد دەكات... نەزۆكی پرسێکی زانستییە، هیچ پەیوەندی بە جلوبەرگی کوردییەوە نییە، ئەوانەی پێداگرن لەسەر ئەوە، دەبێت بە لێکۆڵینەوەی زۆر وردی زانستی بسەلمێنن، سەلماندنی ئەوە پێویستی بەكات و دەرئەنجامی زانستی هەیە و ئەركی ناوەندە زانستییەكانە".
وتیشی "ئەوەی هەیە تەنیا ئەوەیە كە جلوبەرگە تەسکەکان ئەگەری هەیە جۆرێک لە گوشار بخەنەسەر هێلکەی گونەکان و زیاتر گەرمی بکەن، بەمەش پلەی گەرمی تورەكە هەوای گونەکان بەرزتر دەبنەوە و رەنگە ببێتەهۆی دابەزینی کواڵیتی سپێرمەکان، بەڵام ئەمە بە رەنگە ناكرێت، شتێكی رێژەییە و هەندێک پەیج بۆ کۆکردنەوەی لایک و کۆمێنت ختوکەی هەستی خوێنەر دەدەن".