دەیان پەیج كە رۆژانە پۆست لەسەر چارەسەری لاوازی سێكسی بە رێگای سروشتی دەكەن، یەكێكیان، گیراوەیەكی سروشتی پێشنیار دەكات و دەنوسێت "بۆ بەهێزكردنی سێكس، ئەم شەربەتە بەردەستە". پۆستەكە لە 18ی ئادار بڵاوكراوەتەوە و 722 لایكی كردووە و 26 كەس شەیری كردووە.
یەكێكی تر لە شاری هەولێر گیراوەیەك پێشنیاردەكات بۆ ئەوانەی كێشەی زوو ئاوهاتنەوەیان هەیە تاوەكو لێی بكڕن.
راستی هەواڵەكان:
دکتۆر هیوا عەبدولڕەحمان چۆمانی، پسپۆری پڕۆستات و نەزۆکی پیاوان و لاوازی سێکسی، دەڵێت لەڕوی زانستییەوە تێکەڵکردنی ئەو خواردنانە لەوانە مۆز و شۆڤان و بادەم، بۆ دروستکردنی گیراوەیەک زۆر دروست نییە، "تێکەڵکردنی ئەو ماددانە، نابن بە چارەسەری لاوازی سێکسی یان نەزۆکی و زوو ئاوهاتنەوە... ئەگەر ئەمە چارەسەر بوایە ئەوا ئێستا ئێمە نەشتەرگەریمان بۆ ئەوانە نەدەکرد کە کێشەیان لە کۆئەندامی زاوزێدا هەیە، نەشتەرگەریش هەیە بە 10 هەزار دۆلار دەکرێت".
وتیشی "هەندێک کەس چ شتێک قسەی لەسەر کرابێت كە لەڕوی سێکسییەوە باش بێت، دێن زانیارییەکان کۆدەکەنەوە و لێکی دەدەن و خۆیان گیراوەیەك دروستدەكەن و دەڵێن ئەمە چارەسەرە، بەڵام ئەمە چارەسەر نییە!".
"رەنگە بۆ کەسانی ئاسایی ئەو خواردنانەی مادەی نایتەر ئۆکساید (NO)ـیان تێدایە باش بێت، بەڵام بۆ ئەوانەی کێشەیان هەبێت و پێیانوابێت بەمە چاک دەبنەوە، ئەوا هەڵەن، چونكە دەبێت سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکەن بۆ دەستنیشانکردنی کێشەکەیی و وەرگرتنی چارەسەر، نەک خواردنەوەی شەربەتی ئەڤۆگادۆ و مۆز".
زیاتر وتی "تەندروستی مرۆڤ هی ئەوە نییە بە قسەی ئەم و ئەو بیدەیتە دەست چارەنوسێکی نادیار، پێویستە ئاگاداری هەواڵە فەیكەكان بین و لێی دڵنیابین، ئینجا چێکی زانیارییەکەش بکەیتەوە کە راستە یان نا، چونکە بابەتە سێکسییەکان نەک هەر پسپۆڕین، بەڵکو لە پسپۆڕییە زۆر ورد و هەستیارەکانن".