كەسێك كە هێشتا ناسنامەكەی رون نییە، بە (داس) هێرشدەكاتە سەر ئاهەنگگێڕانی جەژنی ئەكیتۆ لە دهۆك و كچ و دایكێك برینداردەكات.
عەمار عەزیز پەیامنێری (كەركوك ناو) كە ئەمڕۆ سێشەممە 1ـی نیسان، روماڵی ئاهەنگەكەی دەكرد، وتی "هێرشبەرەكە بە داس هێرشیكردۆتەسەر ئاهەنگگێڕان و دایك و كچێك برینداربون و گەیەنراونەتە نەخۆشخانە".
جەختیكردەوە "هێشتا رون نییە ئەو هێرشە چۆن بووە، نازانرێت روداوەكە لەنێو خۆی ئاهەنگگێڕان رویداوە، یان خەڵكی تر لەدەرەوەی ئاهەنگەكە هێرشیانكردووە، ئەوە هێشتا لەژێر لێكۆڵینەوەی دەزگا ئەمنییەكاندایە".
سەنوەر دانیال، لێپرسراوی راگەیاندنی بزاڤی ئاشوریان له دهوک – یەكێك بوو لە رێكخرانی ئاهەنگەكە لە ناوەندی دهۆك-، بە (كەركوك ناو)ی وت "هێرشەكە لەلایەن یەك كەسەوە ئەنجامدرا، ئەوەش لەکاتی بەڕێوەچونی رێوڕەسمەکانی جەژنی ئەکیتۆ... ژنێک بە سەختی برینداربووە و ئێستا لەژێر چاودێری چڕدایە و توشی خوێنبەربون بووە، هاوكات کچێک و پۆلیسێکیش بە سوکی برینداربون".
لەبارەی ناسنامەی ئەو كەسەوە، وتی "ئەو كەسە لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیركراوە، پێشئەوەی بە (داس) هێرشەکە بکات، (ئەڵاهوئەكبەر)ی دەوتەوە، بەڵام جارێ نازانین كێیە و بۆ ئەو كارەی كردووە".
ئەمڕۆ جەژنی سەری ساڵی كلدان، سریان و ئاشورییە كە بە جەژنی (ئەكیتۆ) ناسراوە و ساڵانە لەم رۆژەدا کلدان، سریان و ئاشوری، ئاهەنگ دەگێڕن و جلوبەرگی تایبەت بە پێكهاتەكەیان لەبەردەكەن و خواردنی فۆلكلۆری لێدەنێن.