كەركوك؛ گردبونەوەی ناڕەزایی مامۆستایانی حكومەتی عیراق
"دەرماڵەكەمان بەڕێژەی لە سەدا سەد زیادبكرێت"

كەركوك/ 6ی نیسانی 2025/ گردبونەوەی مامۆستایانی سەر بە وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی عیراق. فۆتۆ: كەركوك ناو

كەركوك ناو

دەیان مامۆستای سەر بە وەزارەتی پەروەردەی عیراق لە كەركوك گردبونەوە، بۆ چەند داواكارییەك لە نێویاندا زیادكردنی دەرماڵەكانیان بەڕێژەی لەسەدا سەدا.

گردبونەوەكە ئەمڕۆ یەكشەممە 6ی نیسان هاوكاتە لەگەڵ بەرزبونەوەی دەنگی ناڕەزایی مامۆستایان لە سەرتاسەری عیراق و خستنەڕوی داواكارییەكانیان بۆ حكومەت، بە پێچەوانەوە هەڕەشەی بایكۆتكردنی هۆڵەكانی خوێندن دەكەن.

پەیامنێری (كەركوك ناو) لەبەردەم بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی كەركوك وتی "داواكاریی مامۆستایانی كەركوك هەمان داواكاریی مامۆستایانی پارێزگاكانی تری عیراقە"، جەختیكردەوە "مامۆستایان هەڕەشەی بایكۆتكردن و تەواونەكردنی پڕۆگرامەكانی خوێندن دەكەن بۆ وەرزی خوێندنی ئەمساڵ".

بەگشتی مامۆستایان چەند داواكارییەكیان لەڕێی سەندیكای مامۆستایانی عیراقەوە ئاراستەی حكومەت كردوە، لە نێویاندا زیادكردنی دەرماڵەكانیان لە 150 هەزار دیناری عیراقییەوە بۆ 300 هەزار دینار، یان چاوخشاندنەوە بە موچەی بنەڕەتییان، لەگەڵئەوەشدا پێدانی زەوی  یان یەكەی نیشتەجێبون لە شوێنی شایستە بۆ ژیانكردن.

مامۆستایان هەندێك داواكاریی تریان هەیە لەوانە دانانی سنورێكی یاسایی بۆ ئەو هەڕەشە و دەستدرێژییانەی لە تەواوی عیراق دەكرێتە سەر مامۆستایان.

گردبونەوەكەی ئەمڕۆی دەیان مامۆستای كەركوك لەبەردەم بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردە لە گەڕەكی تسعین و هەڕەشەی بایكۆتكردنی هۆڵەكانی خوێندن، لەكاتێكدابوو وەزارەتی پەروەردە شەوی رابردوو لە راگەیەنراوێكدا داوای لە مامۆستایانی تەواوی بەڕێوەبەرایەتییەكان كرد، پابەندی دەوامی ئاسایی بن لە رۆی یەكشەممە 6ی نیسان.

وەزارەتی پەروەردە جەختیكردەوە لە پێویستی تەواوكردنی پڕۆگرامەكانی خوێندن و وانەكانی رۆژانە وەك ئەوەی لە خشتەی ئیدارەی خوێندنگەكاندا بۆیان دیاریكراوە.

ژمارەی مامۆستا و فەرمانبەرانی وەزارەتی پەروەردەی عیراق نزیكە لە یەك ملیۆن كەس و لە چوارچێوەی سەندیكای مامۆستایانی عیراقدا داواكارییەكانیان گەیاندۆتە ئەنجومەنی وەزیران.

ئەوان چاوەڕێن لە زوترین كاتدا وەڵام بدرێنەوە، بە پێچەوانەوە هەڕەشەی بایكۆتكردن دەكەن لە تەواوی پارێزگاكان، ئەوەش لەكاتێكدایە وەرزی خوێندن كەمتر لە دوو مانگی ماوە و تاقیكردنەوەكانی كۆتایی ساڵ نزیكبونەتەوە.

شەممە 5ی نیسان، بۆ ئەو مەبەستە ئیبراهیم جبوری، وەزیری پەروەردەی عیراق بە ئامادەبونی حامد نەعیم، ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی وەزیران لەگەڵ سەندیكای مامۆستایانی عیراق كۆبونەوە و تاوتوێی داواكارییەكانی مامۆستایانیان كرد.

وەزیری پەروەردە لە راگەیەنراوێكدا جەختیكردەوە لەوەی "كۆبونەوەكە بۆ جێبەجێكردنی رێنماییەكانی سەرۆك وەزیران و  رەنگدانەوەی پابەندبونی حكومەتە بۆ پاڵپشتیكردنی كادیرانی پەروەردەیی، چونكە ئەوان بەردی بناغەی گەشەپێدانی مرۆیین".

لەبارەی داواكارییەكانی مامۆستایان، وەزیری پەروەردە جەختیكردەوە لەوەی عودەی عیساوی، نەقیبی سەندیكای مامۆستایانی عیراق بانگهێشتی كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران دەكرێت بۆ خستنەڕوی داواكارییەكانی مامۆستایان كە بڕیارە سێشەممەی داهاتوو 8ی نیسان بەڕێوەبچێت.

 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT