كێ دەبێت پشكنین بكات؟ خزمەتگوزارییەكی بێبەرامبەر
رۆژانە 120 كەس سەردانی سەنتەری مەمك دەكەن

سلێمانی/ ئاداری 2025/ سەنتەری چارەسەری نەخۆشییەكانی مەمك. فۆتۆ: كەركوك ناو

كەركوك ناو

دەیان خزمەتگوزاریی تەندروستی بەشێوەی خۆڕایی لە سەنتەری چارەسەری نەخۆشییەكانی مەمك لە سلێمانی بەردەستە، بۆ ئەو ژن و كچانەی دەیانەوێت جۆرەكانی پشكنین بۆ مەمكیان بكەن، كە بەپێی خەمڵاندنی لێپرسراوانی سەنتەرەكە كۆی ئەو پشكنینانە تەنیا بە 3500 دینار دەكرێت، لەكاتێكدا ئەگەر لە دەرەوە بكرێت نزیكدەبێتەوە لە 200 هەزار دینار.

بەگشتی ئەو ژن و كچانە سەردانی سەنتەرەكە دەكەن كە گرفتی شیردانی سروشتیان هەیە، یان ئەوانەی لەنێو بنەماڵەكانیاندا توشبوو بە شێرپەنجە هەیە، لەگەڵ ئەو كەسانەی گۆڕانكاریی لە شێوە و قەبارەی مەمكیاندا رودەدات، بەگشتی رۆژانە 120 كچ و ژن سەردانی سەنتەرەكە دەكەن.

سەنتەری چارەسەری نەخۆشییەكانی مەمك، سەنتەرێكی حكومییە و بۆ یەكەمجار لە ساڵی 2007دا كراوەتەوە، لەوكاتەوە بێبەرامبەر خزمەت بە ژنان و كچان دەكات و ئامانج لێی ئاسانكاریی و دیاریکردنی نەخۆشییەکانی ژنان و كچانە.

عەلی زوهدی كاكەڕەش، بەڕێوەبەری کارگێڕی سەنتەری چارەسەری نەخۆشییەکانی مەمک، لە چاوپێكەوتنێكی (كەركوك ناو)دا وتی "سەنتەرەكە بە هاوکاری یەکێتی ژنانی کوردستان دروستکراوە – یەكێتییەكە كاردەكات بۆ بەرگریكردن لە مافەكانی ژنان -، سەرەتا تەنیا ژورێكی بچوك بوو، رۆژانە تەنیا یەك كچ یان یەك ژن سەردانیان دەكرد، ئەویش بە شەرمەوە، بەڵام ئێستا هۆشیاریی باشتر هەیە و ژمارەكە زۆر بەرزبۆتەوە.... مەرج نییە هەموو ئەوانەی سەردانی ئەم سەنتەرە دەكەن نەخۆش بن، بەڵکو بەشێکیان تەنیا بۆ پشکنینی پێشوەختە دێن، جگە لە سلێمانی، لە تەواوی هەرێمی كوردستان و پارێزگاكانی عیراقەوە سەردانمان دەكەن".

Ali.Zuhde
عەلی زوهدی كاكەڕەش، بەڕێوەبەری کارگێڕی سەنتەری چارەسەری نەخۆشییەکانی مەمک

بەشێك لە ژنان و كچان لە بنكە و مەڵبەندە تەندروستییەكانەوە رەوانەی ئەم سەنتەرە دەكرێن، بەشێكیشان راستەوخۆ خۆیان دەچن و زانیاریی پێشوەختەیان هەیە لەسەر سەنتەرەكە، بەپێی وتەی عەلی زوهدی.

دوای زیادبونی سەردانیكەران بۆ سەروو 100 كچ و ژن لە رۆژێكدا، سەنتەرەكە گواسترایەوە بۆ ناو نەخۆشخانەی شار – گەورەترین نەخۆشخانەی  حكومییە لە سلێمانی-، بەڵام هێشتا سەنتەرەكە بەشێكی سەربەخۆیە و پەیوەندی بە نەخۆشخانەی شارەوە نییە.

رۆژانە سێ پزیشک لە بەیانیان و پزیشکێک لە ئێواران هاوڵاتیان دەبینن، رۆژانە زیاتر لە 100 مامۆگرافی و سۆنەر بۆ هاوڵاتیان دەکرێت، پزیشكی نەشتەرگەری گشتی دادەنیشێت بۆ ئەوەی ئەگەر نەخۆشێک پێویستی بە نەشتەرگەری هەبوو سەرەی بۆ بنوسرێت، یان ئەگەر پێویست بوو راستەوخۆ بۆی بكرێت.

بەگشتی پشكنینەكان وەك بەڕێوەبەری کارگێڕی سەنتەرەكە جەختیلێكردەوە "بڕە پارەیەكی رەمزییە و تەنیا 3500 دینارە، لەكاتێكدا ئەگەر هەمان ئەو پشكنینانە لە دەرەوە بكرێت، رەنگە بگاتە سەروو 200 هەزار دینار، مەبەستم هەموو پشكنینەكانە بە سۆنەر و مامۆگرافی و وەرگرتنی سامپڵ و شتی دیکەش".

"پێویست بە شەرم ناكات، ژنان و كچان پێویستە بۆ دڵنیابونەوە لە تەندروستی خۆیان ئەو پشكنیانەی پێویستە لێرە بیكەن... چونکە ئەگەر نەخۆشییەكیان هەبێت تا زوتر نەخۆشییەکە دەستنیشان بکرێت چارەسەری بۆ نەخۆشەکە و حکومەتیش ئاسانە".

لە ساڵی 2024دا بەپێی ئامارێك 10 هەزار و 842 ژن و كچ سەردانی سەنتەرەكەیان كردووە، سێ هەزار و 550 مامۆگرافی و هەزار و 711 سۆنەر دەیان پشكنینی تر بۆ كچان و ژنان كراون.

santare charasar.mamakk
سلێمانی/ ئاداری 2025/ روكاری دەرەوەی سەنتەری چارەسەری نەخۆشییەكانی مەمك. فۆتۆ: كەركوك ناو

لە سەنتەرەكە جگە لە پزیشك، بەشی راوێژكاریی دەروونی لێیە، تایبەت بۆ ئەو ژنانەی كە سەرەتا پێیاندەوترێت توشی شێرپەنجە بون، بۆ ئەوەی كاریگەریی لەسەر باری دەرونییان نەبێت.

هەر لە ساڵی 2024دا 38 حاڵەتی توشبون بە شێرپەنجە تۆماركراوە، ئەوەش دوای پشكنین.

كێ دەبێت پشكنین بكات؟

 سەوسەن فەیزوڵا، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی مەمک كە لەو سەنتەرە نەخۆش دەبینێت، ئەوە روندەكاتەوە كە كێن ئەوانەی پێویستە سەردانی پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشیەکانی مەمک و سەنتەرەكەیان بکەن بۆ سەلامەتی تەندروستیان و جەختیكردەوە "هەموو ئافرەتێكی سەروو 30 ساڵ، ئەوانەشی 30 ساڵی تەمەنیان تەواوكردووە و منداڵیان نابێت، هەر ئافرەتێك لە بنەماڵەكەیاندا كەسێك یان زیاتر نەخۆشی شێرپەنجەی مەمكی هەبێت، یان ئەوانەی گۆڕانکاریی لە شێوە و قەبارەی مەمکیاندا رویداوە".

لەگەڵئاماژەدان بەوەی ئەوانەی گرفتیان لە شیردانی سروشتی-دا هەیە، یان ئەوانەی گۆی مەمكیان چاڵ بووە، یان برینداربووە، یان شیلە و تەڕی لە گۆی مەمكیان دێتە دەرەوە و لە پێستی مەمكیان گۆڕانكاریی دروستبووە.

سەوسەن وتی "پشکنینەکان بەپێی تەمەنی کەسەکە دەگۆڕێت، سەرەتا بە دەست پشکنین دەکەین، عادەتەن ئەوانەی لە خوار تەمەنی 40 ساڵییەوەن سۆنەریان بۆ دەکەین، ئەگەر کەسێک لە خێزانەکەیاندا تووشبوو نەبێت و تەنها بۆ ئازارێک سەردانیان کردبێت دواتر ئەگەر شتێک دەرکەوت مامۆگرافی و زەرعیان بۆ دەکەین، بەڵام ئەو کەسانەی لە خێزانەکەیان نەخۆشیی شێرپەنجەی مەمکیان هەیە ئەوانە پێش تەمەنی 40 ساڵی مامۆگرافیان بۆ دەکەین و رێکارەکانی دیکەیان بۆ دەگرینەبەر".

sausan.faizulla
دكتۆرە سەوسەن فەیزوڵا، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی مەمک

لەبارەی وەرگرتنی چارەسەر، وتی "چارەسەرەکان لە نەخۆشێکەوە بۆ نەخۆشێکی تر دەگۆڕێت، بەڵام بە گشتی خۆی لە قۆناغەکانی نەشتەرگەری، وەرگرتنی هۆرۆمۆنات، چارەسەری کیمیایی و تیشک دەبینێتەوە و بەپێی حاڵەتی نەخۆشەکە چارەسەرەکان پێش و دوا دەخرێن".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT