سەرچاوەی بودجەی ئۆتۆمبێلە گرانبەهاكانی كەركوك مشتومڕی بەدوادادێت

كەركوك/14ی تشرینی یەكەمی 2024/ كۆبونەوەیەكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك. فۆتۆ: راگەیاندنی ئەنجومەن

لەیلا ئەحمەد

دیوانی پارێزگای كەركوك وردەكاریی كڕینی ژمارەیەك ئۆتۆمبێلی گرانبەهای لە جۆری تاهۆ – شۆفرلێت- بۆ ژمارەیەك لە ئەندامانی ئەنجومەن روننەكردۆتەوە، بەتایبەت ئەوەی لەسەر بودجەی چی كڕدراون، ئەوەی جێی نیگەرانی بەشێك لە ئەندامانی ئەنجومەنە ئەوەیە بەرەی بایكۆت ئۆتۆمبێلیان "پێنەدراوە".

گرێبەستی هێنانی ئۆتۆمبێلەكان بەپێی وتەی ئەحمەد كەركوكی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك تێچووەكەی "دوو ملیار و 629 ملیۆن دینارە بۆ 16 ئۆتۆمبێل بۆ هەر 16 ئەندامەكەی ئەنجومەن"، بەو پێیە نرخی هەر ئۆتۆمبێلێك 164 ملیۆن دینار (زیاتر لە 100 هەزار دۆلار)ی تێدەچێت، جارێ تەنیا هەشت ئۆتۆمبێلیان گەیشتونەتە كەركوك.

شۆخان حەسیب، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان، وتی "پرسیاری ئێمە ئەوەیە بۆچی ئۆتۆمبێل بۆ هەموو ئەندامانی ئەنجومەن نەكڕدراوە، زانیاریی ئەوەمان هەیە كە نۆ ئەندامی ئەنجومەن ئۆتۆمبێلیان پێنەدراوە".

ئەو "دابەشكارییە"، لە نەكڕینی ئۆتۆمبێل بۆ هەموو ئەندامانی ئەنجومەن و ئاشكرانەكردنی وردەكاریی كڕینی ئۆتۆمبێلەكان لەلایەكی تر، ئەندامانی ئەنجومەنی بەسەر دوو بەرەی دژ بەیەكدا دابەشكراوە.

ئەنجومەنی پارێزگاكان كە بەپێی ئەركەكەیان دەبێت چاودێربن بەسەر حكومەتە خۆجێییەكان، بەڵام لە كەركوك سەنگ و رۆڵەكەی لەژێر تاقیكردنەوەدایە، ئەوەش دوای ئاشكرابونی كڕینی ژمارەیەك لە ئۆتۆمبێلی گرانبەها، كە زۆرینەی ئەندامانی ئەنجومەن لەڕێی (كەركوك ناو)ەوە جەختیانكردەوە لەوەی ئاگاداریی بودجە و وردەكارییەكەی نین.

پەروین فاتیح، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە فراكسیۆنی كەركوك هێز و ئیرادەمانە، وتی "وەرگرتنی ئۆتۆمبێل ئاساییە، ئەوە مافی ئەندامانی ئەنجومەنە، چونكە ئەندامی ئەنجومەن فەرمانبەری دەوڵەتن، نە یەكەم كەس دەبین كە ئۆتۆمبێل وەربگرین نە دواین كەس دەبین، هەر فەرمانبەرێكی حكومەت بەپێی ئەو پۆستەی هەیەتی، ئۆتۆمبێلی حكومەتی لایە".

وەرگرتنی ئۆتۆمبێل ئاساییە، ئەوە مافی ئەندامانی ئەنجومەنە

لە بارەی وردەكاریی كڕینی ئۆتۆمبێلەكان و تەرخانكردنی بودجەكەی، جەختیكردەوە "بڕۆن بۆ لای پارێزگار با بابەتی كڕینی ئۆتۆمبێلەكانتان بۆ رونبكاتەوە، چونكە ئەمە كاری من نییە و من لەبەشی حساباتم و لیژنەی كڕین نیم"، بەبێ ئەوەی رونیبكاتەوە ئایا ئەو خۆی ئۆتۆمبێلی وەرگرتووە یاخو نا.

ئەوەش لەكاتێكدایە چەند رۆژێكە حكومەت و ئەنجومەنی پارێزگا روبەڕوی رەخنەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بونەتەوە و تۆمەتباردەكرێن بەوەی "لە بودجەی پترۆدۆلار" ئۆتۆمبێلیان كڕیوە، ئەوەش وایكردووە بەشێك لە ئەندامانی ئەنجومەن بەدوای راستی بودجەی ئۆتۆمبێلەكاندا بڕۆن بەبێ ئەوەی حكومەت وەڵامیان بداتەوە.

شۆخان حەسیب، لەگەڵئەوەی جەختدەكاتەوە لەوەی كە پێویستە هەر 16 ئەندامەكەی ئەنجومەن وەكو یەك مامەڵەیان لەگەڵدا بكرێت لە پرسی مافەكانیان لەوانەش پێدانی ئۆتۆمبێل، بەڵام وتی "نازانم نرخی هەر ئۆتۆمبیلێك بە چەند و چۆن كڕدراوە، داوامانكردووە بە وردی وەسڵەكان، چۆن كڕدراون و لەكام كۆمپانیا و بە پارە و بودجەی چی كڕدراون بۆمان بنێرن، بەڵام هێشتا راستییەكانمان پێ ناڵێن".

Kirkuk.18.3.2025
كەركوك/18ی ئاداری 2025/ رێبوار تەها، پارێزگاری كەركوك لەگەڵ ژمارەیەك ئەندامی ئەنجومەن. فۆتۆ: راگەیاندنی ئەنجومەن

دووشەممە 7ی نیسان كاتێك هەریەكە لە رێبوار تەها، پارێزگاری كەركوك و قاسم ئیبراهیم، یاریدەدەری پارێزگار، بە بۆنەی پیرۆزبایی جەژنی رەمەزان سەردانی ژمارەیەك لە ئەندامانی ئەنجومەنیان كردووە، لەبارەی ئەو ئەندامانەی كە ئۆتۆمبێلیان پێنەدراوە، پێیانوتون "بۆیە ئۆتۆمبێلی ئێوە دواكەوتووە، چونكە كۆمپانیاكە كێشەی هەیە، بەڵام هەر وەریدەگرن" شۆخان حەسیب وایوت.

شۆخان هەمان رۆژ داوای لە پارێزگاری كەركوك و یاریدەدەرەكەی كردووە ناوی ئەو كۆمپانیایەی پێبدەن كە ئۆتۆمبێلەكانیان لێ كڕیون، بەڵام هەردوكیان ئامادەنەبون ناوی كۆمپانیاكە ئاشكرابكەن.

بەڵام لەو گفتوگۆیەدا، رێبوار تەها وتویەتی "پارەی كڕینی ئۆتۆمبێلەكان هی دەوڵەتن و پەیوەندی نییە بە بودجەی پترۆدۆلاەوە".

بەپێی ماددەی 17 لە یاسای پارێزگا رێكنەخراوەكان لە هەرێمێكدا، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگا، موچە و دەرماڵەكانیان و مافەكانی تریان لەوانەش پێدانی ئۆتۆمبێل بۆ راییكردنی كارەكانیان، هاوشێوەی بەڕێوەبەری گشتی دەبێت، بەڵام رەخنەكان لە پرسی كڕینی ئۆتۆمبێلی نوێ بۆ ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك ئەوەیە، دیوانی پارێزگا وردەكاریی بودجە و كڕینەكەی ئاشكرانەكردووە و جیاوازیشكراوە لەنێوان ئەندامانی ئەنجومەن لە پێدانی ئۆتۆمبێل.

پارێزەری یاسایی هەژار  كاكەیی، كە یەكێكە لەو كەسانەی وەكو چاودێر لەسەر حكومەت و ئەدای ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك دەنوسێت، وتی "پێویستە پرسی كڕینی ئۆتۆمبێل بۆ ئەندامانی ئەنجومەن لێكۆڵینەوەی لەسەر بكرێت، چونكە بۆ نمونە ئەو ژمارە زۆرەی ئۆتۆمبێل كە ئەنجومەنی پێشوو بۆ ئەندامەكانی كڕیوە چی بەسەرهاتووە، هەر ماونەتەوە یان چییان بەسەرهاتووە، ئەگەر ئۆتۆمبێلەكان پێویست نین، كەواتە بۆچی ئۆتۆمبێلی تر كڕدراون! دەبێت ئەنجومەنی پارێزگا ئەوە بزانێت، ئەگینا ئەوە دەچێتە بواری دەستبردن بۆ خەرجی گشتی و گەندەڵییەوە، پێویستە رێكاری یاسایی بەرامبەریان بیگرێتەبەر".

پێویستە پرسی كڕینی ئۆتۆمبێل بۆ ئەندامانی ئەنجومەن لێكۆڵینەوەی لەسەر بكرێت

ئەنجومەنی پێشوی پارێزگای كەركوك 41 ئەندامی هەبوو، بەرلەوەی لە كۆتایی 2019دا بە بڕیاری پەرلەمانی عیراق لەكاربخرێت، زۆرینەیان ئۆتۆمبێلی تایبەتی ئەنجومەنیان پێبوو.

هەژار كاكەیی جەختیكردەوە لەوەی كە ئەنجومەن دەسەڵاتی چاودێریكردنی هەیە و دەبێت وردەكاریی كڕینی ئۆتۆمبێلەكان، نرخەكەی، گرێبەستی كڕین و لەسەر چ بودجەیەك كڕدراوە بزانێت، "چونكە بودجەی پترۆدۆلار بەپێی یاسا پێویستە بۆ خزمەتگوزاریی بێت، لەوانە بواری تەندروستی، ژینگە و زیادكردنی رێژەی سەوزایی، نەك بۆ كڕینی ئۆتۆمبێل"، هەرچەندە هێشتا روننەبۆتەوە لەسەر چ بودجەیەك ئۆتۆمبێلەكان كڕدراون.

نەشئەت شاهوێز، ئەندامی ئەنجومەن (یەكێتی) لە فراكسیۆنی كەركوك هێز و ئیرادەمانە، بە (كەركوك ناو)ی وت "هیچ زانیارییەكم لەسەر نرخی ئۆتۆمبێلەكان لا نییە، دەتوانن لە دیوانی پارێزگا بپرسن، تەواوی زانیاریی و بابەتی كڕینی ئۆتۆمبێلەكان لای یاریدەدەری پارێزگارە"، هەروەها حەسەن مەجید، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی، وتی "منیش زانیارییم لەسەری نییە".

ئەوەش لەكاتێكدایە كە قاسم ئیبراهیم، یاریدەدەری پارێزگاری كەركوك، كە بە كڕینی ئۆتۆمبێلەكان هەستاوە و هاوكات برای محەمەد ئیبراهیم، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوكە، وەڵامی پەیوەندییەكانی (كەركوك ناو)ی نەدایەوە، دوای ئەوەی لەڕێی واتسئەپەوە نامەشی بۆ نێردرا، تەنیا وتی "ئەهلەن وەسهلەن"، لەپاڵ ئەویش مەڕوان عانی، لێپرسراوی راگەیاندنی پارێزگای كەركوك، لەبارەی كڕینی ئۆتۆمبێلەكانەوە وتی "من هیچ زانیارییەكم لەسەر ئەو بابەتە نییە".

پێنەدانی زانیاریی بە ئەندامانی ئەنجومەن لەسەر كڕینی ئۆتۆمبێلەكان، لەكاتێكدا ئەنجومەن بەپێی ئەركەكەی دەسەڵاتی چاودێریكردن و لێپرسینەوەی هەیە لە پارێزگار و تەواوی فەرمانگەكانی حكومەتی خۆجێی.

هەژار كاكەیی وتی "ناكرێت ئەنجومەنی پارێزگا نەزانێت لەسەر چ بودجەیەك ئۆتۆمبێلی بۆ كڕدراوە، چونكە ئەركەكەی چاودێریكردنە، ناكرێت حكومەت كە دەسەڵاتی جێبەجێكردنە زانیاریی بە ئەنجومەن نەدان، بەڵام ئەمە لە كەركوك رودەدات".

رەخنەیەكی تر كە لە پارێزگاری كەركوك  و حكومەتەكەی دەگیرێت ئەوەیە كە دەیەوێت پێدانی ئۆتۆمبێل بە ئەندامانی ئەنجومەن وەكو "كارتی فشار" بەكاربهێنێت دژ بەو ئەندامانەی كە ئامادەی كۆبونەوەكانی ئەنجومەن نابن.

شۆخان حەسیب و فراكسیۆنەكەی (پارتی) كە هێشتا ئامادەنین دانبە حكومەتی خۆجێی كەركوكدا بنێن بە سەرۆكایەتی رێبوار تەها، پارێزگاری كەركوك، وتی "پرسیاری ئەوەشمان هەیە بۆچی ئۆتۆمبێل بە هەموو ئەندامانی ئەنجومەن نەدراوە، زانیاریی هەیە ئۆتۆمبێل بۆ ئێمەش كڕدراوە و چاوەڕێین وەریبگرین، بەڵام ئەوان ویستیان وەكو كارتی فشار بەكاریبهێنن بۆ ئەوەی بگەڕێینەوە كۆبونەوەكان، بەڵام سەركەوتوو نەبون".

پرسیاری ئەوەشمان هەیە بۆچی ئۆتۆمبێل بە هەموو ئەندامانی ئەنجومەن نەدراوە

حەوت ئەندامی ئەنجومەن، (دوو ئەندامی پارتی، سێ ئەندامی هاوپەیمانی عەرەبی و دوو  توركمان) پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی كەركوك بە نایاسایی ناودەبەن، ئەوان هیچیان ئۆتۆمبێلی جۆری تاهۆ – شۆفرڵێتیان پێنەدراوە.

لەو حەوت ئەندامە، كە بە بەرەی ئۆپۆزسیۆن دژی حكومەت ناودەبرێن و لە ئابی 2014ەوە كە حكومەت پێكهێنراوە، شەش ئەندامیان بەشداریی هیچ كۆبونەوەیەكی ئەنجومەنیان نەكردووە.

شۆخان، وتی "ئەگەر لە ماوەی یەك هەفتەدا دیوانی پارێزگار وەڵاممان نەدەنەوە لەسەر ئەوەی بۆچی هەموو ئەندامان ئۆتۆمبێلیان وەرنەگرتووە، یان بۆچی ئەو داهاتەی كە بۆ ئەنجومەنی پارێزگا دیاریكراوە پارێزگار بەشێوەیەكی تر بەكاریدەهێنێت، ئەوا ئیجرائاتی یاسایی بەرامبەریان دەگرینەبەر"، زیاتر وتی "دەمانەوێت بەڵگەكانی كڕین و خەرجككردنی پارەكەمان پێبدەن، چونكە ئێمە لایەنی چاودێرین و گوایا لەسەر بودجەی ئێمە كڕدراوە دەبێت وردەكاریی ئەوە بزانین".

ئەحمەد كەركوكی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، لە ڤیدیۆیەكدا لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك، لەبارەی بودجەی كڕینی ئەو ئۆتۆمبێلانەوە، وتی "ئۆتۆمبێلەكان لە بودجەی پترۆدۆلار نەكڕدراون، بەڵكو لە داهاتی خاڵە گومرگییەكانی كەركوك كڕدراون"، جەختیكردەوە "بەپێی ماددەی 21ی یاسای بودجە لەسەدا 50ی داهاتی خاڵە سنوررەكانی هەر پارێزگایەك دەگەڕێتەوە بۆ پارێزگاكە خۆی".

وتیشی "لەناو ئەو 50 لەسەدی داهاتە كە بۆ پارێزگاكە دەگەرێتەوە، لەسەدا 20ی دەگەڕێتەوە بۆ خاڵە سنورییەكە خۆیان و لەسەدا 30ەكەی تری دەگەڕێتەوە بۆ دیوانی پارێزگا و ئۆتۆمبێلەكان لەو لەسەدا 30یە كڕدراون، بۆ ئەوەش وەزارەتی دارایی رەزامەندی نیشانداوە كە هەموو بڕەكەی دوو ملیار و 629 ملیۆن دینارە".

رونیشیكردەوە كە 16 ئۆتۆمبێل كڕدراون بۆ هەموو ئەندامانی ئەنجومەن، لەو ژمارەیە هەشت ئۆتۆمبێلیان گەیشتون و كۆتا مۆڵەتی كۆمپانیاكە ئەوەیە تا 5ی ئەیلول ئەمساڵ هەشت ئۆتۆمبێلەكەی تر بهێنێت. لەگەڵ جەختكردنەوە لەوەی "هێشتا ئۆتۆمبێلەكەمان وەرنەگرتووە و جارێ لای كۆمپانیاكەیە"، بەڵام بە مافی ئەندامانی ئەنجومەنی زانی.

پەروین فاتیح وتی "تەنانەت ئەو ئەندامانەشی كە بایكۆتی كۆبونەوەكانیان كردووە، مافی خۆیانە ئۆتۆمبێلیان پێبدرێت، بەڵام كە وەریاننەگرتووە یان پێیاننەدراوە نازانم هۆكارەكەی چییە، دەبێت ئەوەش بزانین ئەو ئۆتۆمبێلانە موڵكی حكومەتن، دوای چوار ساڵ دەگەڕێنرێتەوە بۆ حكومەت".

بەڵام هەژار كاكەیی بۆچونێكی تری هەیە و پێیوایە لە كەركوك "دەسەڵاتی جێبەجێكردن، چاودێری و یاسادانان و هەموو شتێك تێكەڵاو بووە، لەم حاڵەتەدا پێویستەی دەستەی نەزاهە سەربەخۆ بێت و بێتە دەنگ...".

زیاتر وتی "ئەگەر ئێمە ئەنجومەنێكی بەهێزمان هەبێت، دەتوانێت هەر رێكار و لێپێچینەوەیەك بیەوێت دژی پارێزگار بیگرێتەبەر، نەوەك ئامادەنەبێت زانیارییان پێبدات".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT