دوای نیو سەدە تاپۆ بۆ شنگال دەگەڕێتەوە

نەینەوا/ دوو منداڵ لە شەقامێكی نۆژەنكراوە لەنێو وێرانكارییەكانی ناوەندی قەزای شنگال فۆتۆ: Levi Meir Clancy لە ماڵپەڕی Unsplash بڵاوبۆتەوە

عەمار عەزیز

شارەوانی ناحیەی گرعوزێر وەك یەكەم یەكەی ئیداری لە شنگال دەستیكرد بە تاپۆكردنی خانوی هاوڵاتیان، ئەوەش بە بڕیاری حكومەتی عیراق و دوای نیو سەدە لە راگرتنی ئەو پرۆسەیە.

دووشەممە 14ی نیسان، لە یەكەم رۆژی كاركردنیاندا شارەوانی سەنەدی 625 خانوی هاوڵاتیانی ناحییەكەی تەواوكرد و ئامادەی كردن بۆ تاپۆ.

خالد مراد، نزیكەی 50 ساڵە خانووەكەی دروستكردووە و حكومەت بۆی تاپۆ نەكردووە، یەكێك بوو لەو سەدان كەسەی بۆ یەكەمجار سەندی خانووەكەی وەرگرت و بڕیارە لەم یەك دوو رۆژەدا بچێتە شارەوانی و بۆ ئەوەش تەنیا 38 هەزار دیناری لێوەرگیراوە.

"خانووەكەم 450 مەترە، هەموو كات ترسی ئەوەم هەبوو كەسێك بێت و لێم بستێنێت، یان حكومەت تێكی بدات، ئیتر لەمەودوا بە ئارامی لەناوی دەژیم"، خالد وایوت.

خالد زیاتر وتی "لە یەكەم رۆژدا مامەڵەكانی خانووەكەم تەواوكرد و وادەچمە شارەوانی و فەرمانگەی تاپۆ  بۆ وەرگرتنی تاپۆكەی، كەمی بڕی پارەكە هاوكارییەكی گەورەیە بۆ خەڵكی شنگال".

ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق لە 13ی كانونی دووەم بڕیاریدا تەواوی خانووە زیادەڕۆكانی پارێزگاكانی عیراق تاپۆبكرێن، جگە لە كەركوك و هەرێمی كوردستان، زۆرینەی خانووەكانی شنگال زیادەڕۆ نین، بەڵام تاپۆیان نەبوو.

گرعوزێر بە یەكەم ناحیە لەسەر ئاستی پارێزگای نەینەوا دادەنرێت بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكە، ئەو ناحیەیە نزیكەی چوار هەزار خانوی لێیە كە پێویستە تاپۆبكرێن. لە سەرتاسەری قەزای شنگالیش 10 هەزار خانووی هاوشێوە هەن.

كەمال شەرۆ، سەرۆكی شارەوانی شنگال بە (كەركوك ناو )ی وت "لە سەرەتادا پرۆسەكە لە هەرسێ شارەوانی گرعوزێر، سنونێ و ناوەندی شنگال بەڕێوەدەچێت...  بەردەوام دەبین تاوەكو هەموو ئەو كەسانەی مەرجەكان دەیانگرێتەوە تاپۆ وەردەگرن".

مەرجەكان بەپێی وتەی سەرۆكی شارەوانی شنگال ئەو خانوانە دەگرێتەوە كە لە ساڵی 1975دا لە چوارچێوەی ئەو شارەوانیانە دروستكراون، ئەوكات رژێمی بەعس خەڵكی گوندەكانی بەرەو شارەكان راگواست و ئەو خانووانەی بۆ دروستكردن، بەبێ ئەوەی بۆیان تاپۆ بكات.

سەبارەت بەو خانووانەی لەدوای روخانی رژێمی بەعس لە ساڵی 2003وە دروستكراون، كەمال شەرۆ وتی "هێشتا هیچ رێنماییەكمان لەبارەی ئەوانەوە بۆ نەهاتووە".

حكومەت بڕیاربوو سەرەتا بۆ هەر مەترێك 20 هەزار دینار لەو هاوڵاتیانە وەربگرێت كە خانووەكانیان لەسەر تاپۆ دەكرێت، بەڵام دواتر بڕیارەكە بۆ شنگال گۆڕانكاریی بەسەرداهات و تەنیا پارەیەكی كەم و دیاریكراو وەردەگرن.

كەمال شەرۆ وتی "ئەمە بڕیارێكی زۆر باش بوو، هاندەرێكی گرنگیش دەبێت بۆ گەڕانەوەی ئەو ئاوارانەی هێشتا لە كەمپەكانی هەرێمی كوردستاندا ژیان دەگوزەرێنن".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT