یەكێتی و پارتی لە كەركوك
داوای شتێك دەكەن كە 10 مانگە بڕیاری لەسەر دراوە

وێنەی دەستكاریكراو بە فۆتۆشۆپ: ئۆتۆمبێلی سەربازی لە بەردەم سەربازگەی كۆنی تۆپزاوە لەگەڵ چەند وێنەیەكی ناڕەزایی و مانگرتنی خەڵك فۆتۆ: تایبەت بە كەركوك ناو

كەركوك ناو

هەردوو فراكسیۆنی یەكێتی و پارتی لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، داوای دروستكردنی مۆنۆمێنتی ئەنفال دەكەن لە سەربازگەی تۆپزاوە، لەكاتێكدا ئەو داواكارییە 10 مانگ لەمەوبەر رەزامەندی دەزگای شەهیدانی عیراقی بەدەستهێناوە.

ئەو دوو فراكسیۆنە كوردییە لە 13ی نیسان، رۆژێك بەر لە ساڵیادی ئەنفال داواكارییەكەیان ئاراستەی سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك كردووە، بۆ ئەوەی لەڕێی هەردوو دەزگای شەهیدانی عیراق و وەزارەتی شەهیدانی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە سەربازگەی تۆپزاوا بكرێت بە مۆنۆمێنتی ئەنفال، وەك رێزلێنانێك بۆ قوربانیانی ئەو تاوانە.

داواكارییەكە لە كاتێكدایە، لە 20ی ئەیلولی 2023وە ژمارەیەك لە چالاكوانانی بواری ئەنفال و جینۆساید، بە نوسراوێك داوایان لە سەرۆك وەزیرانی عیراق محەمەد شیاع سودانی كردووە، رەزامەندی بۆ ئەو مەبەستە نیشانبدات، ئەمنیدارێتی ئەنجومەنی وەزیرانیش داواكارییەكەی ئاراستەی دەزگای شەهیدانی عیراق كردووە.

هێمن حەسیب، پارێزەر و  رێكخەری گەیاندنی ئەو داواكارییە بۆ سەرۆك وەزیرانی عیراق، بە (كەركوك ناو)ی وت "ساڵ و نیوێکە داواکاریی نوسەران و چالاکوانان و رێکخراوەکانی بواری جینۆساید بۆ بە مۆنۆمێنتکردنی سەربازگەی تۆپزاوە دراوەتە سەرۆک وەزیران و دەزگای شەهیدانی عیراق و رەزامەندیشی بۆ وەرگیراوە، تەنیا لەسەر موڵکداری زەویی سەربازگەکە ماوە، کە وەزارتی بەرگری دەستبەرداری نابێت".

ئەمێندارێتی ئەنجومەنی وەزیران لە 2ی تشرینی دووەمی 2023 بۆ ئەو مەبەستە نوسراوی بۆ دەزگای شەهیدانی عیراق كردووە، دەزگای شەهیدانیش لە 9ی  تەمموزی 2024 داوای موڵكی زەوی سەربازگەكەی كردووە، بەپێی نوسراوەكان كە كۆپییەكیانیان لای (كەركوك ناو)ە.

هێمن وتی "دوای ئەو هەوڵانەی ئێمە، تازە بە تازە، شەش ئەندامی کورد لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، داوا له سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك دەکەن، داواكارییەكەیان بۆ ئەو مەبەستە و بە نوسراو بگەیەنێتە دەزگای شەهیدانی عیراق".

هێمن رەخنەش لە ئەندامەكان دەگرێت بەتایبەت یەكێكیان كە پێش ساڵێك هەوڵی چالاكوانەكانی بۆ دروستكردنی مۆنۆمێنتێك لە سەربازگەی تۆپزاوا بە هەوڵی خۆی وێناكردووە، وتی "ئەحمەد كەركوكی پێش ساڵێك نوسراوەکانی ئێمەی لە فەیسبوكەوە بردبوو و لە پەیجی خۆی نوسیبوی لەسەر داوای من بڕیاری بە مۆنۆمێنتکردنی سەربازگەی تۆپزاوە دەرچووە، ئەی ئێستا خێرە واژ بۆ ئەم یاداشتە دەکات".

ئەو هەوڵەی ئەندامانی یەكێتی و پارتی پێكەوە كە پێشتر رێڕەوی خۆی وەرگرتووە، لەكاتێكدایە یەكێتی لە حكومەتی خۆجێی كەركوكدا بەشدارە و پارتی دانبەو حكومەتدا نانێت.

بۆیە هێمن حەسیب كە خۆی چالاكوانە لە بواری جینۆساید، روودەكاتە ئەندامەكان و دەڵێت "ئەو یاداشتەتان یان بێئاگاییتان لە شار دەردەخات، یان ئەوەتا موزایەدەیەكە و لە یادی تاوانی ئەنفال دەیکەن".

سەربازگەی تۆپزاوە لە ساڵی 1981ـدا دروستكراوە و كراوەتە بنكەی جەیش ئەلشەعبی، لە ساڵی 1987 گوندی تۆپزاوا تەختكرا و خەڵكەكەی بە زۆر راگوێزراون بو سنوری پارێزگای هەولێر، بەپێی گێڕانەوەی شایەتحاڵ و بەڵگەنامەكان؛ هەزاران هاوڵاتی كورد لەو سەربازگەیەدا زیندانیكراون پێش ئەوەی بەرەو بیابانەكانی سەماوە و زیندانی نوگرە سەلمان بگوازرێنەوە و كۆمەڵكوژ بكرێن.

 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT