حاڵەتێكی مردن تۆماركراوە
تەندروستی كەركوك هەڵمەتی خۆپاراستنی لە تای خوێنبەربون دەستپێكرد

كەركوك/ نیسانی 2022/ مەیدانی فرۆشتنی ئاژەڵ فۆتۆ: كرةكوك ناو

ئیناس حەسەن

"لە دوو توشبوو بە تای خوێنبەربون لە كەركوك یەكێكیان گیانیلەدەستدا"، بەپێی سەرچاوەیەك كە لێپرسراوێتی لە فەرمانگەی تەندروستی كەركوكدا هەیە، ئەوە هاوكاتە لەگەڵ دەستپێكردنی هەڵمەتێكی فراوانی فەرمانگەكە بۆ خۆپاراستن لە تای خوێنبەربون.

سەرچاوەكە، ئەمڕۆ پێنجشەممە 17ی نیسان بە (كەركوك ناو)ی وت "ئەو هەواڵانەی باس لە توشبونی دوو كەس بە تای خوێنبەربون دەكەن راستن، یەكێك لە توشبووەكان گیانیلەدەستدا"، لەبارەی ئەوەی بۆچی رایناگەیەنن وتی "ئەوە لە دەسەڵاتی وەزارەتی تەندروستی عیراقە و پشكنینەكان بۆ ئەوان نێردراون و هەر ئەوانیش دەبێت رایبگەیەنن".

تای خوێنبەربون، پەتایەكی ڤایرۆسییە، بەهۆی تێكەڵاوبون و لەڕێی ئاژەڵ و مێش و مەگەزەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە، هەروەها لە مرۆڤەوە بۆ مرۆڤیش دەگوازرێتەوە.

فەرمانگەی تەندروستی كەركوك، لە شەوی چوارشەممە 16ی نیسانەوە هەڵمەتێكی بۆ خۆپاراستن لە تای خوێنبەربون لەڕێی پەیجی تایبەتی فەرمانگەكەوە  لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك راگەیاندووە، ئەوەش لەڕێی گرافیك و وێنە و زانیاریی كە تیایدا چۆنیەتی خۆپاراستن و زانیارییەكانی تر لەوانە نیشانەكانی پەتاكە بۆ خوێنەر روندەكاتەوە.

لە ئایاری 2022ش حاڵەتێكی مردن بە هەمان پەتا لە كەركوك تۆماركرا، ئەوكات حكومەت هەندێك رێكاریی بۆ گۆشتفرۆش و سەربڕەكان دەركرد و هەڵمەتێكی فراوانی بۆ قەدەغەكردن و سزادانی گۆشتفرۆشە گەڕۆكەكان راگەیاند.

دیارترین نیشانەكانی تای خوێنبەربون

دڵ تێكهەڵاتن و رشانەوە، لەگەڵ ئازاری جومگەكان، سكچون، تا، هیلاكی و لاوازی لە نیشانە دیارەكانی تای خوێنبەربونن.

هەروەها چەند نیشانەیەكی نەخۆشییەكە دەریدەخات كە مەترسی لەسەر ژیانی توشبوەكە هەیە، لەوانە خوێنبەربونی ژێر پێست، دروستبونی كێشە لە دەماغ، بێهۆشبون، لەكاركەوتنی گورچیلە، دروستبونی كێشەی هەناسەدان و لەكاركەوتنی جگەر، ئەوەش بەپێی وەزارەتی تەدروستیی عیراق و رێكخراوی تەندروستیی جیهانی.

چۆن دەگوازرێتەوە؟

qasab-2
كەركوك/ نیسانی 2022/ بڕینی و پارچەكردنی گۆشتی گوێرەكە و ئاژەڵی گەورە لە كوشتارگەی مۆدێرنەی كەركوك فۆتۆ: كاروان ساڵحی

كاركردن یان تێكەڵبون لەگەڵ كەسانی توشبوو، سەربڕین و خواردنی ئاژەڵی توشبوو، بەكارهێنانی دەرزیی و ئامێری بەكارهاتوی توشبوو، لە هۆكارەكانی گواستنەوەی نەخۆشییەكەن، لەگەڵ سێكسكردن لەگەڵ كەسانی توشبوو بەبێ خۆپارێزی.

مێش و مەگەز، جرج و مشك، شەمشەمەكوێرە و گەنە هۆكاری سەرەكی بڵاوبونەوەی تای خوێنبەربونن، هەروەها مرۆڤی توشبوش.

چۆن خۆت دەپارێزیت؟

بەپێی رێنماییەكانی رێكخراوی تەندروستی جیهانی و وەزارەتی تەندروستی عیراق، بۆ خۆپارێزی، پێویستە گۆشت بە باشی دابپۆشیت و بیپارێزی لە مێش و مەگەز، دوركەوتنەوە و خۆپارێزی لە كەسانی توشبوو، بە باشی پاككردنەوەی سەتڵی خۆڵ و خاشاك و داپۆشینی، لەگەڵ دانانی تەلمێش بۆ دەرگا و پەنجەرە.

وەزارەتی تەدروستیی عیراق و رێكخراوی تەندروستیی جیهانی، رێنمایی هاوڵاتیان دەكەن چیمەنی ماڵەكانیان ببڕن، لە پێناو رێگریی لە مێش و مەگەز و بڵاوبونەوەیان.

 

 

 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT