لە پارێزگای سلێمانی، یەكەی چاودێری دایكانی دووگیان و كۆرپەلە، لە 74 بنكە و مەڵبەندی تەندروستی "چالاكە"، ئەوەش بەپێی وتەی رەفیق نەسرەدین، لێپرسراوی هۆبەی پتەوکردنی تەندروستی سلێمانی، بەڵام جەختدەكاتەوە لەوەی تەنیا 21 بنكە و مەڵبەندیان دەكەونە قەزاو ناحییەكان.
تەواوی ئەو مەڵبەند و بنكە تەندروستییانە سەر بە بەڕێوەبەرایەتی خۆپاراستنی تەندروستی سلێمانین تیایاندا دەیان خزمەتگوزاریی تەندروستی بەشێوەی خۆڕایی پێشكەش بە دایكانی دووگیان و كۆرپەلە دەكەن، ئەوەش لە سێ مانگی یەكەمی دووگیانی تاوەكو كۆرپەلە دەبێتە شەش ساڵ و گەورەدەبێت و دەكرێتە بەر خوێندن.
رەفیق نەسرەدین، كە هاوكات پسپۆڕی خۆپاراستن و تەندروستییە، لەم چاوپێكەوتنەی (كەركوك ناو)دا جەختیكردەوە لەوەی لە "هەموو" ئەو 74 بنكە تەندروستییە، یەکەی چاودێری دایکانی دووگیان و کۆرپەلە هەن و "لە سێ مانگی سەرەتای دووگیان بونی دایكانەوە پێویستە سەردانی ئەو بنكە و مەڵبەندە تەندروستیانە بكەن و ناوی خۆیان تۆماربكەن بۆ وەرگرتنی خزمەتگوزارییە تەندروستییەكان".
ئەو خزمەتگوزارییانەی پێشكەش دەكرێن
دایكانی دووگیان لە سێ مانگییەوە خزمەتگوزاریی پێوانی كێش، شەكرە، پەستانی خوێن، پشكنینی خوێن و سۆنەر لە یەكەی چاودێری بنكە و مەڵبەندە تەندروستییەكان وەردەگرن، ئەوەش هەر بەپێی وتەی رەفیق نەسرەدین، لێپرسراوی هۆبەی پتەوکردنی تەندروستی سلێمانی، هەروەها حەبی فۆلیک ئەسید بە دایكانی دووگیان دەدرێت - ئەو حەبە یارمەتی دروستكردنی ماددەی DNAی دەدات لە خانەكانی لەش و گرنگە بۆ ئەو كەسانەی بە قۆناغی خێرای دابەشبون و گەشەی خانەكانیاندا تێپەڕدەبن-.
"پێویستە دایكانی دووگیان لە سەرەتاوە دوومانگ جارێك سەردانی ئەو یەكانە بكەن، بەڵام لە دوای حەوت مانگییەوە دەبێت هەموو مانگێك سەردان بكەن"، رەفیق نەسرەدین وتی "لە نۆیەم مانگی دووگیانییەکەیاندا تا لەدایکبوونی کۆرپەکەیان دەبێت هەموو هەفتەیەک سەردان بکەن، بۆ یەکەم منداڵیشیان دایکەکە دەبێت پێنج ژەم کوتان وەربگرێت".

هەموو ئەو خزمەتگوزارییە تەندروستییانە لە نەخۆشخانە حكومییەكاندا بێبەرامبەرن، تەنانەت دوای لەدایكبونی كۆرپەلەش خزمەتگوزارییەكان بۆ كۆرپەلە بەردەوامدەبێت لە هەمان یەكەی چاودێری.
كۆرپەلە لە هەفتەی یەكەمدا كوتانی یەكەمی بۆ دەكرێت، دوای 40 رۆژ دایكەكە بۆ وەرگرتنی راوێژی دەرونی سەردانی بنكە و مەڵبەندە تەندروستییەكان دەكاتەوە، سەبارەت بە خەمۆكی دوای منداڵبون.
رەفیق نەسرەدین وتی "زۆربەی ژنان و کچان توشی خەمۆکی دوای منداڵبوون دەبن، ئەگەر لە یەكە چاودێرییەكان ئەو کێشەیەیان چارەسەر نەبوو، ئەوا رێنمایی تایبەتیان پێدەدرێت تاوەکو سەردانی پزیشکی پسپۆڕی تایبەتمەند بکەن، هەروەها رێنمایی وەرزشکردنی دوای منداڵبون، رێنمایی پێدانی خۆراکی تەندروست، رێنمایی بۆ ئەو ژنانەی شەکرەی دووگیانیان هەیە دوای منداڵبوونیان چی بکەن و چۆن خۆیان بپارێزن".
خزمەتگوزاریی چاودێری كۆرپەلە پێكهاتووە لە چاودێری گەشە، باڵا، کێش، وەرگرتنی ژەمە ڤاکیسنەکان، بۆ نەخۆشییەکانی وەک سورێژە و ئاوڵە و ڤایرۆسی جگەر و سیل و ڤیتامینەکان.
رەفیق نەسرەدین وتی "چاودێرییەكە تاوەكو تەمەنی شەش ساڵی بەردەوامدەبێت، ئەوكات كۆتا كوتانی بۆ دەكرێت و راپۆرتی تەندروستیی بیستن، بینینی پێدەدرێت، بە گوێرەی ئەو راپۆرتە دەخرێتە بەر خوێندن".
بەپێی رێنماییەكانی وەزارەتی پەروەردە ئەگەر منداڵەكە ئەو راپۆرتەی یەكەی چاودێری پێنەبێت، لە خوێندنگە وەرناگیرێت.
كوتانەكان تەنیا لە نەخۆشخانە حكومییەكاندا هەیە و نەخۆشخانەی ئەهلی بۆیان نییە ئەو كوتانانە بكەن، "چونکە کوتان بەرنامەیەکی نیشتمانییە و رێکخراوەکان چاودێری دەکەن"، رەفیق نەسرەدین وایوت.
لەو 74 بنكە و مەڵبەندە تەندروستییەی كە یەكەی چاودێرییان هەیە، 53یان لەناو شاری سلێمانیدان، 21 بنكەیان لە قەزا و ناحییە و گوندەكاندا هەن و بەگشتی لە هەر بنكەیەكدا مانگانە 40 دایك خزمەتگوزاریی بۆ خۆیان یان كۆرپەكانیان وەردەگرن، بەوپێیەش لە پارێزگای سلێمانی مانگانە 3000 دایك سەردانی ئەو بنكە و ناوەندە تەندروستییانە دەكەن.
لێپرسراوی هۆبەی پتەوکردنی تەندروستی سلێمانی داوایەک لە دایكان دەکات و دەڵێت "بۆ ئەوەی تەندروستی خۆتان و کۆرپەکانتان پارێزراو بێت تکایە سەردانی بنکە و مەڵبەندە تەندروستییەکان بکەن و پشکنینەکان بێ بەرامبەر وەربگرن".