شیوەنی ژنێك بۆ دارێكی تەمەن 80 ساڵ
هەورە بروسەكەیەك سێبەری لە منداڵانی گوندێك سەندەوە

غەنیمە عەبدوڵا، دانیشتوی گوندی سەی حسێن، وێنەكە لەلایەن تیمی (كەركوك ناو)ەوە لێكدراوە.

لەیلا ئەحمەد

بروسكەیەكی بەهێز كە خەڵكی گوندێكی دورەدەست بە "تۆپەڵە ئاگر" وێنای دەكەن، دارێكی تەمەن 80 ساڵی بە بەرزی هەشت مەتر شكاندەوە و بەشێكی سوتاند، ئەو دارە چەندین دەیەیە سێبەری منداڵانی گوندەكە بووە و خەڵكەكەی مێژویەكیان لەگەڵیدا هەیە.

ئەو روداوە لە 4ی نیسانی رابردوو  دوای چەند خولەكێكی كەم هات لە یاریكردنی منداڵانی گوندی سەید حسێن لە قەزای كفری لەژێر سێبەری دارەكە، منداڵەكان لەگەڵ تاوەبارانێك پەرتەیان لێكرد، بەدوایدا دەنگی بەهێزی هەورەبروسكەكە دارەكەی شكاندەوە و خستیەخوارەوە، درزی لە خانویەكی ماڵێكی تەنیشتی دروستكرد و چەند پەنجەرەیەكی شكاند، بەپێی گێڕانەوەی غەنیمە عەبدوڵا، دانیشتوی گوندەكە.

غەنیمە دوای دوو هەفتە لە روداوەكە، هێشتا دەستەكانی دەلەرزین، "زەوییەكە بەڕادەیەك لەرزییەوە و روناكی ماڵەكەی پڕكرد، وامزانی گولـلە تۆپ لە خانوەكەیداوە... پڕ بەدەنگی خۆم هاوارمكرد و رووە دەرەوە رامكرد، وامزانی شەڕبووە"، غەنیمە وایوت.

لەوكاتەی هەورەبروسكە لە دارە تەمەن 80 ساڵانەكەیدا، غەنیمە كە لە شەستەكانی تەمەنیدایە، دەیویست نان بە كوڕەزاكانی بدات، كە تازە لەژێر دارەكەدا هاتبونە ماڵەوە و تاوانە بارانەكە جلەكانی تەڕكردبون.

dar.kfre
كفری/ نیسانی 2025/ شوێنەواری دارەكە دوای ئەوەی هەورەبروسكە لێیدا. فۆتۆ: لەیلا ئەحمەد

"11 منداڵ لەژێر ئەو دارە یارییان دەكرد، كوڕەزاكانم هاتنەوە، جلەكانیان تەڕبوو، خۆیان گۆڕی و وتیان داپیرە برسیمانە، منیش كەوچكێكم هێنا بۆ ئەوەی دۆشاویان لەناو دەبەیەك بۆ دەربكەم تا لەگەڵ نان بیخۆن، لەپڕ دەنگە بەهێزەكە و روناكییەكە و هاواری من تێكەڵ بەیەك بون، كەوچكەكە لەدەستم پەڕی و دای بەناو چاوما، رووە و دەرەوە رامكرد و مێردەكەشم بەدوای مندا رایكرد و دەیوت مەترسە مەترسە هیچ نییە".

چیرۆكەكە تەنیا بریتی نییە لە هەورەبروسكەیەك و رزگاربونی 11 منداڵ، بەڵكو پەیوەستە بە لەناوچونی درەختێك كە خەڵكی گوندەكە بە دار گەز ناوی دەبەن و مێژوویەكیان هەیە لەگەڵیدا، چەندین دەیەیە بۆتە سایە و سێبەری منداڵان و مەڕ و ماڵات و ژینگەی گوندەكە.

نوری محەمەد (63ساڵ)، ئەویش خەڵكی گوندەكەیە، وتی "هەورە بروسكەكە دوای چەند خولەكێكی كەم هات لە یاریكردنی منداڵانی گوندەكە لەژێر سێبەری دارەكەدا، بروسكەكە دای لە دارەكە، بیدایە لە ماڵ و منداڵەكانی وێرانی دەكردن".

dar.kfre1
كفری/ نیسانی 2025/ دارەكە تەنیا قەدی خوارەوەی ماوە كە نزیكەی دوو مەترە. فۆتۆ: لەیلا ئەحمەد

بەپێی گێڕانەوەی غەنیمە تەمەنی ئەو دارە 80 ساڵە، قەدەكەی دوو مەتر و بەرزییەكەی هەشت مەتر بوو، خەڵكی گوندەكە بە دارەكەی عەلی رۆستەم ناوی دەبەن، ئەوەش بۆ ناوی ئەو كەسە دەگەڕێتەوە كە لەسەرەتاكانی سەدەی راپردوو دارەكەی چاندووە.

"لە منداڵییەوە هەموو رۆژێك دارەكە دەبینم و لەگەڵیدا گەورە بوم، كە بینیم كەوتۆتە سەر زەوی زۆر بۆی گریام، بەڕاستی خەمبارم، لەو رۆژەوە دەستم ناچێتە هیچ كارێك".

ئەو دارە بۆ غەنیمە بووە بە بەشێك لە ژیانی، وتی "ئێستاش بیرمە برا شەهیدەكەم، كە منداڵ بوو لەژێر سێبەری ئەو دارەدا یاریی دەكرد".

لە گوندی سەید حسێن، سەر بە قەزای كفری، كە 40 ماڵێك دەبن، نزیكەی 10 داری هاشێوەی لێیە، بەڵام ئەو دارە لە هەمویان بەرزتر بوو.

Xanima
غەنیمە عەبدوڵا، دڵخۆشە بە وەرگرتنی دوو نەمام كە لە رۆژی جیهانی زەوی پێیدرا و بڕیارە خزمەتیان بكات وەك جێگرەوەی دارە بە تەمەنەكە. فۆتۆ: لەیلا ئەحمەد

هەفتەی رابردوو بە بۆنەی رۆژی جیهانی زەوی، رێكخراوی ئەدوی – رێكخراوێكی لۆكاڵییە و گرنگی بە پرسی ژینگە و ژنان دەدات-، هەڵمەتێكی دارچاندنی لەو گوندە دەستپێكرد، غەنیمە یەكێك بوو لەو خانمانەی لەلایەن تیمەكانی رێكخراوەكەوە دوو نەمانی پێبەخشرا و چاندنی، ئەو وتی "دەیانپارێزم و ئاگام لێیان دەبێت"، ئەوەش بە ئامانجی ئەوەی قەرەبوی داری عەلی رۆستەم بكاتەوە و سێبەر و سایەی بۆ نەوەكانی داهاتوو بێت.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT