لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، بە فراوانی بانگەشە بۆ لەزگەیەكی موگناتیسی دەكرێت گوایا لە ماوەیەكی كەمدا كێش دادەبەزێنێت و هاتووە "بەبێ وەرزش لە 30 رۆژدا 10 كیلۆ دابەزێنە"، یەكێك لە ڤیدیۆكان لە ماوەی كەمتر لە 20 رۆژدا 225 هەزار كەس بینیویەتی و خەڵك لە كۆمێنت داوای دەكەن.
راستی زانیارییەكە
دكتۆر سەلمان جاف، پزیشکی پسپۆڕی خۆراک، قەڵەویی و لاوازی و گەشە، داوای لە تەواوی هاوڵاتیان كرد خۆیان بەدوربگرن لە بەكارهێنانی ئەو لەزگەیە و جەختیكردەوە "زانستی نییە، بە دڵنیاییەوە دەیڵێم زیانی زیاترە لە سودەکەی".
دكتۆر سەلمان وتی "هەر شتێک وەربگرین، جا دەرمان بێت یان ڤیتامین، یان تەواوکەری خۆراکی بێت بۆ هەر نەخۆشێک بەکاربێت رێگای جیاواز و شێوازی جیاواز جیاوازی هەیە.. دابەزاندنی کێش بەو شێوازی رێکلامکردنە سەر لەبەری هەڵەیە و لەزگەی موگناتیسی بەهیچ شێوەیەک کێش دانابەزێنێت"، زیاتر وتی "هەندێک جۆری لەزگە هەیە پەسەندكراوە، ڤیتامین و ماددەی خۆراکی تێدایە و باشترە، بەڵام موگناتیسەکە سەلامەت نییە".
هەر بۆیە بەتایبەت رێنمایی خانمانی دووگیان دەكرێت، بۆ دابەزاندنی كێشیان جگە لە وەرزشكردن هیچ رێگایەكی تر بەكارنەهێنن، چونكە زیانی بۆ خۆیان و كۆرپەكەیانیان دەبێت.
دكتۆر سەلمان وتی "تاکە چارەسەر و سەلامەترین چارەسەر بریتییە لە رێکخستنەوەی سیستمی خۆراک و پاراستنی کالۆرییەکانی لەش، واتا کالۆری زیاتر بسوتێنیت لەوەی کە وەریدەگریت، ئەم هۆکارانەش کلیلی دابەزاندنی کێشن بەشێوەیەکی کاریگەر و یەکەم هۆکار و کۆتا هۆکارن لەوانە: مانەوەی چالاکی جەستەیی، واتا جوڵە و وەرزشی بەردەوام، خۆراکی هاوسەنگ و خەوێکی کوالێتی بەرز و خواردنەوەی ئاوی پێویست".