دڵنیابوونەوە لە زانیارییەكان؛
هەموو پێكوتەكان سەلامەتن و منداڵان توشی ئۆتیزم ناكەن

تیمەكانی پێدانی ڤاكسین لە عیراق، لەكاتی كوتانی منداڵێك. فۆتۆ: UNICEF Iraq

هاوژین نامیق

هەندێك لە خێزانەكان دودڵن لە كوتانی منداڵەكانیان، هەندێك دەنگۆ و زانیاریی چەوتیش لە پلاتفۆرمەكانی سۆشیال میدیا وابڵاودەكرێنەوە گوایا كوتان منداڵان توشی ئۆتیزم دەكات، بەڵام ئەو زانیاریی و دەنگۆیانە سەرلەبەری رەتدەكرێنەوە.

پسپۆڕانی تەندروستیی عیراقی و رێكخراوی تەندروستیی جیهانی، جەختدەكەنەوە لەوەی هەموو پێكوتەكان لە تاقیگە جیهانییەکاندا پشکنینیان بۆ کراوە و سەلامەتن، "زیانیان بۆ منداڵان نییە و بە پێچەوانەوە دەیانپارێزن لە نەخۆشییە درمە کوشندەکان".

لە چەند رۆژی رابردودا لە پەیجێكی كوردی تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك، راپرسییەك دانرابوو، كە گومانی دەخستە سەر پرۆسەی كوتان و پرسیارێكی كردبوو، تیایدا هاتبوو "سڵاو دایک و باوکە بەڕێزەکان، وەک دەزانن تا ئێستا هۆکاری سەرەکیی ئۆتیزم دیارینەکراوە، بەڵام بەشێک لە پڕوپاگەندەکان دەڵێن کوتانی منداڵان هۆکارە بۆ توشبون بە ئۆتیزم...".

راپرسییەكە لە گروپی خانەوادەکانی ئۆتیزم و فرەجوڵەیی دانرابوو و هەریەكە و بەجۆرێك لە كۆمێنت رای خۆیان لەسەر راپرسییەكە نوسیی بوو.

دڵنیابونەوە لە زانیارییەكان (پشتڕاستكردنەوە):

رزگار عەلی، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی خۆپاراستنی تەندروستیی سلێمانی، بە (كەركوك ناو)ی وت "كوتان لە پێناو پاراستنی منداڵانە لە نەخۆشییە درمییە کوشندەکان لەگەڵ نەخۆشی ئۆتیزم... لەڕاستیدا ئۆتیزم نەخۆشییەکە لە جیهاندا کە پەیوەستە بە پەیوەندی کۆمەڵایەتییەوە ئەو کەسەی کە توشی دەبێت پەیوەندی لەگەڵ دەوروبەرەکەیدا دەبڕێت و توانای فێربون لەدەستدەدات، پەیوەندیکردنی لەگەڵ دەوروبەردا کەمدەبێت".

زیاتر وتی "هەموو كوتانەكان لە یەك ساڵییەوە تا پێنج ساڵی لە تاقیگە جیهانییەکاندا پشکنینیان بۆ کراوە و  زیانیان نییە و بەپێچەوانەوە سەلامەتن، منداڵ دەپارێزێت لە نەخۆشییە درمییە کوشندەکان کە دوچاری منداڵان دەبن. منداڵ هیچ بەرگرییەکی ئەوتۆی نییە بۆیە دەبێت ئەم کوتانانەی بۆ بکرێت".

وتیشی "لەدوای هاتنی کوتانەوە لە شەست بۆ حەفتاكانی سەدەی رابردوو، كوتان بۆتە چەکێکی کاریگەر کە توانیویەتی رێژەی مردنی منداڵان کەمبکاتەوە، بۆیە دەڵێم ئەم کوتانانە سەلامەتن و هیچ پەیوەندییەکیان نەک بە نەخۆشیی ئۆتیزم و هیچ نەخۆشییەکی ترەوە نییە، بە پێچەوانەوە چەکێکی کاریگەرن بۆ پاراستنی منداڵەکان".

رێکخراوی تەندروستیی جیهانی جەختدەكاتەوە لە پێویستی و گرنگی كوتانی كۆرپەلە، ئەوەش لە پێناو پاراستنی منداڵان لە نەخۆشییە مەترسیدارەكان.

بەپێی رێکخراوەكە ڤاکسینەکان لە ساڵی یەکەمی تەمەنی منداڵدا  زۆر گرنگن، "چونکە منداڵان لەو تەمەنەدا ئەگەری توشبونیان بە نەخۆشی گواستراوە زیاترە... کوتان لە مانگەکانی یەکەمی تەمەنیدا یارمەتیدەرە بۆ بنیاتنانی سیستمی بەرگریی لەشیان و دەیانپارێزێت لە نەخۆشییەکانی: ئیفلیجی منداڵان، سورێژە، کۆکە، هەوکردنی سییەکان، هەوکردنی پەردەی مێشک، ڤایرۆسی رۆتا (هۆکارێکی سەرەکییە بۆ سکچونی توند)".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT