بە پێوە وەستانی زۆر
مامۆستایانی دووگیان دەترسێنێت

ئەم وێنەیە لە ماڵپەڕی unsplash وەرگیراوە لە 5ی ئایاری 2025. فۆتۆ: Ryan Franco

پەیام نەجمەدین

"ئازاری پشت و قاچم تەنگی پێهەڵچنیوم، پزیشكەكان رێنماییان كردوم زۆر بە پێوە وەستان كەمبكەمەوە، نەوەك كاریگەریی هەبێت بۆ سەر تەندروستی خۆم و كۆرپەلەكەم"، شەیدا عومەر كە لە هەشت مانگی دووگیانییەكەیدایە نیگەرانە لەوەی ناتوانێن ئەو رێنماییانە جێبەجێ بكات، ئەوەش بەهۆی پابەندبونی بە بڕیارەكانی حكومەت.

شەیدا مامۆستایە لە ئامادەیی كوردستانی نوێ لە سەیدسادق و رۆژانە سێ بۆ چوار بەشە وانەی هەیە، ئەو دەستی بە پشتییەوە گرت كاتێك لەسەر كورسییەكەی هەستایە سەر پێ و وتی "زۆری ئازاری پشت و قاچم ناڕەحەتی كردوم، هەست بە ماندوبون دەكەم، رۆژانە دەبێت بە پێوە بەشە وانەكانم تەواوبكەم".

وانەی فیزیا كە پێویستی بە رونكردنەوەی زیاتر و نوسین هەیە، ئەو مامۆستایە ناچار دەكات زۆرینەی كاتەكان بە پێوە بێت، چونكە رێنماییە پەروەردەییەكان رێگرن لەوەی بەر لە 21 رۆژ لە لەدایكبونی كۆرپەلەكەی مۆڵەتی پێبدرێت.

بەیێی رێنماییەکانی وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ مامۆستایانی دووگیان، دەبێت تا سێ هەفتە بەر لە دایكبونی كۆرپەكەیان وانە بڵێنەوە، ئەوەش ناگونجێت لەگەڵ رێنمایی پزیشك بۆ مامۆستا شەیدا، بۆیە شەیدا دەڵێت لە ئیستادا پێویستی بە پشوی زیاتر هەیە.

"هەندێك كات لەكاتی وانە وتنەوەدا تا پرسیارێک شیکار دەکەم، دەوەستم و جاری واهەیە دەڵێم دەمرم، خێرا کورسییەک دەهێنم و دادەنیشم"، زیاتر وتی "تەنانەت بەشە وانەكانم كەمنەكراوەتەوە و چاودێری تاقیكردنەوەكانیش دەكەم".

سۆران مەحمود، بەڕێوەبەری پەروەردەی سەیدسادق، دەلێت ئەوان تەنیا دەتوانن پابەندی رێنماییەكانی وەزارەتی پەروەردە بن كە تایبەت بۆ مامۆستایانی دووگیان دەریانكردووە، "هیچ هاوکارییەکی ترمان نییە نە بەشە وانە کەمدەکرێتەوە نە کورسی و پێداویستی تریان بۆ دابین دەکەین لەكاتی وانەوتنەوەدا".

بەڵام وتی "ئەگەر مامۆستاكان لەكاتی دووگیانیدا تەندروستییان باش نییە، دەتوانن مۆڵەتی هەفتەیەک یان 10 رۆژ وەک نەخۆش بکەن".

شەیدا وتی "دایکان پێش لەدایکبونی کۆرپەلەكانیان زیاتر پێویستییان بە هاوکارییە"، بۆیە پێشنیاری كرد لە بری 21 رۆژ دوو مانگ مۆڵەت بۆ مامۆستایانی دووگیان هەبێت بەر لەدایكبونی كۆرپەلەكانیان.

لە قەزای سەیدسادق سەر بە پارێزگای سلێمانی لەكۆی هەزار و  728 مامۆستا، هەزار مامۆستایان گرێبەستن، ئەوانەی گرێبەستن هاوشێوەی مامۆستایانی هەمیشەیی 21 رۆژ مۆڵەتیان هەیە بەرلەوەی كۆرپەلەكانیان لەدایكبێت.

هەر بەپێی رێنماییەكانی پەروەردە، لەدوای لەدایكبونی كۆرپەلە، مامۆستایان 52 رۆژی تر مۆڵەتیان پێدەدرێت، دوای ئەوە دەتوانن ساڵێكی تر مۆڵەت وەربگرن، بەڵام مۆڵەتی ساڵ مامۆستایانی گرێبەست ناگرێتەوە، تەنیا دەتوانن یەك مانگ مۆڵەتی بێ موچە وەربگرن.

سوهام محەمەد، مامۆستایەکی گرێبەستی وانەی بیركارییە و دووگیانە و کۆرپەلەکەی لە شەش مانگیدایە، وتی "بەشە وانەکانم زۆرن و زۆریش قسە دەکەم و بە پێوە دەوەستم، ئەمەش ماندوو و بیزارم دەکات، هەندێک کات توانای وانە وتنەوەم نامینێت"، زیاتر وتی "لەگەڵ لەدایکبونی کۆرپەلەکەم خەمی دوای ئەوەمە، چونكە نەبوونی مۆڵەت ژیان و بەخێوکردنی کۆرپەلەکەم قورستر دەکات و ناشتوانم هەقی تەواوەتی بدەم بە قوتابییەکانم".

لە مەڵبەندی تەندروستی سەیدسادق بەشێكی تایبەت هەیە بە چاودێریكردنی خانمانی دووگیان، تەنیا لە چوار مانگی یەكەمی 2025دا هەزار و 111 خانمی دووگیان بۆ پشكنین و رێنمایی سەردانیان كردووە.

جوان محەمەد، کارمەندێکی بەشی چاودێری خانمانی دووگیان لەو مەڵبەندە، وتی "ئێمە پشکنینی خوێن و پەستانی خوێن و شەکرەیان بۆ دەکەین، هەندێكی كات پزیشكی لێیە و هاوكاری ژنانی دووگیان دەكەن"، زیاتر وتی "رێنمایی تایبەتمان بە نوسراو نییە بیدەین بە خانمانی دووگیان، تەنیا بەدەم هەندێك رێنماییان پێدەدەین".

بەپێی ئامارێكی نەخۆشخانەی گشتی شەهید شەوکەت لە سەیدسادق، لە چوار مانگی 2025دا 111 منداڵ بەشێوەی سروشتی لەدایكبون.

هودا ئەحمەد، پزیشکی نەخۆشییەکانی ژنان و منداڵبون، دەڵێت بەپێوە وەستانی خانمانی دووگیان، هیچ کێشەیەک بۆ دایک کۆرپەلەکەی دروستناکات، "ئەگەر دایکەکە تەندروستی باش بێت... بەڵام ئەگەر دایکەکە کێشی زیاد بێت و کەمی ڤیتامینی هەبێت و وێڵاشی لەخوارەوە بێت، یان نەخۆشی ماسولکەی هەبێت، ئەوا بێگومان کاریگەری لەسەر دایکەکە دەبێت".

هودا وتی "دووگیانی نەخۆشی نییە، بەڵکو باریکی فسیۆلۆجییە و دایکانی دووگیان دەبێت جوڵەیان هەبێت و وەرزش و مەلە بکەن، نابێت هەر دابنیشن، دەبێت گۆڕانکاریی بکەن لەسەر شێوەی ژیانكردن".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT