زانكۆی دیالە هۆڵێكی نوێی بەناوی نادیە موراد كردەوە

دیالە/ 12ی ئایاری 2025/ كردنەوەی هۆڵێك بەناوی نادیە موراد لە زانكۆ یدیالە. فۆتۆ: راگەیاندنی زانكۆ

كەركوك ناو

"نادیە موراد نوێنەرایەتی یەكڕیزی نیشتیمانی گەلی عیراق دەكات"، سەرۆكی زانكۆی دیالە، بەمشێوەیە وتارەكەی لە مەراسیمی كردنەوەی هۆڵێكی نوێی كۆلێژی پزیشكی زانكۆكە بەناوی نادیە موراد دەستپێكرد و وتی "ئەمە رێزلێنانێکە بۆ دڵسۆزی و سوپاسگوزاریمان بۆ ئەو ژنە قارەمانە عیراقییە".

ئەو مەراسیمە دووشەممە 12ی ئایاری 2025 لە کۆلێژی پزیشکی زانكۆی دیالە بەڕێوەچوو، كە تایبەت بوو بە كردنەوەی هۆڵەكە بەناوی نادیە موراد، لە مەراسیمەكەدا نوێنەری وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی بەشداربوو.

پڕۆفیسۆر تەحسین حسێن، سەرۆكی زانكۆی دیالە وتی "ناونانی هۆڵەكە بەو ناوەوە، بۆ رێزلێنانە لەو چالاكوانە و ئەو هەموو قوربانییەی داویەتی و ئەو ئەشكەنجە و زیان جەستەیی و دەرونی و توندوتیژییەی روبەڕوی بۆتەوە، ئەمە جگە لە هەوڵە بەرچاوەکانی لە بواری مافەکانی مرۆڤ و بەرگریکردن لە ژنان".

نادیە موراد (32ساڵ)، براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتییە، ئەو لە ساڵی 1993 لە گوندی كۆجۆی قەزای شنگال لە پارێزگای نەینەوا لە دایكبووە و لە ساڵی 2016 وەک باڵیۆزی نیازپاکی نەتەوە یەکگرتووەکان هەڵبژێردرا، دواتر لە ساڵی 2018 خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بەدەستهێنا.

nadia.dyala
دیالە/ 12ی ئایاری 2025/ كردنەوەی هۆڵێك بەناوی نادیە موراد لە زانكۆ یدیالە. فۆتۆ: راگەیاندنی زانكۆ

دکتۆر حەیدەر ئەلسەعدی، سەرۆكی لیژنەی هەمیشەیی بۆ هۆشیاكردنەوە لە زانكۆی دیالە، لە مەراسیمی كردنەوەی هۆڵەكەدا رونیكردەوە كە کردنەوەی ئەو هۆڵە نوێنەرایەتی هەڵوێستێکی مرۆیی و نیشتمانپەروەرانەیە لە لایەن زانکۆی دیالە و کارگێڕانییەوە بۆ نادیە موراد، "بەو پێیەی نادیە موراد نوێنەرایەتی یەکڕیزی نیشتیمانی گەلی عیراق دەكات".

جەختیكردەوە "ئەمە رێزلێنانێکە بۆ دڵسۆزیی و سوپاسگوزاریی بۆ ئەم ژنە قارەمانە عیراقییە و ئەو بەها باڵایە مرۆییەی کە نوێنەرایەتی دەکات لە بواری مافەکانی مرۆڤ و لە روبەڕوبونەوەی هەموو جۆرە نادادپەروەریی و چەوساندنەوەیەك".

نادیە موراد، ساڵی رابردوو ناوی لە نێو لیستی 100 ژنی ئیلهامبەخش و کاریگەری جیهاندابوو، چونكە وەكو داکۆکیکارێکی پێشەنگی ررگاربوانی توندوتیژیی سێکسیی وەسفیانكرد.

nadyaa
دیالە/ 12ی ئایاری 2025/ كردنەوەی هۆڵێك بەناوی نادیە موراد لە زانكۆ یدیالە. فۆتۆ: راگەیاندنی زانكۆ

 لەبارەی بونی ناوی نادیە لەو لیستەدا، ماڵپەڕی بی بی سی بڵاویكردەوە "نادیە رزگاربوی جینۆسایدی ئێزیدییەکانە لە عیراق، ئەو تاوانە لە ساڵی 2014 لەلایەن ئەو گروپەوە كرا كە خۆیان ناودەبەن بە دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) ... نادیە لەلایەن چەکدارانی داعشەوە دەستگیركراوە و بە زۆرەملێ كراوە بە کۆیلە و روبەڕوی دەستدرێژیی سێكسی، ئازار و ئەشكەنجە بۆتەوە".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT