دوو ئەندامی عەرەب لە پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی كەركوك كشانەوە

كەركوك/ 21ی ئایاری 2025/ رەعد ساڵح (لای راستی وێنەكە)، زاهیر عاسی (لای چەپی وێنەكە). فۆتۆ: كەركوك ناو

كەركوك ناو

هەریەكە لە رەعد ساڵح و زاهیر ئەنوەر عاسی، ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك كشانەوەی خۆیان لە  هاوپەیمانی پێكهێنەری ئیدارەی كەركوك راگەیاند، بەڵام جەختیانكردەوە لە بەردەوامبونیان لە كاركردن لە چوارچێوەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوكدا.

كشانەوەكەیان ئەمڕۆ چوارشەممە 21ی ئایار لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا راگەیاند و هۆكارەكەیان بۆ "جێبەجێنەكردن"ی بڕگەكانی  رێككەوتنی پێكهێنانی حكومەت گەڕاندەوە.

رەعد ساڵح لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا وتی "نۆ مانگێك تێپەڕێوە بەسەر پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی كەركوك، بەڵام هیچ جددییەتێكمان نەبینی بۆ جێبەجێكردنی بڕگەكانی رێككەوتنی پێكهێنانی حكومەت بەتایبەت بێسەروشوێنە بێتاوانەكان".

زیاتر وتی "ئێمە كەسانی بەرژەوەندخواز نین و هۆگری پۆست و ئیمتیازات نین، بەشداریمان لە پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی كەركوكدا كرد تاوەكو بەرگری لە مافی خەڵكەكەمان بكەین، بۆیە ئێستا بڕیاماندا پاشەكشێ بكەین لە هاوپەیمانی پێكهێنانی حكومەتی كەركوك، بەڵام بەردەوامدەبین لە كاركردن لە چوارچێوەی ئەنجومەنی پارێزگا بۆ خزمەتكردنی خەڵك و دژایەتی گەندەڵی و گەندەڵكاران، وەكو چۆن سوێندمان لەسەر خواردووە".

كشانەوەكە هاوكاتە لەگەڵ ئامادەكارییەكانی حزب و لایەنە سیاسییەكانی عیراق و كەركوك بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عیراق كە بڕیاری لە 11ی تشرینی دووەمی 2025دا بەرێوەبچێت.

بەڵام رەعد ساڵح جەختیكردەوە لەوەی كە ئەوان ناچنە هیچ پرۆسەیەكی هەڵبژاردن و وەكو كاندیدبەشدارنابن، ئەگەر رێكخستنێكی سیاسیی ناوخۆیی گشتیگری عەرەب پێكنەیات كە لەپێناو بەرژەوەندی عەرەبی كەركوك كاربكات، بەبێ لەبەرچاوگرتنی بیروڕای هەڵبژاردن، ناوچەكان و عەشیرەت و مەزهەبی كارنەكات.

ئەو دوو ئەندامەی عەرەب (رەعد ساڵح، لە لیستی تەقەدوم بە سەرۆكایەتی محەمەد حەلبوسی و  زاهیر ئەنوەر عاسی لە هاوپەیمانی عروبە بە سەرۆكایەتی مەزهەر ئەنوەر عاسی)، داوا لە بەرەی بایكۆتی ئەنجومەن دەكەن بۆ كاركردن بگەڕێنەوە بۆ ئەنجومەنی پارێزگا وەكو پابەندبون بەو بەڵێنەی بە خەڵكیانداوە بۆ خزمەتكردن.

بە كشانەوی ئەو دوو ئەندامەی عەرەب لە رێككەوتنی پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی كەركوك، تەنیا یەك ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە پێكهاتەی عەرەب لە رێككەوتنی پێكهێنانی عەرەب ماون، لەكۆی شەش ئەندامی ئەنجومەن، ئەویش محەمەد حافز، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگایە.

حكومەتی خۆجێی كەركوك لە 10ی ئابی 2024 لە هۆتێل رەشید لە بەغدا پێكهات، بە بەشداری پێنج ئەندامی یەكێتیی، دوو ئەندامی لیستی قیادە، تاكە ئەندامەكەی عروبە و كۆتای كریستیان كە پێكەوە 9 ئەندامی ئەنجومەن بون لە كۆی 16 ئەندام.

بەڵام حەوت ئەندامی تر لەوانە (هاوپەیمانی عەرەبی لە كەركوك سێ ئەندام، پارتی دیموكراتی كوردستان دوو ئەندام، بەرەی توركمانی دوو ئەندام)، بەشدارییان لە رێككەوتنی پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی كەركوكدا نەكرد و وەكو ئۆپۆزسیۆن مانەوە.

هێشتا رون نییە كشانەوەی ئەو دوو ئەندامە لەسەر چ ئاست و بنەمایەكە، ئایا تەواوی ئەو پۆستانەی لە حكومەتی خۆجێی كەركوك و لە چوارچیوەی رێككەوتنی پێكهێنانی حكومەتدا وەریانگرتووە دەكشێنەوە یاخود نا، لەوانە یاریدەدەری پارێزگار، بەڕێوەبەری بەشەكانی دیوانی پارێزگا، قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیە و بەڕێوەبەرە گشتییەكان.

هەریەكە لە رەعد ساڵح و زاهیر عاسی لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەیاندا ئاماژەیان بەناوی حزبەكانیان نەكرد، تەنیا ناوی خۆیان لە راگەیەنراوەكەدا هێنا.

هەروەها داوایان لە دەنگدەری عەرەب كرد روبكەنە بنكەكانی تۆماری دەنگدەران و بە جۆشەوە بەشداریی لە هەڵبژاردنی داهاتودا بكەن و دەنگ بەو لایەنانە بدەن كە خزمەت دەكەن، ئەوەش لەپێناو دەرخستنی قەبارەی راستەقینەی پێكهاتەی عەرەب بۆ رای گشتی ناوخۆیی، هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی.

 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT