دڵنیابونەوە لە زانیارییەكان:
راستكردنەوەی چوار هەڵەی باو پەیوەست بە كۆرپەلە

ئەم وێنەیە لە 6ی حوزەیرانی 2025 لە ماڵپەڕی Unsplash وەرگیراوە. فۆتۆ: Isaac Quesada

بوار قادر

چوار هەڵەی باو لە كۆمەڵگەی عیراقیدا، دەكرێت بە لەدەستدانی ژیانی كۆرپەلە كۆتایی بێت، پزیشكیان رێنمایی دایكان دەكەن لەو هەڵە باوانە دوربكەونەوە.

چوار هەڵە باوەكە:

 "سكچوون و رشانەوە نیشانەی بەبۆنكەوتنە"

"لەبەر گڵۆپی شیریی دایبنێ زەردووییەكەی نامێنێت"

 "باژەڵە غازاتی كۆرپەلە ناهێڵێت"

 "شەكراو و هەنگوین ناوسكی كۆرپەلە پاكدەكەنەوە"

لەم چوار  هەڵە باوەدا ئەگەر مامەڵەیەكی زانستی لەگەڵ كۆرپەلەكەدا نەكرێت، رەنگە كۆرپەلە روبەڕوی مەترسی گەورەتری تەندروستی ببێتەوە.

یەكەم:  "سكچوون و رشانەوە نیشانەی بەبۆنكەوتنە"

كامەران ئەحمەد، پسپۆڕی نەخۆشییەكانی منداڵان و تازە لەدایكبووان، دەڵێت لەڕوی زانستییەوە نەخۆشییەكان دیاریكراون، لەو نێوەندەدا شتێك نییە بەناوی "بە بۆنكەوتنی منداڵ"، وەك ئەوەی هەندێك لە دایكان لەحاڵەتی رشانەوەی منداڵ و سكچونیدا دەڵێت بە بۆنكەوتووە.

ئەو وتی "رشانەوەی منداڵ و سكچون كە وەك نیشانەی بە بۆنكەوتن وێنای دەكەن، هۆكارەكەی هەوكردنی ریخۆڵە و گەدەیە، یان هەوكردنی لە پەردەكانی مێشكیدا هەیە، یان خۆراكی ژەهراوی خواردووە، ئەمەش بەواتای ئەوەی بەبۆنكەوتن نییە، لە حاڵەتی رشانەوە، سكچون و لەرزوتادا دەبێت بەدوای هۆكارەكەیدا بگەڕێین".

زیاتر وتی "منداڵیان هێناوەتە لامان كۆڵان بە كۆڵان بەدوای چارەسەری بە بۆنكەوتندا بردویانە، بەڵام دەركەوتووە هەوكردنی پەردەی مێشكی هەبووە... منداڵێك ئەگەر هەستیاری هەبێت ئەوەی كە پێی دەڵێن رەبۆ ئەگەر بۆن بچێت بەسەریاندا هەناسەی توند دەبێت و توشی كۆكە و پژمە دەبێت، نەوەك سكچوون و رشانەوە".

شتێكی تری باو هەیە لە كۆمەڵگەدا، كە دەوترێت كۆرپەلە مەبەن بۆ لای ژنێك كە تازە منداڵی بووە، چونكە بە بۆن دەكەوێت، دكتۆر كامەران ئەحمەد وتی "ئەمە راست نییە، راستییەكەی ئەوەیە ژنێك كە منداڵی دەبێت توشی هەوكردن دەبێت و ئەو منداڵەش كە دێتە لای رەنگە هەوكردنەكەی بۆ بگوازرێتەوە، نەوەك بەبۆنكەوتن".

ئەو پزیشكە دەڵێت، ئەو چارەسەرەی لە لاكۆڵان دەكرێت بەناوی چارەسەری بە بۆنكەوتن، باری تەندروستی منداڵەكە قورستر دەكات، "چونكە منداڵەكە نەخۆشیەكی جدی هەیە و دەڵێن هیچ نییە و بە بۆنكەوتووە، لەكاتێكدا رەنگە توشی  پەردەی مێشك بوبێت و دواخستنی چارەسەری ترسناكە".

دووەم: "شەكراو و هەنگوین ناو سكی كۆرپەلە پاكدەكەنەوە"

دكتۆر كامەران ئەحمەد، دەڵێت لەڕوی زانستییەوە هەنگویندان بە كۆرپەلە تا تەمەنی یەك ساڵی قەدەغەیە، "چونكە لەناو هەنگویندا ماددەیەك هەیە گەدەی منداڵ ناتوانێت هەرسی بكات، رەنگە منداڵەكە توشی بۆتۆلیزم بكات كە نەخۆشییەكی ترسناكە و زیاتر توشی گەدەی كۆرپەلە دەبێت".

لەبارەی شەكراویشەوە، وتی "منداڵ ئەگەر شەكرەی دابەزی، جۆرێك لە شەكراوی پزیشكی تایبەت هەیە كە پێی دەدرێت، ئەوەش دەبێت پزیشك دیاری بكات، چونكە شەكراوی ماڵەوە منداڵ پێی دەڕشێتەوە و دەبێتەهۆی ئەوەی میزێكی زۆر بكات و وشكببێتەوە".

سێیەم: "لەبەر گڵۆپی شیریی دایبنێ زەردووییەكەی نامێنێت"

هەندێك لە دایكان لەكاتێكدا كە كۆرپەلەكانیان توشی زەردویی دەبن، لەبەر گڵۆپی شیری-دا دایدەنێن، دكتۆر كامەران دەڵێت "ئەوە هیچ سودێكی نییە، چونكە ئەوە جیاوازە لەو گڵۆپە تایبەتەی لە نەخۆشخانە منداڵی نەخۆشی زەردویی دەخەنەبەر".

چوارەم:  "باژەڵە غازاتی كۆرپەلە ناهێڵێت"

باژەڵە بریتییە لە لە برینداركردنی سكی منداڵ، بۆ ئەوەی "غازاتی نەمێنێت"، دكتۆر كامەران دەڵێت ئەوە هیچ بنەمایەكی نییە، راستە منداڵ غازات دەكات، بەڵام بە برینداركردن تەنیا ئازار بە منداڵەكە دەگەیەنیت و دەبێتەهۆی هەوكردنی شوێنی برینداركردنەكە.

"غازات بەو پرۆسەیە نایاتەدەرەوە، چونكە غازات لەناو ریخۆڵەدایە، جگەلەوە سك لە چەند چینێك پێكهاتووە، باژەڵە تەنیا برینداركردنی روكەشی بەشی سەرەوەیە".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT