نیوەی بەرهەمی گەنمی جوتیارانی شنگال وەرناگیرێت

نەینەوا/ ئایاری 2025/ دیمەنێك لە سایلۆی شنگال، فۆتۆ: تایبەتبە كەركوك ناو

عەمار عەزیز – شنگال

بڕیارێكی سایلۆی شنگال جوتیاران روبەڕوی دڵەڕاوكێ و نیگەرانی دەكاتەوە، چونكە تەنیا دەتوانێت نیوەی بەرهەمی جوتیاران وەربگرێت.

سایلۆكە هەفتەی رابردوو دەستی بە وەرگرتنی بەروبومی دانەوێڵەی جوتیاران كرد، لە توانایدایە 22 هەزار تۆن وەربگرێت، بەڵام بەپێی پلانی كشتوكاڵی بەرهەمی گەنمی ئەمساڵی شنگال دەگاتە سەروو 40 هەزار تۆن.

شەهاب خدر سورۆ، دانیشوی گوندی گوهبەلە سەر بە ناحیەی سنونێ لە شنگال، ئاگاداركراوەتەوە كە تەنیا دەتوانن 220 تۆن گەنمی لێوەربگرن، لەو حاڵەتەشدا دەبێت 30 تۆن لە گەنمەكەی لە بازاڕ بفرۆشێت.

"من بە هەوڵ و ماندوبونی خۆم 400 دۆنم زەویم لەڕێی مورەشە (سیستمی ئاودێرییەوە) چاندووە، بەڵام ئێستا دەڵێن 30 تۆن گەنمت لێوەرناگرین"، شەهاب زیاتر وتی "زیانێكی زۆر گەورەمان بەردەكەوێت".

وەرنەگرتنی ئەو بڕە لەكاتێكدایە شەهاب زیانێكی زۆری بەهۆی كەمبارانییەوە كردووە، چونكە 2000 دۆنم روبەری دێمی چاندووە و هیچی لێ بەرهەم نەبووە، "دەبوو لە بەرامبەر ئەو زیانە، ئەم 30 دۆنمەیان لێوەربگرتینایە".

موحسین برجز، بەڕێوەبەری سایلۆی شنگال بە (كەركوك ناو)ی وت "بەپێی پلانی كشتوكاڵی بەرهەمی گەنمی جوتیارانی قەزاكە سەروو 40 هەزار تۆن دەبێت، بەڵام ئێمە تەنیا دەتوانین 22 هەزار تۆن وەربگرین، چونكە سایلۆكە نۆژەننەكراوەتەوە و تەنیا شەش كۆگای هەیە".

بەرهەمی گەنمی شنگال سەروو 40 هەزار تۆن دەبێت، بەڵام ئێمە تەنیا دەتوانین 22 هەزار تۆن وەربگرین

سایلۆی شنگال، لە سەردەمی دەسەڵاتدارێتی دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام (داعش) لە پارێزگای نەینەوا، لەسەدا 80ی وێرانكرا و هێشتا نۆەژننەكراوەتەوە، بەر لە هێرشی داعش توانای وەرگرتنی 40 هەزار تۆن دانەوێڵەی هەبوو.

هەفتەی رابردوو لیژنەیەكی باڵای وەزارەتی كشتوكاڵی عیراق دەركگای سایلۆی شنگالی بەڕوی جوتیاراندا كردەوە بۆ وەرگرتنی بەرهەمەكانیان.

موحسین برجز وتی "هەوڵدەدەین ئەو بڕەی كە ناتوانین وەریبگرین بیگوازینەوە بۆ سایلۆی بەعاج، چونكە لە دەوروبەری شنگال هیچ سایلۆیەكی تر نییە"، بەڵام ئەوە پێویستی بە رەزامەندی وەزارەتی كشتوكاڵی عیراق هەیە.

بەڵام شەهاب خدر وتی "گواستنەوە بۆ سایلۆیەكی تر تێچوی زۆرە و هیچی وامان بۆ نامێنێتەوە".

ئەمساڵ لە سنوری شنگال روبەری 190 هەزار دۆنم بە گەنم چێنراوە، بەڵام تەنیا 64 هەزار دۆنمی بە كەڵكی دورینەوە دێت، ئەوەش بەهۆی كەمی بڕی بارانبارینەوە.

بەڕێوەبەری سایلۆی شنگال وتی "چارەسەری ئەم بابەتە بۆ ساڵی داهاتوو تەنیا ئەوەیە سایلۆكە نۆژەنبكرێتەوە و رێژەی وەرگرتنی گەنمی جوتیاران زیاد بكرێت".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT