تەنیا بە ئەلیكترۆنی دەبێت
بەڕێوەبەری خۆراك لە كەركوك: فۆڕمەكەت نوێ نەكەیتەوە، خۆراكەكەت رادەگیرێت

ئیناس حەسەن – كەركوك

تەڵاڵ مەحمود یوسف، بەڕێوەبەری لقی خۆراك لە كەركوك جەختیكردەوە دوایین وادەی نوێكردنەوەی فۆڕمی خۆراك 6ـی حوزەیرانی 2025ـە و تەنیا لەڕێی بەرنامەی مۆبایلەوە دەبێت، بەبێ ئەوەی هاوڵاتیان پێویست بكات سەردانی فەرمانگەكە بكەن.

یوسف بە (كەركوك ناو)ـی وت "سەردانیكردنی راستەوخۆ بۆ فەرمانگە پێویست نییە، نوێكردنەوەی فۆڕمی خۆراك تەنیا لەڕێی بەرنامەی تایبەت بە نوێكردنەوەی فۆڕمەكە دەبێت كە پێویستە لە مۆبایلی زیرەكدا بەرنامەكە دابەزێنیت".

هەروەها هۆشداری دا، هەر خێزانێك لە وادەی دیاریكراودا فۆڕمی خۆراك نوێ نەكاتەوە، ئەوا بەشە خۆراكەكەی بە كاتی رادەگیرێت، دواتر بۆ ئەوەی بیگەڕێنێتەوە، دەبێت هەر بە رێگای ئەلیكترۆنی مامەڵەی بۆ بكات پاش نەمانی ئەو بەربەست و هۆكارانەی بوون بە هۆی راگرتنی.

 نوێكردنەوەی بەشە خۆراكی منداڵ

بەڕێوەبەری خۆراكی كەركوك دەربارەی ئەو منداڵانەی تەمەنیان لە خوار 12 ساڵییەوەیە و كارتی نیشتیمانییان نییە، وتی "پێویستە كارتی نیشتیمانییان بۆ دەربكرێت"، ئاماژەی بەوەشدا هەندێك لە هاوڵاتیان هێشتا پێیانوایە كارتی نیشتیمانی تەنیا بۆ سەروو 12 ساڵ دەردەكرێت، لە كاتێكدا وانییە و رێنماییەكان رێگەدەجات بە دەركردنی كارتی نیشتیمانی بۆ منداڵ بە زوترین كات.

"رەنگە ئەو رێنماییانە كۆنە لای بەشێك لە هاوڵاتیان مابێت، ئەگەرنا ئێستا هەر خێزانێك بیەوێت كارتی نیشتیمانی دەربكات، نۆرە دەگرێت و دەبنە خاوەنی كارتی نیشتیمانی تا بتوانن فۆڕمی خۆراك نوێ بكەنەوە، چونكە رێكارەكان ئاسانە و تەنیا پێویستی بەوە هەیە هاوڵاتیان بجوڵێن و هەوڵبدەن".

tallal kirkuk
تەڵاڵ مەحمود یوسف، بەڕێوەبەری خۆراكی كەركوك فۆتۆ: تایبەت بە كەركوك ناو

تەڵاڵ مەحمود یوسف رونكردنەوەی دا سەبارەت بەو خێزانانەی یەكێك لە ئەندامەكانیان كارتی نیشتیمانی نییە، ئایا چی بكات، "پێویستە هەر خێزانێك پێش دەستپێكردن بە نوێكردنەوە بزانێت هەموو بەڵگەنامەكانی هەیە و ئەگەر كارتی نیشتیمانی نییە هەوڵبدات بەدەستیبهێنێت، بەشی ئەوەش كات هەبوو كارتی نیشتیمانی دەربكات و لەڕێی بەرنامەكەوە فۆڕمەكەی نوێ بكاتەوە".

هەروەها جەختیكردەوە "هەر خێزانێك یان كەسێك بەڵگەنامەكانی تەواو نەبێت لە نێویاندا كارتی نیشتیمانی، ئەوا ناتوانێت نوێكردنەوەكە تەواو بكات و لە ئەنجامدا، ئەو ئەندامەكەی خێزانەكە یان تەواوی خێزانەكە تەنیا چارەسەر ئەوەیە بەشە خۆراكیان رابگیرێت".

 هاوڵاتیانی دەرەوەی عیراق

بەوتەی بەڕێوەبەری خۆراكی كەركوك، هاوڵاتیانی نیشتەجێی دەرەوەی عیراق مافی نوێكردنەوەی فۆڕمی خۆراك و وەرگرتنی بەشە خۆراكیان نییە، "بەرنامەكە بە جۆرێكە لە كاتی نوێكردنەوەی فۆڕمی خۆراك داوای چالاككردنەوەی شوێن و ناونیشانی جوگرافی دەكات، بەوەش ئاشكرادەبێت هاوڵاتییەكە لە دەرەوەی عیراقە یان نا، ئەگەر نیشتەجێی دەرەوەی عیراق بوو بەشە خۆراكی هەموو خێزانەكە رادەگیرێت، رەنگە رێكار و لێكەوتەی یاساییشی هەبێت".

 كارئاسانی بۆ خاوەن پێداویستی تایبەت

تەڵاڵ مەحمود دەڵێت رێكار و میكانیزمێك هەیە، وەكو هاوكار و كارئاسانی لە بەڕێوەبەرایەتییەكەیاندا بۆ نوێكردنەوەی فۆڕمی خۆراكی خاوەن پێداویستی تایبەت، لەگەڵ ئەوانەی جیابوونەتەوە، هەروەها هەر هاوڵاتییەك كە كێشەی تەكنیكی هەبێت یان بە هەڵە زانیارییەكانی لە بەرنامەكە نوسی بێت.

هەموو ئەو حاڵەتانەی باسی كرد، لە چوارچێوەی بەرنامەیەكی تایبەتدا دەنێردرێت بۆ بەغدا تا بە دەستی نەك ئەلیكترۆنی كارەكانیان راییبكرێت یان چارەسەر بكرێت، هەرچەندە بەشێكی زۆر لەو كێشانەی هەیە لە ناو بەڕێوەبەرایەتی خۆراكی كەركوك چارەسەر دەكرێت و پێویستی نییە بگاتە بەغدا، "تیمی ئەندازیار و شارەزامان هەیە لە نێویاندا من بە شێوەیەكی ورد و رۆژانە چاودێری بەردەواممان هەیە بۆ چارەسەری كێشە و گرفتی هەر هاوڵاتییەك سەردانمان دەكات".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT