ئیڤان دەگەڕێتەوە بۆ سروشت
سابون و بەرهەمی جوانكاری لە میوە و سەوزە دروستدەكات

دیالە/ 2025/ ئیڤان عەبدوڵا یەكێك لە بەرهەمەكانی نیشان دەدات كە بەوتەی خۆی "سەدا 100 سروشتییە" فۆتۆ: كەركوك ناو

كەركوك ناو – دیالە

لە سوچێكی بچوكی ماڵی باوكیەوە، ئیڤان پرۆژەیەكی سادەی بۆ دروستكردنی سابون لە میوە و سەوزە دەستپێكرد، بەرلەوەی بگۆڕێت بۆ كارگەیەك كە ئێستا دەیان بەرهەمی جوانكاری دوور لە ماددەی كیمیایی، دەخاتە بازاڕەوە.

ئیڤان عەبدوڵا (30 ساڵ) خەڵكی خانەقینە، ئەندازیاری كیمیاییە و لە ساڵی 2019ـەوە بیرۆكەی پرۆژەكەی خستۆتە بواری جێبەجێكردنەوە، ئەوكاتەی خوێندكاری قۆناغی سێیی زانكۆ بوو، سەرەتاش وەكو ئەزمون، چەند سابونێكی دروستكرد و بە هاوڕێكانی بەخشی.

"ئەوكات هاوڕێكانم، سابونەكانیان بە دڵ بوو، بۆیە هانیاندام كە پرۆژەكەم دابمەزرێنم"، یەكەم هەنگاوی دامەزراندنی ئەو پرۆژەیە، لە ماڵی باوكی ئیڤانەوە بوو، لە ژورێكی بچوكدا، بە چەند ئامێر و كەرەستەیەكی سادە. ئەو چەند سابونەی سەرەتا ئێستا بۆتە زیاتر لە 50 بەرهەمی جیاواز، لە سابون و جوانكاریی و گرنگیدان بە پێست، چیتر لە ژورەكە بچوكەكەشدا نەماوە.

ئیڤان بە (كەركوك ناو)ـی وت "پرۆژەكەم لە وەرشەیەكی بچوكی ماڵی باوكمەوە گەشەی كرد بۆ كارگەیەكی بچوك لە ماڵەكەی خۆم، ئێستا خوشكەكەم هاوكارمە، ئەویش فێری پیشەكە بووە" فراوانبوونی پرۆژەكەی ئیڤان، هاوكات بوو لەگەڵ هاوسەرگیرییەكەی، ئێستا دایكی منداڵێكە و دەڵێت، هاوسەرەكەیی و كەسوكاری پاڵپشتی دەكەن. ئەو چەند ساڵێك لەمەوبەر لەڕێی گێڕانەوەی چیرۆكەكەی لە (كەركوك ناو)ـەوە پرۆژەكەی زیاتر ناسرا.

evan xanaqi  (6)
دیالە/ 2025/ كارگەكەی ئیڤان زیاتر لە 50 بەرهەمی سابون و جوانكاری هەیە فۆتۆ: كەركوك ناو

لە شەش ساڵی رابردودا، كڕیار بۆ بەرهەمەكانی زیاتر بوون، ئێستا وەكو براندێكی ناوخۆیی ناسراوە لە بواری جوانكاری و رەزامەندی زۆری پێگەیشتۆتەوە.

"پێموایە سروشت هەموو ئەو شتانەمان بۆ دابیندەكات كە پێویستمانە بۆ گرنگیدان بە جوانی و تەندروستیمان، ویستم بەرهەمی سەلامەت و كاریگەر دروستبكەم، كە بە تەواوی دووربێت لە هیچ زیادكردنێكی كیمیایی زیانبەخش"، ئیڤان نمونەی ئەوەدەهێنێتەوە، چەندین كەس بەهۆی بەرهەمی جوانكارییەوە زیان بە پێستیان دەگات یان روبەڕوی كێشەی تەندروستی درێژخایەن دەبنەوە.

هەروەها جەختیكردەوە بەرهەمەكانی "سەدا 100 سروشتین، بەبێ بەكارهێنانی هیچ ماددەیەكی كیمیایی، یان پێكهاتەی گوماناوی"، چونكە لە دروستكردنی بەرهەمەكانیدا پشت بە میوەكانی وەكو ترێ و سەوزەكانی وەكو چای سەوز و نەعنا، یان زەیتی سروشتی بادەم و ماددە رووەكییەكانی تر دەبەستێت.

"هەموو بەرهەمەكان، پێش خستنە بازاڕ و بەكارهێنان، بە شێوەی تاقیگەیی پشكنینیان بۆ دەكەم، لە پێناو دڵنیابوون لە سەلامەتی تەندروستی" ئیڤان وای وت، دەشڵێت هەندێك پێداویستیی لە دەرەوەی وڵاتەوە هاوردە دەكات، بە تایبەت دابینكردنی ئامێری پێشكەوتوو و نوێ.

evan xanaqi  (5)
دیالە/ 2025/ ئیڤان خەونی ئەوەیە پرۆژەكەی گەورەتر بكات و ببێتە براندێكی جیهانی فۆتۆ: كەركوك ناو

ئەو پشت بە بازاڕی ئۆنلاین دەبەستێت، لە زۆربەی ناوچە جیاجیاكانی عیراق و هەرێمی كوردستان كڕیاری هەیە، سەرەتا ناوی لێنابوو "ئیڤڵ" و ئێستا بەرهەمەكانی ناوی "ئیڤان"ـیان هەڵگرتووە.

بەردەوامی چاوێكیشی لەسەر پاراستنی ژینگە بووە، هەوڵیداوە كەرەستەكانی هاوڕێی ژینگە بن، خۆی لە پلاستیك بەدور دەگرێت و زیاتر شووشە بەكاردەهێنێت.

ئیڤان هیچ بەڵێنێك لەبارەی كاریگەری بەرهەمەكانی نادات، چونكە "بەرهەمە سروشتییەكان كاتیان دەوێت تا جیاوازییەكی راستەقینە دروستبكەن، بەڵێنی ئەنجامی خێرا نادەین، بەڵكو بەڵێنی ئەنجامێكی جێگیر و سەلامەت دەدەین".

خەونەكانی ئەو خانمە خانەقینییە هێشتا لە سەرەتادایە، دەیەوێت ببێتە براندێكی گەورە و ناسراو لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوەی وڵات، هەروەها متمانە لە نێوان كڕیار و بەرهەمەكانی جوانكاری بنیاتبنێتەوە، ئیڤان وتی "پرۆژەكەمان پەیامی خۆشەویستیی و راستگۆییە، لە سروشتەوە بۆ مرۆڤە".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT