لە پەیجێك كە دەرمانی گیایی دەفرۆشێت بانگەشەی زیادكردنی شیری دایك دەكات لەڕێی گیای میرەمییە، لەگەڵئاماژەدان بەچەند سودێكی تر بۆ خانمان، بانگەشەكە بەشێوەی ریڵز لە ڤیدیۆیەكدا بڵاوكراوەتەوە و 11 هەزار كەس بینیویەتی، پەیجەكە 110 هەزار فۆڵەوەری هەیە.
راستی زانیارییەكان:
سارا ئیسماعیل، پسپۆڕی نەخۆشییەكانی ژنان و منداڵبون، بۆ (كەركوك ناو) جەختیكردەوە "گیای میرەمیە بەهیچ شێوەیەك هیچ سودێكی بۆ ئەو ئافرەتانە نییە گە گەنجن و تازە توشی سوڕی مانگانە دەبن، چونكە گیایەكە ناتوانێت سوڕی مانگانەیان رێكبخاتەوە، هەروەها شیری دایكان زیاد ناكات و زانست ئەوەی نەسەلماندووە"، لەگەڵ جەختكردنەوە لەوەی گیای میرەمیە توانای رێكخستنەوەی هۆرمۆنی ئافرەتانیشی نییە وەك ئەوەی بانگەشەی بۆ دەكرێت.
سارا ئاماژەی بەوەشدا كە زانست كاتێك شتێك دەسەلمێنێت كە توێژینەوەی لەسەر بكرێت، بەڵام گیای میرەمیە توێژینەوەی لەسەر نەكراوە، تەنیا ئەوەیە كە وەكو ئیسترۆجین كاردەكات كە هۆرمۆنێكی ژنانەیە و بۆ ئەو ژنانە بەسودە كە دەچنە 47 ساڵییەوە و هیلكەدانیان بەباشی كارناكات و ئیسترۆجین دەرناكات. وتی "لەوكاتەدا هەندێكجار توشی خەمۆكی دەبن و ئەو گیایە بخۆن بەسودە وەك جێگرەوەی ئیسترۆجین"