دڵنیابونەوە لە زانیارییەكان:
لە دەستدانی هێلكەیەكی گون توانای وەچەخستنەوە لەدەستنادەیت

ئەم وێنەیە لە 17ی ئاداری حوزەیرانی 2025 لە ماڵپەڕی Unsplash وەرگیراوە. فۆتۆ: Volodymyr Hryshchenko

فەرمان سادق

"لەدەستدانی یەكێك لە هێلكەكانی گون وادەكات توانای وەچەخستنەوە لەدەستبدەیت، ئەگەر یەكێك لە گونەكانت لەدەستبدەیت ناتوانیت هاوسەرگیری بكەیت"، ئەمە قسەیە لەناو هەندێك لە گەنجاندا باوە، پسپۆڕانی تەندروستی-یش دەڵێن بەردەوام لەلایەن بەشێك لە گەنجانەوە روبەڕوی ئەو جۆرە پرسیارانە دەبنەوە.

دڵنیابونەوە لە زانیارییەكان (پشتڕاستكردنەوە):

هیوا عەبدولڕەحمان، پسپۆڕی پڕۆستات و نەزۆکی پیاوان و لاوازی سێکسی، دەڵێت ئەگەر کەسێک لە زگماکەوە یان بە هەر هۆکارێک بیت یەکێک لە گونەکانی نەبێت یان لەدەستیدابێت، ئەوا تاكە گونەکەی دیکەی دەتوانێت هەموو پێداویستییەکانی دیکەی ئەو کەسە دابین بکات، ئەگەر تەندروست بێت. جەختیكردەوە "بەیەك گونی تەندروست دەتوانێت هەم هاوسەرگیری بکات و هەمیش منداڵ دروستبکات بەبێ ئەوەی هیچ كێشەیەكت بۆ دروستبێت".

لەبارەی نەشتەرگەری گون و دانانی گونێكی تر لەجێگەیدا، وەك هەندێك بەدوای ئەو زانیارییەدا دەچن، دكتۆر هیوا وتی "شتێك نییە بەناوی نەشتەرگەری گۆڕین گون، ئەوە لەڕوی زانستییەوە هێشتا تەگەرەی گەورەی لەبەردەمدایە، تەنانەت لەڕوی ئایینیشەوە رێپێدراو نییە، هەندێك دەڵێن توانای سێكسی بەرزدەكاتەوە ئەوەش راستی تیانییە، تەنیا نەشتەرگەری هەیە بۆ دانانی گونی سلیكۆنی، بۆ ئەوانەی خاوەنی یەك تاك گونن".

بەڵام لەگەڵئەوەشدا وتی "ئەو گونە سلیکۆنییە هیچ ئیشێک ناکات، بەڵکو تەنیا لەڕووی دەرونییەوە وادەکات کەسەکە هەست بە ئارامی بکات".

لە كۆتاییدا وتی "ئەوانەی یەك گونیان هەیە، بێ دوودڵی دەتوانن هاوسەرگیری بكەن و سەركەوتوش دەبن، هەروەها دەتوانن بەبێ كێشە وەچەبخەنەوە".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT