بڕیارێك لە سودانی-یەوە: هەموو گەنمی جوتیاران وەربگرن

نەینەوا/ 2024/ گەنمی وەرگیراوی جوتیاران لە سایلۆی قەزای مەخمور فۆتۆ: وەزارەتی بازرگانی

عەمار عەزیز

محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عیراق رەزامەندی نیشانداوە بە وەرگرتنی هەموو بەرهەمی دانەوێڵەی جوتیارانی نەینەوا، تەنانەت ئەوانەشی كە لە دەرەوەی پلانی كشتوكاڵی گەنمیان چاندووە.

بۆ ئەو مەبەستە یەكشەممە 22ی حوزەیران عەبدولقادر دەخیل، پارێزگاری نەینەوا، سایلۆ و یەكە كشتوكاڵییەكانی نەینەوای ئاگاداركردۆتەوە هەنگاوەكانی وەرگرتنی تەواوی گەنمی جوتیاران دەستپێبكەن، بەپێی وتەی سریان سەفەر، بەرێوەبەری هۆبەی چاندن لە ناحیەی ئەلقوش.

ئەو بە (كەركوك ناو)ی وت "بڕیارەكە دەرچووە و لەسەرەتادا 103 هەزار دۆنم زەوی چێنراو بە گەنم دیاریكراوە تا بەرهەمەكەیان لێوەربگرن، كە لە دەرەوەی پلانی وەزارەتی كشتوكاڵ چێنراون".

بڕیارەكە بەگشتی جوتیارانی ناوچەكەی دڵخۆشكردووە، وەك عەزام خەلەف، جوتیارێكی قەزای شنگال لە خۆرئاوای موسڵ بە (كەركوك ناو)ی وت "هیوادارین بە زوترین كات گەنمەكەمان لێوەربگرن"، زیاتر وتی "دەیان جوتیاری تری وەك من هەن كە لە دەرەوەی پلانی كشتوكاڵی گەنمیان چاندووە، ئێستا دڵخۆشن بەم بڕیارە، چونكە نرخەكەی هەرچۆنێك بێت لەو نرخە زیاترە كە لە بازاڕدا دەستماندەكەوێت".

عەزام خەلەف بەپێی پلانی كشتوكاڵی 39 تۆن گەنمی لێوەرگیراوە، بەڵام 25 دۆنمی تری لە دەرەوەی پلانی كشتوكاڵی چاندووە و 11 تۆن بەرهەمی هەبووە، ئێستا لە چاوەڕوانی ئەوەدایە ئەوەشی لێوەربگرن.

خالید بیبو، بەڕێوەبەری سایلۆی شێخان بە (كەركوك ناو )ی وت كە لەگەڵ دەرچونی بڕیارەكە لیژنەكانی سەر بە كشتوكاڵی نەینەوا بە مەیدانی سەردانی هۆبە و یەكە كشتوكاڵییەكانیان كردووە لە ناوچەكانی نەینەوا، ئەوەش بۆ تۆماركردنی ئەو بەرهەمەی لە دەرەوەی پلانی كشتوكاڵیدایە.

كشتوكاڵی نەینەوا دەستیكردووە بە تۆماركردنی ئەو بەرهەمەی لە دەرەوەی پلانی كشتوكاڵیدایە

شێخان كە قەزایەكی سەر بە پارێزگای نەینەوایە و بەپێی دەستوری عیراق ناوچەی جێناكۆكە، بەشێك لە بەرهەمی گەنمەكەی لە چوارچێوەی پارێزگای نەینەوادا بۆ هەژمارناكرێت، چونكە قەزاكە لەڕوی كارگێڕییەوە لە ئێستادا سەر بە پارێزگای دهۆكە.

هەر بۆیە بەشێكی قەزاكە لەو بڕیارەی سودانی بێبەش دەبن، چونكە بڕیارەكەی حكومەت، هەرێمی كوردستان ناگرێتەوە تاوەكو هەموو بەرهەمی قەزای شێخانیش وەربگرن.

خالید بیبو وتی "شێخان لە چوارچێوەی هەرێمی كوردستاندا تەنیا 20 هەزار تۆن گەنمی لێوەرگیراوە، لەكۆی 400 هەزار تۆن كە 118یان بەر پارێزگای دهۆك كەوتووە".

بەپێی زانیارییەكانی یەكە و هۆبەكانی كشتوكاڵ حكومەت بەهەمان نرخی پێشوو گەنمەكە وەردەگرێت كە 850 هەزار دینارە بۆ هەر تۆنێك، بەڵام هێشتا حكومەت دڵنیایی تەواوی لەسەر ئەو نرخە نەداوە بە جوتیاران.

لە پلانی كشتوكاڵی عیراق بۆ ساڵی 2025 دوو ملیۆن و 141 هەزار دۆنم زەوی پارێزگای نەینەوا هەژمارنەكراوە، بە پاساوی نوێنەكردنەوەی گرێبەستی جوتیاران و هەندێك گرفتی دیكەی پەیوەست بە خاوەندارێتی زەوییەكانەوە.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT