نوسینگەی نەینەوای جێبەجێكردنی ماددەی 140ی دەستوری عیراق داوا لە هاوڵاتیان دەكات، سەردانی نوسینگەكەیان بكەن بۆ نوێكردنەوەی داتاكانیان، تاوەكو بێبەش نەبن لە قەرەبوكردنەوەی ماددی و پێدانی پارچە زەوییەكی 200 مەتری.
نوسینگەكە كە نزیكەی 15 ساڵە كارەكانی لە نەینەوا راگیراوە، چەند هەفتەیەكە چالاكییەكانی بۆ راییكردن و تەواوكردنی مامەڵەی ئەو هاوڵاتیانە دەستپێكردووە كە ماددەی 140 دەیانگرێتەوە، دوای ئەوەی حكومەتی عیراق بودجەی تایبەتی بۆ جێبەجێكردنی ماددەكە تەرخانكرد.
هەردی محەمەد، بەڕێوەبەری نوسینگەی جێبەجێكردنی ماددەی 140 لە نەینەوا، بە (كەركوك ناو)ی وت "دوای 15 ساڵ لە داخستنی، خۆشبەختانە جارێكی تر نوسینگەی نەینەوای جێبەجێكردنی ماددەی 140 كرایەوە، ئێستا سەرقاڵی تەواوكردنی مامەڵەی ئەو هاوڵاتییانەین كە هێشتا قەرەبویان وەرنەگرتووە".
هەردی داوای لە هاوڵاتیان كرد سەردانی نوسینگەكە بكەن بۆ نوێكردنەوەی داتاكانیان، تاوەكو بێبەش نەبن لە قەرەبوی 10 ملیۆن دیناری عیراقی و پارچە زەوییەكی 200 مەتری.
بهپێی دهستوری عیراق کە لە سەرەتای ساڵی 2005ـدا زۆرینەی دەنگدەرانی عیراق بە بەڵێ پەسەندیان کردووە، پێویستە چارەنووسی ناوچەكانی جێناکۆک دوای هەر سێ قۆناغی ئاساییکردنەوە، سەرژمێریی و دواتر راپرسی بڕیاریان لەبارەوە بدرێت، ئەوەش بەپێی ماددەی 140ی دەستورەكە.
لە قۆناغی ئاسایكردنەوەكەدا ئەوانەی راگوێزرابون هەر خێزانێك بڕی 10 ملیۆن دیناریان پێدەدرێت لەگەڵ پارچەیەك زەوییەكی 200 مەتری بۆ نیشتەجێبون، لە بەرامبەردا خێزانە هاوردەكان بڕی 20 ملیۆنیان پێدەدرێت و رەوانەی شوێنەكانی خۆیان دەكرێنەوە.
هەردی محەمەد زیاتر وتی "پێویستە ئەو خێزانانەی هێشتا قەرەبویان وەرنەگرتووە، بێن سەردانی نوسینگەكە بكەن و داتاكانیان نوێ بكەنەوە".
بەپێی بەرنامەی كاری حكومەتەكەی محەمەد شیاع سودانی، لیژنەی باڵای جێبەجێكردنی ماددەی 140 پێكدەهێننەوە لەگەڵ تەرخانكردنی بودجە و خەرجكردنی شایستەی دارایی ئەوانەی لەو ماددەیە سودمەندن، لەو چوارچێوەیەشدا نوسینگەی نەینەوا جارێكی تر كرایەوە.
شێروان دوبردانی، نوێنەرێكی نەینەوا لە پەرلەمانی عیراق بە (كەركوك ناو)ی وت "لە بودجەی عیراقدا بڕی 200 ملیار دینار بۆ جێبەجێكردنی ماددەی 140 تەرخانكراوە، لەو چوارچێوەیەشدا هەوڵێكی زۆرمان لەگەڵ هادی عامری، سەرۆكی لیژنەی جێبەجێكردنی ماددەی 140ی دەستوری عیراقدا، بۆ كردنەوەی نوسینگەی نەینەوا".
وتیشی "لەئێستادا هاوڵاتیان دەتوانن سەردانی نوسینگەكە بكەن بۆ ئەوەی مامەڵەكانیان نوێبكەنەوە و قەرەبوو وەربگرن".
پاش کەرکوک، زۆرترین ناوچەی جێناکۆک دەکەوێتە سنوری پارێزگای نەینەوا، لەوانە باشیك و قەزاكانی شەنگال، مەخمور، تلکێف، شێخان، حەمدانییە و تەلەعفەر.
بەپێی ئامارە رەسمییەكان لە ساڵانی 2007 تا 2012 زیاتر لە 136 هەزار فۆڕم گەڕێنراوەتەوە بۆ نوسینگەی جێبەجێكردنی ماددەی 140 لە نەینەوا، كە بارەگاكەی لە شنگال بوو، بەڵام سەرپەرشتی لیژنەی لاوەكی لە چەند ناوچەیەكی دیكەی سەر بە پارێزگاكەش دەكرد.
رەمەزان عەلی (70ساڵ)، یەكێكە لەو هاوڵاتییانەی زیاتر لە 15 ساڵە مامەڵەی وەرگرتنی قەرەبوی ماددەی 140ی تەواوكردووە، بەڵام هێشتا هیچ قەرەبویەكی وەرنەگرتووە، وتی "سەرەڕای ئەوەی خۆمان گەڕاوینەتەوە شوێنی خۆمان لە بناری چیای مەقلوب لە نزیك موسڵ، بەڵام نە قەرەبوی ماددیمان وەرگرتووە، نە پارچە زەوییەك".
وتیشی "چەند رۆژێكە ئاگاداركراوینەتەوە لەوەی سەردانی نوسینگەی ماددەی 140 بكەین تاوەكو مامەڵەكانمان نوێبكەینەوە و قەرەبومان پێبدەن، هیوادارین هەموو هاوڵاتییەك قەرەبوبكرێتەوە".