لە دهۆك و سلێمانی هاوسەرگیری كەمبۆتەوە
13 هەزار حاڵەتی توندوتیژی دژی خێزان و ئافرەتان لە 2024دا

سلێمانی/ 28ی حوزەیرانی 2025/ گۆنا مەجید، ئەندامی تیمی رێكخراوی هاریكاری یاسایی ژنان. فۆتۆ: WOLA

كەركوك ناو

لە ساڵی رابردودا و لە هەرێمی كوردستان، 13 هەزار و 17 حاڵەتی توندوتیژی دژی خێزان و ئافرەتان تۆماركراوە، 226 سكاڵاش بەهۆی توندوتیژی ئەلكترۆنییەوە تۆماركراون.

ئەو ئامارانە ئەمڕۆ شەممە 28ی حوزەیران لەلایەن رێكخراوی هاریكاری یاسایی ژنان (WOLA) لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا بڵاوكرایەوە كە پەیامنێری (كەركوك ناو) ئامادەی بوو.

ئەوە وەك بەشێك بوو لە راپۆرتی چاودێری جێبەجێكردنی یاساكە، لە ساڵیادی پەسەندكردن و دەرچونی یاسای بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی خێزانی لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە.

نوێنەرانی رێكخراوی هاریكاری یاسایی ژنان لە كۆنگرەكەدا ئامارەكانی بەڕێوەبەرایەتییەكانی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی لە پارێزگا جیاوازەكان بڵاوكردەوە، لەگەڵ ئاماری سەنتەری راوێژكاری خێزانی، هێڵی گەرم (119) و ئاماری لیژنەی ئاشتەوایی بۆ ساڵی 2024.

لە تەواوی هەرێمی كوردستاندا بەپێی ئاماری بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی خێزان و ئافرەتان 13 هەزار و 17 حاڵەتی توندوتیژی دژی خێزان و ئافرەتان تۆماركراوە، پارێزگای هەولێر بە پلەی یەكەم دێت بە 3596، سلێمانی بە پلەی دووەم بە 3522، دواتر پارێزگای دهۆك كە 3221 حاڵەت و ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان بە 912 حاڵەت و راپەڕین 850 حاڵەت، ئیدارەی سۆران 479 حاڵەت و زاخۆ 437 حاڵەت.

بەشێك لە فەرمانەكانی دەستگیركردن جێبەجێنەكراون

بەپێی ئەو ئامارەی كە رێكخراوی هاریكاری یاسایی ژنان خستییەڕوو، بەشێك لە فەرمانەكانی دەستگیركردن لە چوارچێوەی یاساكەدا جێبەجێنەكراون، لەوانە لە پارێزگای هەولێر لە كۆی  522 فەرمانی دەستگیركردن، 166یان جێبەجێنەكراون.

لە پارێزگای سلێمانیش لە كۆی 863 حاڵەت، 34یان جێبەجێنەكراون، لە پارێزگای دهۆكیش لەكۆی 710 حاڵەت 35یان جێبەجێنەكراون.

Wola-1
سلێمانی/ 28ی حوزەیرانی 2025/ دیمەنێك لە كۆنگرەی رۆژنامەوانی رێكخراوی هاریكاری یاسایی ژنان. فۆتۆ: WOLA

 

226 سكاڵای پەیوەست بە توندوتیژی ئەلكترۆنی

لە ساڵی 2014دا 226 سكاڵا تۆماركراون كە پەیوەست بون بە توندوتیژی ئەلكترۆنی، لە نێویاندا زۆرتریان كە 99 حاڵەت بووە نوسراوە بەهۆی "خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندیكردن".

بڵاوكردنەوەی وێنە و ڤیدیۆ لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان 70 حاڵەت بووە، كە زۆرترینیان لە پارێزگای دهۆك بووە بە 32 حاڵەت، دواتر هەولێر بە 25 حاڵەت.

پەیوەست بە هەڕەشەی بڵاوكردنەوەی وێنە و ڤیدیۆ لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا، 57 حاڵەت هەبووە، جارێكی تر دهۆك بە 26 حاڵەت لە پلەی یەكەم بووە، دواتر هەولێر بە 16 حاڵەت و سلێمانی بە شەش حاڵەت.

لە سلێمانی و دهۆك هاوسەرگیری كەمبۆتەوە

رێكخراوی هاریكاریی یاسایی ئامارەكانی باری كەسێتی بۆ ساڵی 2024 بڵاوكردەوە، لەگەڵ بەراوردی بە ساڵی 2022دا كە تیایدا دەردەكەوێت لە هەردوو پارێزگای سلێمانی و دهۆك هاوسەرگیری كەمبۆتەوە.

بەپێی ئامارەكە لە ساڵی 2022دا لە پارێزگای سلێمانی 20 هەزار و 427 حاڵەتی هاوسەرگیریی هەبووە، بەڵام كەمبۆتەوە بۆ 18 هەزار و 522 هاوسەرگیری لە ساڵی 2024دا، بە پێچەوانەوە جیابونەوە لە 5438 حاڵەتەوە زیادیكردووە بۆ 5745 حاڵەت.

لە پارێزگای هەولێر تەنیا 48 حاڵەتی هاوسەرگیری زیادیكردووە، ئەوەش لە  17 هەزار و 543 حاڵەوە بۆ 17 هەزار و 591 حاڵەت. بەڵام جیابونەوە كەمیكردووە چونكە لە ساڵی 2022دا 5857 حاڵەتی هەبووە، بەڵام لە ساڵی 2024 كەمبۆتەوە بۆ 3878.

بەهەمان شێوە لە دهۆك 300 حاڵەتی هاوسەرگیری كەمیكردووە، لە 12 هەزار و 499وە بۆتە 12 هەزار و 199، بەڵام لەگەلئەوەشدا جیابونەوەش كەمبۆتەوە لە 2164 حاڵەتەوە لە ساڵی 2022دا بۆتە 2023 حاڵەت لە ساڵی 2024دا.

لە ساڵی 2024دا 98 حاڵەتی رێپێدان بە ژنی دووەم هەبووە، پارێزگای هەولێر لە پلەی یەكەمدا بووە بە 45 حاڵەت.

"نەگونجان لەگەڵ یەكتر" لە هۆكاری یەكەمی جیابونەوەی ژن و مێرد بووە بە 828 حاڵەت لە تەواوی هەرێمی كوردستان، دوای ئەوە خیانەتی هاوسەرگیری لە پلەی دووەمدایە بە 523 حاڵەت، نەبونی ماڵی جیا و جیاوازی تەمەن لە پلەی سێیەم و چوارەمدان.

Wola1
سلێمانی/ 28ی حوزەیرانی 2025/ دیمەنێك لە كۆنگرەی رۆژنامەوانی رێكخراوی هاریكاری یاسایی ژنان. فۆتۆ: WOLA

پێشنیارەكان

رێكخراوی هاریكاری یاسایی ژنان دوابەدوای ئەو چاودێرییانەی ئەنجامیانداوە، چەند پێشنیارێك دەخاتەڕوو كە وەك گونا مەجید ئەندامێكی رێكخراوەكە جەختیلێكردەوە، ئامانجەكە ئەوەیە توندوتیژییەكان كەمببنەوە و هۆشاریی زیاتر لەبارەی یاساكەوە بڵاوبكرێتەوە.

رێكخراوەكە پێشنیار دەكات كاربكرێت لەپێناو بە بابەتكردنی یاساكە لەناو سەرجەم كۆلێژەكان و دروستكردنی پەیوەندییەکی باش لە نێوان تەواوی وەزارەتەکان (ناوخۆ، پەروەردە، خوێندنی باڵا، تەندروستی و ئەوقاف) تاوەکو لە هەموو وەزارەتەکان کار لەسەر یاساکە بکرێت، لەگەڵ بەبابەتكردنی یاساكە لەناو سیستمی پەروەردە و قوتابخانەكان.

لە یەكێكی تر لە پیشنیارەكانیان داوادەكەن كاربكرێت لەسەر بڵاوكردنەوەی هۆشیاری لەسەر یاساكە لەلایەن سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەكان و یەكخستنی میكانیزمی كاركردنی لیژنەكانی ئاشتەوایی لە سەرجەم ناوچەكاندا.

لەگەڵئەوەشدا بەهێزكردنی رۆڵی میدیا لە بڵاوكردنەوەی هۆشیاری، داواشدەكات هەمواركردنەوەی یاساكە بەجۆرێك بێت رێگەبدات بە رەوانەكردنی كەیسەكان بۆ بەردەم لیژنەی ئاستەوایی پێش تۆماركردنی سكاڵاو ناردنی بۆ دادگاكان. هەروەها زیادكردنی ژمارەی ژنانی لێكۆڵەر لە نوسینگە و بەرێوەبەرایەتی و بنكەكان بەتایبەت لە پارێزگای هەڵەبجە.

 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT