عورفی كۆمەڵایەتییە نەك یاسا
پیاوان لەبەردەم ژوری پزیشكی ژنان و منداڵبوندا هاوژینەكانیان بەجێدەهێڵن

ئەم وێنەیە لە ماڵپەڕی Unsplash وەرگیراوە لە 6ی ئاداری 2025. فۆتۆ: Drew Hays

ساکار عەبدوڵا

پزیشكان رێنمایی پیاوان دەكەن یاوەری هاوژینەكانیان بن كاتێك سەردانی پسپۆڕانی ژنان و منداڵبون دەكەن لەكاتی دووگیانیاندا، بەڵام بەشێك لە پیاوان لەبەر عورفی كۆمەڵایەتی تا بەردەم ژوری پزیشك دەڕۆن، هەرچەندە یاسا رێپێدانی بۆ كردون.

بەپێی رێنماییە تەندروستییەكان لەكاتی ئاساییدا هەر ژنێكی دووگیان لە ماوەی دووگیانیدا پێویستە 13 جار سەردانی پزیشك بكات، بۆ ئەوەش پزیشكان بەباشی دەزانن هاوسەرەكان پێكەوە بچنە لای پزیشك.

سروە جەوهەر (31ساڵ)، دانیشتوی قەزای چەمچەماڵ و دایكی دوو منداڵە، دەڵێت لە هەموو سەردانەكانیدا بۆ لای پزیشكی ژنان و منداڵبون لەكاتی دووگیانیدا تەنیا خۆی رۆیشتۆتە ژورەوە، "چونكە پزیشكەكە تایبەت بوو بە ژنان".

بەگشتی ئەوە بۆتە عورفێكی كۆمەڵایەتی، كە پیاوان تەنیا تا كلینكی پزیشكی لەگەڵ هاوژینەكانیاندا دەڕۆن.

سروە وتی "بەلامەوە گرنگە هەموو كات هاوژینەکەم لەگەڵمدا بێتە ژورەوە، دەڵێن بەشێك لە پزیشكەكان رێگە بەوە نادەن"، زیاتر وتی "هەستێکی زۆر خۆشە كە هاوژینەكەت لەگەڵتدا بێت، هەست بە پشتیوانی و سەلامەتی دەكەیت، چونكە ئەو نزیكترین كەسی تۆیە".

بەلامەوە گرنگە هەموو كات هاوژینەکەم لەگەڵمدا بێتە ژورەوە

لەكاتی دووگیانیدا هەندێك رێنمایی كە بە خانمان دەدرێت، راستەوخۆ پەیوەستیشە بە هاوژینەكانیان، سروە وتی "بۆیە باشترە هاوسەرەکەت لە دەمی دکتۆرەکەوە بیبیستێت، چونکە کاریگەری  باشتری دەبێت".

یاسا رێگەی بە پیاوان داوە لەكاتی دووگیانبونی ژنەكانیان لەگەڵیاندا سەردانی پزیشك بكەن، بەڵام بەگشتی هەستێكی وا لای پیاوان دروستبووە كە دەبێت تەنیا ژنان خۆیان بچنە ژورەوە.

سارە شاکر، پسپۆڕی نەخۆشییەكانی ژنان و منداڵبون، بە (كەركوك ناو)ی وت "هەمیشە سەرەتا ژنەکە دەبینم، ئینجا ئەگەر پێویست بکات دواتر هاوژینەکەی بانگدەکەم و قسەی لەگەڵدا دەکەم، بۆیە من پێم باشە سەرەتا ژنەکە ببینم و قسەی لەگەڵدا بکەم، چونكە ژنەکە بەتەنها بێت مورتاح تر دەتوانیت قسەی لەگەڵدا بکەیت و لەسەر ئەو بنەمایە پشكنینی بۆ بكەیت".

محەمەد حسێن (38ساڵ) مامۆستایە و باوكی دوو منداڵە لە سلێمانی دەژیت، یەكێكە لەو پیاوانەی بەردەوام لەگەڵ ژنەكەیدا چۆتە ژوری پزیشكەوە.

"پرۆسەی هاوسەرگیری دوولایەنەیە، گرنگە پیاوان لەم پرۆسەیەدا هەست بەو ئەرکە بکەن، بەتایبەت كاتێك هاوژینەكانیان دووگیان دەبن".

بە بڕوای محەمەد ئەوە لەڕووی دەرونی و جەستەییەوە، هاوكاریی ژنانی دووگیان دەكات، دواجار كاریگەریی لەسەر كۆرپەلەكە دەبێت كە بەرهەمی هاوسەرگیری نێوان هاوسەرەكانە.

سەردانی ژنانی دووگیان بۆ لای پزیشك، لەپێناو تەندروستی و خۆی و كۆرپەلەكەیدایە، كە بەپێی رێنمایی پزیشكی هەر ژنێكی دووگیان لە ماوەی دووگیانیدا پێویستە 13 جار سەردانی پزیشكی پسپۆڕ بكات، بەڵام ئەگەر خۆی یان كۆرپەلەكەی كێشەیەكی هەبێت ئەوا پێویستە لانیكەم 20 جار سەردانی پزیشك بكات.

خەندە عەبدولڕەحمان، پسپۆڕی نەشتەرگەری ژنان و منداڵبون، وتی "زۆر ئاساییە لەوكاتەدا پیاوانیش لەگەڵ ژنەكانیان دكتۆر ببینن، من حەزدەكەم ئەوە بكەن و هیچ رێگرییەك نییە، چونكە دەتوانیت باشتر رێنمایی و زانیارییەكان بە هەردولایان بگەیەنیت، چونكە بەشێكی رێنماییەكان پەیوەندی بە هەردوكیانەوە هەیە".

خەندە دەڵێت بەڵام ئەو راستییە دەزانێت كە بەشێك لە پیاوان، بەرگەی مانەوەی زۆر لە كلینكی پزیشكی ناگرن و نایانەوێت بۆ چەند كاتژمێرێك چاوەڕوانی بكەن، بۆیە لەگەڵ ژنەكانیان نامێننەوە.

پیاوان، بەرگەی مانەوەی زۆر لە كلینكی پزیشكی ناگرن و نایانەوێت بۆ چەند كاتژمێرێك چاوەڕوانی بكەن

بەڵام نكۆڵی نەكرد لەوەی هەندێك پزیشك رێگە بە پیاوان نادەن لەگەڵ هاوژینەكانیان بچنە ژورەوە، "پێموایە ئەوە کارێکی هەڵەیە".

ئەوەش لەكاتێكدایە بەپێی وتەی پارێزەر ئەشواق نەجیب، هیچ یاسایەك نییە رێگریی لە چونەژوەرەوەی پیاوان بكات بۆ لای پزیشك لەگەڵ ژنەكانیان لەكاتی دووگیانیدا.

"ئەوە عورفێکی كۆمەڵایەتییە و هیچ پەیوەندییەكی بە یاساوە نییە، یاسا پاڵپشتی ئەوە دەكات كە دایك چەند مافی بەسەر كۆرپەلەكەوەیە، پیاوانیش هەمان مافیان هەیە".

تەنانەت داوایكرد پزیشكان رێنمایی دەربكەن بەوەی دایك و باوك ناچاربكرێن، هەردوكیان ئامادەبن لەكاتی پێدانی رێنمایی بە ژنانی دووگیان.

دكتۆرە سارە شاکر، كە هاوكات پزیشكی نەشتەرگەرییە و چاودێری خانمانی دووگیان دەكات، وتی "هەندێک بابەتیش هەیە كە ژنان حەز دەکەن تەنیا لەگەڵ دکتۆرەکە قسەی لەسەر بکەن و کەسیان لەگەڵدا نەبێت... بابەتەکەش زیاتر کۆمەڵایەتییە، ئێمە بۆ هەموو کەیسەکان بە حەزەرەوە مامەڵە دەکەین".

بەتایبەت لەو كاتەی پرسەكە دێتە سەر ئەوەی بە نەشتەرگەریی منداڵی بێت، یان بە سروشتی، لەو حاڵەتەدا دكتۆرە سارە وتی كە پێویست دەكات گفتوگۆ لەگەڵ هەردوكیاندا بكەن.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT