هەبوونی دوو ساڵ لە نێوان منداڵبوون بۆ منداڵبوونێكی دیكە، جگە لەوەی كێشە تەندروستییەكان لە دایك و كۆرپەلەكەی دوردەخاتەوە، هۆكارێكیشە بۆ پەروەردەیەكی باشتر و فەراهەمكردنی ژیانێكی شایستە، بەپێی پزیشكانی پسپۆڕ و شارەزایانی كۆمەڵناسی.
پاراستنی ماوەیەكی دیاریكراو لە نێوان منداڵبووندا، یەكێكە لەو ئامانجانەی نەتەوە یەكگرتووەكان لەسەر ئاستی جیهان هەوڵی بەدیهێنانی دەدات، وەكو سەرەتایەك بۆ رێكخستنەوەی خێزان، كە بەشێكە لە ستراتیژی كاركردنی هەردوو وەزارەتی تەندروستی عیراق و هەرێمی كوردستان.
"پێویستە دایک تا دووساڵ شیری خۆی بدات بەمنداڵەکەی، بۆیە لەیەککاتدا ناتوانێت منداڵێکی تر بەخێو بکات، یاخود منداڵێك لەناو سکی بێت و منداڵێکی تری هەبێت، لەبەرئەوە پێویستە لەو ماوەیەدا گرنگی بدات بە خۆیی و منداڵەکەی" مەهابات ساڵح سەعید دەلۆ، پزیشكی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی ژنان و منداڵبوون و نەزۆکی، وای وت.
ئەو بۆ (كەركوك ناو) جەختیكردەوە لەوەی دەبێـت نێوانی منداڵێک و لەدایکبوونی منداڵێکی تر دووساڵ کەمتر نەبێت، چونكە دایکەکە دەروونی و جەستەی پێویستی بە پشوو و حەسانەوەیە، جگە لە گرنگیدان بە منداڵەكەی، دەلۆ هۆشداریشیدا بەپێی توێژینەوە زانستییەكان، نەبوونی ماوەی دیاریكراو لە نێوان دوو منداڵبووندا، کێشەکانی لەبارچون، منداڵبوونی پێشوەختە، کەمخوێنی و کێشی کەمی منداڵەکەی لێدەكەوێتەوە، لەگەڵ چەندین مەترسی دیكەی تەندروستی پەیوەست بە دایك.
پێویستە دایک تا دووساڵ شیری خۆی بدات بەمنداڵەکەی، بۆیە لەیەککاتدا ناتوانێت منداڵێکی تر بەخێو بکات
ئەگەر دوری ماوەی نێوان منداڵبوون بكرێت تەنیا بە دوو ساڵ، ئەوا رێژەی مردنی منداڵی تەمەن یەك بۆ چوار ساڵ سەدا 21 و رێژەی مردنی منداڵی ساوا سەدا 10 كەمدەبێتەوە، وەك لە ستراتیژی نیشتیمانی رێكخستنەوەی خێزاندا ئاماژەی پێكراوە، هەروەها ئەگەر یەك لە سەد رێژەی بەكارهێنانی هۆكارەكانی رێگریی لە دوگیانی زیادبكات، ئەوا لە بەرانبەردا مردنی دایكان بەرێژەی 4.8 كەمدەكات لەهەر 100 هەزار حاڵەتی منداڵبووندا.
ستراتيژی نیشتیمانی بۆ رێكخستنی خێزان و ماوەی -دوورى- نێوان منداڵبوون (2021 – 2025) بە سەرپەرشتی وەزارەتی تەندروستی عیراق و هەماهەنگی لەگەڵ سندوقى نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ نیشتەجێكردن (UNFPA) جێبەجێدەكرێت، وەكو نەخشەرێگایەك بۆ باشكردنی تەندروستی دایكان و منداڵان، كەمكردنەوەی رێژەی مردن و بەرەنگاربوونەوەی هەژاری.
"لە هەموو حاڵەتێکدا منداڵی دووەم، کاریگەری دەکاتە سەر منداڵی پێشتر، جا دووساڵە یان سێ ساڵ، ئەگەر هاتوو دوای دووساڵ منداڵی تر هات باشترە، چونکە ئەوكات منداڵ وردە وردە هەست بەشتەکان دەکات، بەڵام ئەگەر ئەو ماوەیە كەمتر بێت ئەوا هێشتا منداڵەكە لە دەورووبەری تێناگات و ناتوانێت تەحەمولی ئەو گۆڕانکارییە بکات" بەوتەی تارا عەلی بابان، پزیشکی پسپۆڕی گەشە و خۆراکی منداڵان بۆ (كەركوك ناو).
گریانی زۆر، هاروهاجی، بۆڵەبۆڵ و ناڕێكی خەو لە كاریگەرییە دیارەكانی هەڵسوكەوتی منداڵە، ئەگەر نێوانی لەگەڵ منداڵی دواتردا كەمتربێت لە دوو ساڵ، ئەو كاریگەرییانەش دوای دوو ساڵ كەمترن وەكو دكتۆر تارا باسیكرد، چونكە منداڵ لەو تەمەنەدا جۆرێك لە كەسایەتی بۆ خۆی دروستدەكات و زیاتر لە دەوروبەر تێدەگات، بۆ نمونە دەتوانێت ئەو بارودۆخەی تێیدایە بە قسە دەریببڕێت.
ئەگەر نێوانی دوو منداڵ كەمتربێت لە دووساڵ، چەندین زیان یاخود کاریگەری خراپی دەبێت
بەپێی رێكخراوی تەندروستی جیهانی، ئەگەر ماوەی نێوان منداڵبوون دوو ساڵ بێت، ئەوا منداڵ تەندروستی باش و ئێسكی بەهێز و كێشی گونجاوی دەبێت، چونكە خزمەت و خواردنی باشتر بەدەستدەهێنێت، هاوكات دەرفەتی زیاتری دەبێت بۆ پەروەردە و فێربوون و خۆشەویستی دایك و باوك.
دارا ئەنوەر زۆراب، کۆمەڵناسی پەروەردەیی پاراستنی ماوەی نێوان منداڵبوون بە یەكێك لە "رووداوە گرنگەکانی ژیانی خێزانی" ناودەبات، چونكە هەبونی ماوەی دوو ساڵ گونجاوە تا نەوەکان لە گەورەبووندا نزیک بن لە یەکتر، لە ڕووی پەیوەندی و داواکاری و خواستە هاوشێوەییەکانیانەوە.
نزیكایەتی منداڵ لە یەكتری، كاتێك نێوانیان دوو ساڵ بێت، هاوكارییان دەكات لە ناو گەشەی کۆمەڵایەتی و دەرونی ژیانی منداڵانەی خۆیاندا بن، دووربن لە بەکارهێنانی ئەلیکترۆنیات، شاشە زیرەکەکان و دووربن لە نەخۆشییەکانی ئۆتیزم و گۆشەگیری و شەرمنی.
"ئەگەر نێوانی دوو منداڵ كەمتربێت لە دووساڵ، چەندین زیان یاخود کاریگەری خراپی دەبێت،... لەوانە بەغیلی بردن بە یەکتر، زیادبوونی ڕق، توڕەیی و بەکارهێنانی توندوتیژی بەرانبەر یەکتری، "هەموو ئەوانەش رێژەیین و بەپێی ژینگەی پەروەردەیی و جۆری خێزانەکە دەگۆڕێت"، زۆراب وتی "رەفتاری کۆمەڵایەتی، لە سەر بنەمای پێکهاتەی خێزانی و ماوەی ساڵانی نێوان نەوەکان کاریگەری هەیە لە سەر پەیوەندی، هاوکاری، کێبڕکێ و کرداری شەڕەنگێزی...".
نەتەوە یەكگرتووەكان 15 ئامانجی گەشەپێدانی بەردەوامی هەیە؛ سێیەم و پێنجەمیان پەیوەستن بە رێكخستنی خێزان و دوری ماوەی نێوان منداڵبون وەكو یەكێك لە مافەكانی مرۆڤ و رەخساندنی ئازادی بۆ ژن و مێرد، تا بڕیار لە ژمارەی منداڵ بدەن.