هەندێك زەمینەسازی یاسایی و دەرفەت، لەگەڵ گۆڕانكارییە ئەرێنییەكان لە تێڕوانینی كۆمەڵگە بۆ رۆڵی بەشداریی سیاسیی ژنان، چاوەڕواندەكرێت رۆڵ و پێگەی ژنان لە پەرلەمانی داهاتودا بەهێزتر بكات كە بڕیارە لە 11ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت.
بەپێی سیستمی كۆتا، ژنان 83 كورسی پەرلەمانیان مسۆگەرە، ئەوەش لەكۆی 320 كورسی گشتی، بەڵام لە دوو هەڵبژاردنی رابردوی پەرلەمانی عیراق و ئەنجومەنی پارێزگا، توانیان سیستمی كۆتا تێكبشكێنن و كورسی زیاتر لەو ژمارەیە بەدەستبهێنن كە یاسا لەچوارچێوەی كۆتا جێگیریكردووە.
ئەڵماس فازڵ، ژنە سەركردایەتییەكی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان لە پارێزگای كەركوك و ئەندامی خولی پێشوی پەرلەمانی عیراق، دەڵێت كە لەم هەڵبژاردنەدا پێشبینی زیاتری بەشداریی کارای ژنان دەكات، چ وەک دەنگدەر یان كاندید، ئەو پێشبینیكردنەی لەوەوە سەرچاوەی گرتووە، "گۆڕانکاری لە هزری کۆمەڵگەی عیراقی و حزبەکان لە دیوە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکەیاندا رویداوە".
زیاتر وتی "گرنگی کۆتای ژنان و هەندێك زەمینەسازی یاسایی كە حزبەکانی بە جۆرێک لە جۆرەکان ناچارکردووە بۆ دەستخستنی کورسی پەرلەمانی زیاتر بەناچاریی پەنا بۆ كاندیكردنی ژنان ببەن".
هۆگر چەتۆ، سەرۆکی تۆڕی شەمس بۆ چاودێری هەڵبژاردن، دەڵێت بونی کۆتای ژنان، هاندەرە بۆ حزبەکان کە کاندیدی ژنان زیاتر لەناو لیستەکانیان كاندید بكەن، بۆ ئەوەی سود لە هاوکێشەی کەمترین دەنگی پیاوێکی براوە ببینن بە زۆرترین دەنگی ژنێکی دۆڕاو، "ئەمەش لەو بازنەیەی کە ژنان ناتوانن بێ کۆتا سەربکەون، ئەمە چانسی زیاتر دەدات بەلایەنەکان کە ژنان زیاتر کاندید بکەن و لەو چوارچێوەیەشدا ژنان كورسی زیاتر بەدەستدەهێنن".
ژنان لە دواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق و ئەنجومەنی پارێزگاكانی رابردوو سودیان لەو دەرفەتانە وەرگرت، لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ساڵی 2021 توانیان 97 كورسی بەدەستبهێنن (14 كورسی لە دەرەوەی سیستمی كۆتا)، لەنێو ئەو 97 كورسییەشدا لانیكەم 55 ژن بە دەنگی خۆیان و بەبێ پشتبەستن بە سیستمی كۆتا گەیشتنە پەرلەمان.
گۆڕانكارییەكان بۆ ژنان لە هەڵبژاردنی 2023ی ئەنجومەنی پارێزگاكان بەهەمان شێوەی پەرلەمانی عیراق دڵخۆشكەر بوو، چونكە لە 76 ئەندامی براوەی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق، 17ـیان بە دەنگی بەدەستهاتووی خۆیان و بەبێ سیستمی كۆتا سەركەوتون، لە نێویاندا سێ ژن بەرزترین دەنگی لیستەكانیان هێنا.
بۆ نمونە لە ئەنجومەنی پارێزگای دیالە لەكۆی چوار ژن كە بون بە ئەندامی ئەنجومەن، دووانیان بەدەنگی خۆیان سەركەوتن.

لە هەڵبژاردنی ئەمجارەدا كە 11ی تشرینی دووەم بەڕێوەدەچێت، بە نزیكەیی 14 ملیۆن ژن مافی دەنگدانیان هەیە، كە لەسەدا 49ی كۆی ژمارەی دەنگدەران دەكات.
بۆ ئەم هەڵبژاردنە لەناو کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنی عیراق، تیمی پشتیوانی لە هەڵبژاردنەکانی ژنان پێکهێنراوە کە ئامانجیانە کار لەسەر میکانیزمێک بکەن بۆ بەهێزکردنی ژنان لە بواری هەڵبژاردن، پێشکەشکردنی پاڵپشتی پێویست بۆ زیادکردنی بەشداریکردنیان وەک کاندید و دەنگدەر، هەروەها هۆشیارکردنەوەی خەڵک لە گرنگی رۆڵی ئەوان لە بنیاتنانی دیموکراسیدا، ئەم زانیارییانە هۆگر چەتۆ پشتڕاستیكردەوە.
بەڕای ئەو بونی هاوپەیمانی زیاتر دەرفەتی زیاتر بە دەرچونی كاندیدانی ژن دەدات، چونكە وتی "ئەگەر هاوپەیمانێتی لە نێوان حزبەکاندا بکرێت، ئەوکاتە حزبەکانی ناو هاوپەیمانێتییەکە زیاتر ژنان کاندید دەكەن بۆ ئەوەی كاندیدی خۆیان بە كۆتا دەربچێت، ئەمەش جارێكی تر یارمەتیدەر دەبێت بۆ ئەوەی ژنانی زیاتر کاندید بکرێن".
ئەڵماس بەرلەوەی لە خولی پێشودا ببێتە پەرلەمانتار، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بووە، وتی "لە خولی داهاتودا كاردەكەین بۆ هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردن، بەجۆرێك ئەگەر هەر ژنێک بێ کۆتا سەربکەوێت ئەوا ئەو سەركەوتنەی لەسەر پشکی کۆتا هەژمار نەکرێت"، چونكە وتی "لە هەڵبژاردنی ئەمدواییەی ئەنجومەنی پارێزگاکان و پەرلەمانی عیراق ژنانێکی زۆر لە دەرەوەی بازنەی کۆتا و بە دەنگی خۆیان کورسییان بەدەستهێناوە، بۆیە ئەگەر کۆتا بە دیوێک مافی بەشداری ژنانی لە کایەی سیاسی پاراستبێت، ئەوا بەمدیوە زیانیشی هەبووە".
ئەمەل مەرعی، سەرۆكی لیژنەی خزمەتگوزارییەكان و ئاوەدانكردنەوە لە ئەنجومەنی پارێزگای سەڵاحەدین، دەڵێت "لە بواری یاساداناندا ژنان تادێت رۆڵ و پێگەیان گرنگ دەبێت ئەوەش بەهۆی یاساكان لە دانانی پشكی ژنان بە لەسەدا 25، بەڵام ئێمە لە كۆمەڵگەیەكی عەشایەری تەواودا دەژین و لە بواری جێبەجێكردندا رۆڵ بە ژنان نادەن".
ئەو داوایكرد حكومەت ئەو رێژەی - لەسەدا 25 -ە بۆ ژنان لە فەرمانگە و ناوەندەكانی دەسەڵاتی جێبەجێكردنیشدا لەبەرچاو بگرێت".