پۆلیسی خانەقین تەرمێكیان لە نێو جۆگەیەكی ئاو لە نزیك سایلۆی خانەقین دۆزییەوە، كە شوێنەواری ئەشكەنجە بە جەستەیەوەیەتی و دەركەوتووە مامۆستایە لە یەكێك لە خوێندنگەكانی قەزای كەلار لە ئیدارەی گەرمیان.
تەرمەكە سەرلەبەیانی چوارشەممە 30ی تەمموز هەڵگیرایەوە، بەڵام درەنگانێكی شەوی رابردوو ناسنامەكەی ئاشكرابوو، كە مامۆستایە و ناوی هەوراز حیسامەدین-ە و خێزاندارە.
سەرچاوەیەكی ئەمنی لە خانەقین بە (كەركوك ناو)ی وت "تەرمەكە هیچ ناسنامەیەكی لەگەڵدا نەبوو، هەر ئەوكات بۆ توێكاریی رەوانەی پزیشكی دادوەری بەعقوبە كراوە، بەڵام دواتر لەڕێی كەسوكار و سۆراغی پۆلیسەوە ناسنامەكەی ئاشكرابوو، چونكە ئەو گەنجە سێ رۆژە لەماڵ چۆتە دەرەوە و نەگەڕاوەتەوە".
سەرچاوەكە جەختیكردەوە لەوەی "شوێنەواری ئەشكەنجە بە مل و پشتی قوربانییەكەوەیە و پێدەچێت روداوەكە تاوانكاریی بێت، بەڵام لێكۆڵینەوە لەو بارەیەوە بەردەوامە و هێشتا نەگەیشتوین بە ئەنجام".
ئەمیر خانەقینی، پەیامنێری (كەركوك ناو)، وتی "پێدەچێت ئەمڕۆ پێنجشەممە تەرمەكە رادەستی كەسوكاریی بكرێتەوە، ئێستا كەسوكاریی لەوێن"، هەروەها وتی "لایەنە ئەمنییەكان لە لێكۆڵینەوەی بەردەوامدان، هەنگاوی یەكەم ناسنامەكەی ئاشكرابووە، هەنگاوی دواتر گەڕانە بەدوای بكەری تاوانەكە".