شـریهان... بە نەهامەتییەوە ژیا و بە ئازارەوە مرد

شریهان رەشۆ بە دیار گۆڕی دایكیەوە، كە كۆتایی ساڵی رابردوو روفاتەكەی گەڕێنرایەوە بۆ زێدی فۆتۆ: بۆ (كەركوك ناو) نێردراوە

عەمار عەزیز – كەركوك ناو

شریهان رەشۆ، تا لە ژیاندا بوو، دەیناڵاند بە دەست شوێنەواری ئەشكەنجەی جەستەیی چەكدارانی داعش، مەرگی دایكی و بێسەروشوێنبوونی براكەیەوە، پێش ئەوەی نەخۆشی لە هێز و توانای بخات.

11ـی ئابی 2025، دوارۆژی نەهامەتییەكانی شریهان بوو، لە نەخۆشخانەیەكی دهۆك كۆچی دواییكرد، دوای ئەوەی نەخۆشی قورحەی گەدە كێشی كەمكردەوە و تەواو لاوازی كرد.

"شریهان قورحەی هەبوو، نەیدەتوانی خواردن بخوات، زۆر زەعیف و بێ هێز بوو بوو، دواتر نەخۆشییەكەی زیادیكرد و سەرباری وەرگرتنی چارەسەر، كۆچی دواییكرد" بەوتەی شەهاب ئەحمەد، لێپرسراوی نوسینگەی كاروباری رزگاربووانی دەستی داعش لە شنگال.

شەهاب دەڵێت ئازار و نەهامەتییەكانی شریهان تەنیا بەهۆی ئەو نەخۆشییەوە نەبوو، بەڵكو بەشێكی برینی كۆن و سارێژ نەبووی كاتی رفاندنی بوو، "چەكدارانی داعش زۆر ئازاری جەستەیان دابوو، بۆ بیستن پشتی بە ئامێری تایبەت دەبەست، چونكە زۆریان لێ دابوو".

شریهان كە ساڵی 2019 چیرۆكی ژیانی لە (كەركوك ناو)ـەوە بڵاوكراوەتەوە، لە خێزانێكی گەورەی ناحیەی سنونێ-ـی قەزای شنگال بوو، هەشت خوشك و دوو برا بوون، لە كاتی هێرشەكانی 3ـی ئابی 2014ـی داعش بۆ ناوچەكە، شریهانی (27 ساڵ) له‌گه‌ڵ دایكی و برایه‌كیدا دەكەونە دەستی چەكداران، دایكی بە دایە گولێ ناسراوە، ئەو ژنەی ئێزیدییەكان وەكو رەمزی بەرگریكردن ناوی دەبن.

daya-gule-2
نه‌ینه‌وا/ مام ره‌شۆ، باوكی شریهان له‌به‌رده‌م وێنه‌ی هاوسه‌ره‌كه‌یدا (دایە گولێ) وه‌ستاوه‌ له‌نێو ماڵه‌كه‌ی خۆیدا له‌ ناحیه‌ی سنونێی شنگال فۆتۆ: ئه‌فشین ئیسماعیل

(كەركوك ناو) پێشتر چیرۆكی دایە گولێ-ـی بڵاوكردەوە كە چۆن روبەڕوی داعش بۆتەوە و تەقەی لە ژمارەیەك چەكداریان كردووە، كاتێك دەستگیركراون و هەوڵدراوە یەكێك لە كچەكانی بە زۆر ببەن. دایە گولێ دوای كوشتنی ئەمیرێكی داعش و برینداركردنی چەكدارێكی دیكە، لە بەرچاوی كوڕ و كچەكەیدا دەدرێتە بەر دەستڕێژی گولــلە.

"دوای شه‌هیدكردنی دایكم، من و براكه‌م گواستراینه‌وه‌ بۆ خانه‌سۆر (له‌ شنگال) و چوار رۆژ له‌وێ ماینه‌وه‌، دواتر ره‌وانه‌ی سوریا كراین، بۆ مانگێك له‌ قوتابخانه‌یه‌ك بوین، به‌ خۆراكێكی كه‌م و له‌ شوێنێكی پیس"، شریهان پێشتر دەربارەی رفاندن و دواتر فرۆشتنی بە ژمارەیەك چەكدار وای وت، كە چۆن پاشان لە سوریاوە گواستراوەتەوە بۆ تەلەعفەر و بەعاج و موسڵ و ناوچەكانی تری نەینەوا.

شریهان كه‌ 21 جار روبه‌ڕوی دەستدرێژێی سێكسی، کڕین و فرۆشتن بۆته‌وه‌، دوای چوار ساڵ له رفاندنی و له‌ ساڵی 2018ـدا، له‌ به‌رانبه‌ر 13 هه‌زار دۆلاردا، به‌ هاوكاری خێرخوازانی ئێزیدیی له‌ داعش رزگاركرا.

پاڵپشت بە یاسای ژنانی رزگاربوو، شریهان موچەی مانگانەی بۆ بڕدرایەوە و لەو چوارچێوەیەشدا حكومەت ئەركی چارەسەری لە نەخۆشخانە لە ئەستۆ گرت، شەهاب ئەحمەد دەڵێت دوو رۆژ پێش ئەوەی كۆچی دوایی بكات، رەزامەندی وەرگیرا تا رەوانەی نەخۆشخانەیەكی دەرەوەی وڵات بكرێت.

لە هێرشەكانی داعش بۆ ناوچەكانی نەینەوا، زیاتر لە هەزار و 293 ئێزیدی كوژران، جگە لە رفاندنی شەش هەزار و 417 هاوڵاتی، كە هێشتا چارەنوسی زياتر لە دوو هەزار و 500ـیان نادیارە، لە نێویاندا براكەی شریهان.

"زۆر بێزارم له‌ ژیان و هیچ شتێكم ناوێت ته‌نیا ئه‌وه‌ نه‌بێت چاوه‌ڕوانی گه‌یشتنی هه‌واڵێكی خۆش ده‌كه‌م، ئەویش رزگاركردنی براكەمە" شریهان چەند ساڵێك لەمەوبەر وای وت، بەڵام ئەو هەواڵە خۆشەی هەر پێنەگەیشت.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT