محەمەد تەمیم، جێگری سەرۆك وەزیرانی عیراق، جەختدەكاتەوە لەوەی ویلایەتی رێبوار تەها، وەكو پارێزگاری كەركوك لە شەوی 31ی كانونی یەكەمی ئەمساڵ كۆتایی دێت، ئەوەش بەپشتبەستن بە رێككەوتنی پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی كەركوك كە ئەو وتی "بافڵ جەلال تاڵەبانی واژۆی كردووە".
ئەو وتانەی محەمەد تەمیم، هاوكات كە سەركردەیەكی هاوپەیمانی تەقەدومە كە محەمەد حەلبوسی سەرۆكایەتی دەكات، لە رونكردنەوەكیدا هات كە ئەمڕۆ هەینی 15ی ئاب بڵاویكردەوە، ئەوەش دوابەدوای هەندێك لێدوانی نێوان ئەندامانی كورد و عەرەب لەسەر پرسی ئاڵوگۆڕی پۆستی پارێزگاری كەركوك و رێككەوتنی پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی كەركوك كە ساڵێك لەمەوبەر واژۆكرا.
محەمەد تەمیم، ئاماژە بە لێدوانێكی ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك دەكات لەسەر پشكی یەكێتی و دەڵێت "ئەو ئەندامە وتویەتی بنەمای ئاڵوگۆڕی پۆستەكان بونی نییە، ئێمە دڵنیاتان دەكەینەوە لەوەی ئەو رێككەوتنە لەلایەن بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتییەوە واژۆكراوە و جەختدەكەینەوە لەوەی ویلایەتی رێبوار تەها، وەكو پارێزگاری كەركوك و لە پشكی یەكێتی بەپێی رێككەوتنەكە لە شەوی 31ی 12ی 2025 كۆتایی دێت".
هەروەها دەڵێت "ئەم رێككەوتنە ئاشكرایە بۆ هەموو ئەوانەی بەشدارن لە پێكهێنانی حكومەتی كەركوك و تەنانەت ئەوانەشی بەشدارییان نەكردووە، بۆیە پێویستمان بە موزایەدە نییە".
وتەكانی ناوبراو دوای ئەوە هات كە ئەحمەد كەركوكی، ئەندامی یەكێتی لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، لە وەڵامی پرسیارێكدا لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفیزیۆنیدا لەبارەی رادەستكردنی پۆستی پارێزگاری كەركوك بۆ پێكهاتەی عەرەب، ئاماژەی بەوەدا كە كاتێك باسی رێككەوتن دەكرێت دەبێت بەڵگە هەبێت و وتی "هیچ بەڵگەیەكت هەیە كە رێككەوتن كراوە".
هەر لەو چاوپێكەوتنەدا وەڵامی ئەوەی نەدایەوە ئایا رێككەوتن لەبارەی پۆستی پارێزگاری كەركوكەوە هەیە یاخود نا، تەنیا وتی "سەری ساڵ وەڵامی ئەوە دەدەینەوە".
دانپێدانەنانی ئەو ئەندامەی یەكێتی بۆ رادەستكردنی پۆستی پارێزگاری كەركوك بۆ پێكهاتەی عەرەب، دووان لە ئەندامانی عەرەبی لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوكی نیگەران كرد و لە راگەیەنراوێكدا داوای دەستبەجێ رونكردنەوەیان لە یەكێتی كرد.
ئەو دوو ئەندامە (رەعد ساڵح و زاهیر ئەنوەر عاسی)، لە راگەیەنراوێكدا دەڵێن كە نوسراوی رێككەوتنی سیاسی پێكهێنانی حكومەتی كەركوكیان لایە و "گرنگترین بڕگەكانی بریتییە لە ئاڵوگۆڕی پۆستی پارێزگار".
هەروەها ئەو لێدوانەی ئەحمەد كەركوكییان بە زەنگێكی مەترسیدار ناوبرد بۆ لەناوبردنی رێككەوتنە سیاسییەكە و هاتووە "دەبێت یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هەڵوێستی خۆی رابگەیەنێت لەبارەی ئەوەی ئایا ئەمە هەڵوێستی ئەحمەد كەركوكی خۆیەتی یان بۆچونی حزبەكەیە".
هەفتەی رابردوو محەمەد حەلبوسی، سەرۆكی هاوپەیمانی تەقەدوم سەردانی كەركوكی كرد و لەبەردەم جەماوەرەكەیدا وتی "نوسراوی رێككەوتنمان لایە و ئاڵوگۆڕكردنمان جێگیر كرد، كاتێك دەگەین بە كاتی خۆی كە كۆتایی ئەمساڵە، گۆڕانكارییەكان لە حكومەتی خۆجێی كەركوك دەكەین، ئەویش ئەوەیە پۆستی پارێزگار بۆ عەرەب دەبێت و سەرۆكی ئەنجومەن بۆ برایان كورد دەبێت".
بەڵام ئەحمەد كەركوكی دەڵێت "حەلبوسی بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن هاتبوو، هەموو سەرۆكی حزبێك ئاساییە بێت بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن، تەبعەن وادەڵێت و منیش بم هەروادەڵێم".