زاهیر ئەنوەر عاسی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە پشكی عەرەب ئاشكرایدەكات بەپێی رێككەوتنی سیاسی پێكهێنانی حكومەتی خۆجێیی، لە 1ـی كانونی دوەمی 2026ـەوە پۆستی پارێزگار بۆ توركمان دەبێت و دواتر دەبێتە پشكی عەرەب، ئەو ئاڵوگۆڕەش لەلایەن ژمارەیەك سیاسییەوە زامن كراوە لە نێویاندا قەیس خەزعەلی، ئەمینداری عەسائیب ئەهلەحق.
لەم چاوپێكەوتنەدا لەگەڵ (كەركوك ناو)، ناوبراو باسی هۆكارەكانی پاشەكشێی لە هاوپەیمانی پێكهێنانی ئیدارەی كەركوك و گەڕانەوەی بۆ دانیشتنەكانی ئەنجومەنی پارێزگا دەكات لەگەڵ وردەكاری ژمارەیەك دۆسیەی دیكە لە نێویاندا دامەزراندن و زیادەڕۆیی.
عومەر هیلالی: ئەم پرسیارە قسەی خەڵكە و وابڵاوبۆتەوە، دەڵێن؛ بەشداری شێخ زاهیر و رەعد ساڵح لە پێكهێنانی ئیدارەی كەركوك، پاشەكشێ و دواتر گەڕانەوەیان بۆ ئەنجومەنی پارێزگا هەر لە پێناو پارە و دەستكەوتی حكومیدا بووە؟
زاهیر ئەنوەر: سوپاس بۆ ئەو پرسیارە راشكاو و بوێرانەیە، یەكەمجار تۆمەتباركراین بە وەرگرتنی پارە لە بەرانبەر بەشداریكردنی پێكهێنانی ئیدارەی كەركوك لە هۆتێل رەشید (بەغدا)، بەڵام لەڕێی پاشەكشێ و ناڕەزاییەكان دژی جێبەجێنەكردنی بڕگەكانی رێككەوتنی پێكهێنانی حكومەتی خۆجێیی سەلماندمان پارەمان وەرنەگرتووە، تائێستاش كە وەكو ئەندامی ئەنجومەنی بەردەوامین پێداگرین لەسەر ئەو داواكارییانە كە لە چوارچێوەی رێككەوتنە سیاسییەكەدا هەیە. ئەگەر پارەمان وەرگرتبێت لە بەرانبەر بەشداریكردنی پێكهێنانی حكومەتدا، ئەوكات لە پاشەكشێكردندا چاوەڕێ دەبووین و پەلەمان نەدەكرد، یان كاتێك كشاینەوە دەسەلمێنرا و بڵاودەكرایەوە كە پارەمان وەرگرتووە.
دواتر پاشەكشێمان لە هاوپەیمانی پێكهێنانی ئیدارەی خۆجێیی والێكدرایەوە لە پێناو پارەدایە تا بەربەست بۆ رێككەوتنە سیاسییەكە دروستبكەین. لە كاتێكدا هۆكارێكی سەرەكی پاشەكشێمان ناڕەزایی بوو دژی خۆدزینەوە و پابەندنەبون بە رێككەوتنەكە لەلایەن یەكتییەوە، بە تایبەت لە دۆسیەی بێسەروشوێنان، دوەمیان تاكڕەوی لایەنەكانی عەرەبی بوو لە دیاریكردنی نوێنەرایەتی عەرەب، وەك ئەوەی ئەندامی ئەنجومەن هیچ رۆڵێكیان نەبێت، لە كاتێكدا ئێمە ئەمڕۆ كوتلەین و لەسەر ئەو بنەمایە مامەڵە دەكەین، بۆیە دەبێت شایستەی عەرەب لەسەر بنەمای ژمارەی ئەندامانی عەرەب لە ئەنجومەنی پارێزگا دابەشبكرێت.
عومەر هیلالی: كاتێك دەڵێیت ئێوە، مەبەستت كێی ترە، چەند ئەندامی ئەنجومەن هەمان هەڵوێستتان هەیە؟
زاهیر ئەنوەر: ئێمە مەبەستم دوو ئەندامە، من و رەعد ساڵح، كاتێكیش تۆمەتباركراین بە پێشێلی رێككەوتنی سیاسی، دیسان رونمانكردەوە كە پابەندین بە هەموو بەندەكانی رێككەوتنی سیاسی و خۆمان نەدزییەوە لە پێناو زامنی جێبەجێكردنی، ئەم رێككەوتنە كەسانی نیشتیمانیی و كەسایەتی ناوخۆیی تێدایە كە كاریگەرییان هەیە لەسەر جێبەجێكردنی و پابەندی ئێمە بەرانبەریان ئەوەبوو پێویستە نارازی بین و پاشەكشێ لە هاوپەیمانی پێكهێنانی ئیدارەكە بكەین نەك بایكۆت بكەین یاخود لە ئەنجومەن بكشێینەوە.
عومەر هیلالی: واتە دەتوانن ناوی بنێن بوون بە ئۆپۆزسیۆن؟
زاهیر ئەنوەر: بەڵێ ئۆپۆزسیۆنین بۆ سیاسەتی ئیدارەدانی پارێزگاكە، بەڵام با زیاتر و وردتر رونیبكەمەوە، پاشەكشێمان لە هاوپەیمانی پێكهێنانی ئیدارەكە بە واتای سەربەخۆییمان دێت لە بڕیاردان لەگەڵ پابەندبومان بە رێككەوتنی سیاسی، واتە لە ژێر ناوی هیچ حزب و رێكخستنێكدا نین كە ناچارمان بكات بچینە هیچ دانیشتنێكی ئەنجومەنەوە ئەگەر ئەنجامی نەبێت، هەر ئەوەشمان كردووە، بانگهێشتی چوار بۆ پێنج دانیشتنی ئەنجومەن كراوین و ئامادەنەبوین، چونكە سودی نەبووە، بەڵام ئۆپۆزسیۆنمان بەو جۆرە و ئامادەنەبونمان كە بووە هۆی پەككەوتنی دانیشتنەكانی ئەنجومەن و رۆڵی چاودێری، بە راستی كاریگەری نەرێنی لەسەر پارێزگاكە هەبوو، كاریگەری نەرێنی لەسەر گەیاندنی خزمەتگوزاری بە هاوڵاتیان هەبوو، پێكهێنەرانی ئیدارەی پارێزگاكەش وەكو ئەوەی بایكۆتمان كردبێت مامەڵەیان لەگەڵماندا دەكرد و خەریك بوو كاریگەری نەرێنی لەسەر لایەنگرانمان دەبوو.
عومەر هیلالی: ئەوە هۆكاربوو بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە؟
زاهیر ئەنوەر: ناچاربووین بگەڕێینەوە، تا زامنی بە سەلامەتی مانەوەی رێككەوتنە سیاسییەكە بكەین و پابەندنەبوون پێیەوە لەسەر ئێمە حساب نەكرێت.
عومەر هیلالی: ئەگەر پاشەكشێ لە رێككەوتنە سیاسییەكە بكەن هاوسەنگی ئێستا و دابەشكاری پۆستەكان، بۆ نمونە پۆستی پارێزگار وەكو خۆی دەمێنێتەوە؟
زاهیر ئەنوەر: ئێمە بە لۆژیكی و بابەتییانە مامەڵە لەگەڵ ئەو پرسەدا دەكەین، وەك چۆن ئێمە دژی جێبەجێنەكردنی بەندەكانی رێككەوتنەكە ناڕەزاییمان دەربڕی، لە بەرانبەردا بەرەكەی دیكەش ناڕەزایی دەردەبڕن و پابەندنابن بە رێككەوتنەكە و دەڵێن لایەنی عەرەبی بوونە هۆكاری پێشێلی رێككەوتنی سیاسی، ئەوكات دەكەومە مەوقیفێكی لاوازەوە و لایەنگرانمان تۆمەتبارمان دەكەن بەوەی ئێمە بوینە هۆی سەرنەگرتنی رێككەوتنەكە و یان ئەو تۆمەتەمان دەخەنە پاڵ كە دەڵێن ئەوەی كردوویانە لە پێناو وەرگرتنی پارەدایە.
عومەر هیلالی: با بگەڕێینەوە بۆ رێككەوتنی پێكهێنانی ئیدارەكە و وایدابنێین ئێمە لە كۆتایی ساڵداین، چی روودەدات؛ ئایا پۆستەكان وەكو ئێستا دەمێننەوە یان دەگۆڕدرێن، رێكاری ئاڵوگۆڕی پۆستەكان چییە، ئایا پارێزگار دەستلەكاركێشانەوە پێشكەشدەكات؟ پۆستەكە دواتر بۆ عەرەب دەبێت یان توركمان؟
زاهیر ئەنوەر: رێككەوتنی سیاسی هەیە و دۆكیۆمێنتە، كە ئەو رێككەوتنە سیاسییە دەڵێت؛ 1ـی كانونی دوەمی 2026 ئاڵوگۆڕ لە پۆستی پارێزگاردا دەكرێت، بۆ عەرەب دەبێت یان توركمان ئەوە بەرێككەوتن دەبێت، بەڵام لە رێككەوتنە سیاسییەكەدا باسكراوە پۆستەكە بۆ توركمان و دواتر بۆ عەرەب دەبێت، پارێزگار دەستلەكاركێشانەوە پێشكەشناكات، بەڵكو دێتە ئەنجومەن، لە دانیشتنێكدا بە ئامادەبوونی ژمارەی یاسایی ئەندامان، بە شێوازی لێپرسینەوە بانگهێشت دەكرێت و دواتر رێكارێكی یاسایی هەیە كە ئێستا نامەوێت بچمە ناو ئەو وردەكارییەوە، بەڵام وادەكان دیاریكراون و رێكارێكی یاسایی و تەوافوقی هەیە.
هەروەها لایەنی نیشتیمانی هەیە لە بەغدا كە زامنی ئەم رێككەوتنە سیاسییە دەكات و لە هەموو قۆناغەكانی كاركردنماندا جەختكراوەتەوە و دڵنیایی دراوە لە جێبەجێكردنی رێككەوتنە سیاسییەكە.
عومەر هیلالی: ئەو لایەنانە كێن، بۆ نمونە تەقەدوم، قەیس خەزعەلی ئەمینداری عەسائیب ئەهلحەق، بافڵ تاڵەبانی سكرتێری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان یان رەیان كلدانی سەرۆكی بزوتنەوەی بابلیۆن؟، بەڵام قسەش هەبوو دوای بڕیاری پاشەكشێ چاوتان بە قەیس خەزعەلی كەوتووە، ئایا گەیشتن بەو بڕوایەی هێشتا زامنی جێبەجێكردنی رێككەوتنەكە هەیە؟
زاهیر ئەنوەر: هێشتا زامنی نیشتیمانی راستەقینە شێخ قەیس خەزعەلییە، ئامادەیی و هاوهەڵوێستی بەهێزی خۆی نیشاندا بۆ پابەندبون و جێبەجێكردنی رێككەوتنی سیاسی، (محەمەد حەلبوسی سەرۆكی سیادە) بەشێكە لە رێككەوتنە سیاسییەكە بەڵام لەوانەی زامنی دەكەن شێخ قەیس خەزعەلییە.
عومەر هیلالی: ئاڵوگۆڕی پۆستی پارێزگار چۆن دەبێت ئەگەر بەرەی توركمانی كاندید پێشكەشنەكات؟
زاهیر ئەنوەر: هێشتا توركمان راینەگەیاندووە كە بەشداری ناكەن و كاندیدیان نابێت، ئەوە تەنیا ئەگەرە، لەكاتێكدا ئەگەر كاندیدیان نەبوو ئەوا پۆستەكە بۆ عەرەب دەبێت. لەگەڵ توركمان لێكتێگەیشتنی باڵامان دەربارەی ئەو دۆسیەیە هەیە، رەنگە بگەینە لێكتێگەیشتن جاری یەكەم پۆستەكە لای عەرەب بێت و دواتر بدرێت بە توركمان، بەڵام لەروی پابەندییەوە، ئێمە پابەندین بە رێككەوتنی سیاسی پێكهێنانی حكومەتی خۆجێییەوە.
عومەر هیلالی: لە دوایین دانیشتنی ئەنجومەنی پارێزگادا دوای گەڕانەوەی ئێوە، هیچ گرنگیپێدانێكی تایبەت هەبوو، باسی چیتان كرد و توانیتان چی بۆ خەڵك بەدەستبهێنن؟
زاهیر ئەنوەر: دۆسیەیەكی گرنگ بە لای ئێمەوە خزمەتگوزارییە، كە ئێمە هۆكاربوین بۆ دواكەوتنی، بە تایبەت دۆسیەی راگەیاندنی لینكی پڕكردنەوەی فۆڕمی حەوت هەزار پلەی وەزیفی كە بەهۆیەوە لۆمەی ئەندامانی ئەنجومەن دەكرێت، بە بەشداربووان و بەرەی بایكۆتیشەوە، بۆیە گرنگترین بڕگەی دانیشتنەكە گفتوگۆی ئەو دۆسیەیە بوو لەسەر داواكاری من و رەعد ساڵح، لەڕێی ئێوەوە موژدە دەدەین لە ئایندەیەكی زۆر نزیكدا لینكی پێشكەشكردن بۆ دامەزراندنەكە رادەگەیەنرێت لە چوارچێوەی پرۆسەیەكی زۆر شەفاف و سەلامەتدا.
عومەر هیلالی: ئەو حەوت هەزار دامەزراندنە چۆنە دابەشدەكرێت بەسەر ناوەندی شار و قەزا و ناحیەكاندا؟
زاهیر ئەنوەر: دامەزراندنەكە زیاتر لە حەوت و 300 پلەیە، لەگەڵیدا رێكارەكان و رێنمایی راگەیاندن و پێشكەشكردنی لەلایەن وەزارەتی دارایی و ئەمینداریەتی ئەنجومەنی وەزیرانەوە دیاریكراوە، تا هەموانیش مافی خۆیان وەربگرن بەسەر یەكە ئیدارییەكاندا بەپێی رێژەی دانیشتوان دابەشكراوە، ئەوەش پاڵپشت بە ئامارەكانی پلاندانان نەك دوایین سەرژمێری، چونكە دامەزراندنەكە هی ساڵی 2023ـیە و پێش سەرژمێرییەكەیە.
عومەر هیلالی: تۆ وەكو سەركەوتوو خۆی نیشاندەدەیت لەڕێی دەستكەوتی راگەیاندنی لینكی پێشكەشكردنی دامەزراندنەكەوە، لەكاتێكدا سەرۆكی ئەنجومەن هەفتەی پێشوو وتی كە بەمنزیكانە رادەگەیەنرێت؟
زاهیر ئەنوەر: بەڵام خۆ پێش شەش مانگیش هەر وتیان لینكی دامەزراندنەكە رادەگەیەنرێت، هەروەها پێش ساڵێكیش، واتە مانگێك دوای پێكهێنانی ئیدارەی كەركوك هەموان باسی راگەیاندنی لینكی دامەزراندنەكەیان دەكرد، بەڵام دەرەنجامی نەبوو.
عومەر هیلالی: لایەنی دیكەی خزمەتگوزاری لەو دانیشتنەدا چی بوو كە باستكرد؟
زاهیر ئەنوەر: بانگهێشتی لیژنەی لابردنی زیادەڕۆیی كرابوو، كە هەموو خەڵكی كەركوك چاوی لەسەریەتی بە تایبەت پێكهاتەی عەرەب، چاودێری ئەوە دەكەن چۆن زیادەڕۆییەكان لادەبرێن بە تایبەت لە ناوچەكانی نیشتەجێبونی عەرەب چونكە لەو ناوچانە زیادەڕۆیی زیاترە، لەكاتی پەككەوتنی دانیشتنەكانی ئەنجومەندا ئێمە تۆمەتباردەكراین بەوەی ناچینە ئەنجومەن و ئەوەش وایكردووە لابردنی زیادەڕۆیی ناوچەكانی عەرەبی گرتۆتەوە و وازیان لە پێكهاتەكانی تر هێناوە...، بۆیە بە باشمان زانی گفتوگۆی وردەكاری ئەو رێكارانەی لیژنەی لابردنی زیادەڕۆیی بكەین و بزانین چۆن رێگری لە دیاردەی زیادەڕۆیی بكەین، لەمەودوا لیژنەی لابردنی زیادەڕۆیی نوێنەری هونەری و یاسایی ئەنجومەنی پارێزگا لەگەڵیاندا دەبێت.
سەرباری ئەوەش من هیچ لێدوانێكم نییە بڵێم سەركەوتم، سەركەوتووش نەبوین، بەڵام ئێمە لەبەردەم ئەمری واقعین كە ئەنجومەنی پارێزگا بەم پێكهاتەیەی ئێستای هەیە و بەشێك بوین لە پێكهێنانی ئیدارەی پارێزگاكە، لە بەرانبەردا بایكۆت و دوركەوتنەوە لە ئەنجومەن كاریگەری نەرێنی لەوەزیاترە كە ئامادەبین، نە دەڵێم سەركەوتووبوم و نە وام وتووە، بەڵكو ئەوەی لەسەرمانە پابەندبوونە بە رێككەوتنی سیاسی و پێموایە دەستكەوتی گەورە ئەوەیە بەندەكانی رێككەوتنی سیاسی جێبەجێبكرێت و كە زامنی ئەوەكراوە گەڕانەوەمان دەبێتە هۆی جێبەجێكردنی ئەو رێككەوتنە لە ماوەیەكی نزیكدا.