پرسی هەڵگرتنەوە و لەخۆگرتنی منداڵ بەشێوەی یاسایی بۆتە بەشێك لە پرسیاری ئەو خێزانانەی كە ئەوداڵی لەخۆگرتنی منداڵن، ئەوەش دوای ئەوە زیاتر چەكەرەی كرد كە هەفتەی رابردوو منداڵێكی فڕێدراو لە كەركوك هەڵگیرایەوە.
دووشەممەی رابردوو یەكی ئەیلول پۆلیسی فریاكەوتنی كەركوك، هەڵگرتنەوەی منداڵێكی فڕێدراوی لە كەركوك راگەیاند، كە لە گەڕەكی زانكۆ بەجێهێڵدرابوو، منداڵەكە كە رەگەزی نێرە، راستەوخۆ گوازرایەوە بۆ نەخۆشخانەی منداڵان لە پێناو وەرگرتنی چارەسەر.
ئەوە چوارەم منداڵی فڕێدراو بوو لە ماوەی هەشت مانگی رابردوی ئەمساڵدا لە پارێزگای كەركوك، لەگەڵ بڵاوبونەوەی هەڵگرتنەوەی ئەو منداڵە، لە خۆگرتنی منداڵی فڕێدراو بووە جێی پرسیاری دەیان خێزان كە روبەڕوی (كەركوك ناو)یان دەكردەوە.
بەپێی یاسای چاودێری نەوجەوانان، بەخشینی منداڵی فڕێدراو تەنیا لە دەسەڵاتی سەرۆكی دادگای نەوجەواناندایە بە خێزانێك كە چەند مەرجێكی تیادا بێت؛ لەوانە "پێگەی كۆمەڵایەتی خێزانەكە و ناوبانگی خراپ نەبێت، توانای ئابوری، باری دەرونیی و ئەقڵی خێزانەكە باش بێت و خاوەنی منداڵی تر نەبن".
پێگەی كۆمەڵایەتی خێزانەكە و ناوبانگی خراپ نەبێت
ئەمەش بەو واتایەی منداڵی فڕێدراو بەهیچ شێوەیەك نادرێت بە خێزانێك كە منداڵی تریان هەبێت.
ئەو یاسایە بەس نییە بۆ هەر خێزانێك كە بیەوێت منداڵێك لەخۆبگرێت، بەڵكو دەبێت پێشتر سەرەی لە دادگا نوسیبێت و چاوەڕوانی ئەوە بكات تا سەرەی دێت، ئەوەش بابەتێك نییە بە ئاسانی بەدەستبێت، چونكە سەدان خێزان بۆ ئەو مەبەستە سەرەیان نوسیوە.
بەپێی سەرچاوەیەكی دادوەری لە دادگای كەركوك، ئەوان تەنیا منداڵ بەو خێزانانە دەدەن كە لە پارێزگای كەركوك نیشتەجێن، نەك دەرەوەی پارێزگاكە، بۆ ئەوەی دوایی بتوانن لە نزیكەوە چاودێری دۆخی بەخێوكردنی منداڵەكە بكەن.
هەروەها دادگای كەركوك ئەوەشی كردۆتە مەرج، كە ئەگەر خێزانێك كرێچی بن و خانوی خۆیان نەبێت ئامادەنین منداڵەكەیان پێبدەن، چونكە لەو حاڵەتەدا وەكو ئەوە تەماشای خێزانەكە دەكرێت كە توانای ئابوریان باش نییە.
ئاماری فڕێدانی منداڵ لە پارێزگای كەركوك بەرزە، بۆ نمونە بەپێی ئامارێكی (كەركوك ناو) تەنیا لە چوار مانگی یەكەمی ساڵی 2022دا 10 منداڵی یەك رۆژ تا 10 ساڵان فرێدراون.
بەپێی ماددەی 383 لە یاسای سزادانی عیراق، هەر كەسێك منداڵ لە شوێنێكی چۆڵ بەجێبهڵێت و بەهۆیەوە روبەروی مەترسی و برسێتی ببێتەوە، ئەوا بە زیندانیكردن سزادەدرێت.
پێشتر سرود ئەحمەد، سەرۆکی لقی كەركوكی کۆمەڵەی هیوای عیراقی –رێكخراوێكی داكۆكیكارە لە مافەكانی مرۆڤ- بە (كەركوك ناو)ـی وت "هۆکاری فڕێدانی منداڵان لەسەر شەقامەکان زۆرجار دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی لەسەرەتادا بناغەی دروستکردنی خێزانەکان پتەو و تەندروست نەبون، بەداخەوە خودی ئەو دایک و باوکانە لەڕوی دەرونییەوە كێشەیان هەیە، بۆیە هەندێکجار کار دەگاتە ئەوەی کە منداڵەکانیان فڕێدەدەنە سەر شەقام".
بەپێی یاسای باری كەسێتیی عیراق، منداڵ مافی لەخۆگرتن و چاودێریكردنی خێزانی هەیە لە ژینگەیەكی پارێزراو و گوزەرانێكی شیاودا.
سرود ئەحمەد دەڵێت "پێویستە حکومەت پلانی گشتگیری هەبێت بۆ ئەم دیاردەیە، بەتایبەت بۆ منداڵی تازە لەدایکبوو، گرنگە شوێنێکی تایبەت هەبێت بۆ ئەو منداڵانەی لە دەرەوەی پرۆسەی هاوسەرگیری لەدایک دەبن و لەسەر شەقامەکان فڕێدەدرێن".
كەركوك/ 2022/ دۆزینەوەی منداڵێكی تازە لەدایكبوو كە بەوتەی پۆلیس دوای فڕێدانی گیانیلەدەستداوە فۆتۆ: سەرچاوەیەك لە پۆلیسی كەركوك