محەمەد حافز، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك:
عەرەب پۆستی زۆری بەدەستەوەیە... هەوڵی بەدیهێنانی سەدا 32 دەدەین

عومەر هیلالی – كەركوك

محەمەد ئیبراهیم حافز، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك هۆشداری لە لێكەوتەی یاسایی و دارایی دەدات بەو ئەندامانەی ئەنجومەن كە بایكۆتیان كردووە و ئاشكراشیدەكات، سەرباری ئەوەی عەرەب زیاتر لە جاران پۆستی هەیە بەڵام ئاڵوگۆڕی پۆستە باڵاكان بەپێی رێككەوتنی سیاسی جێگیركراوە.

لەم چاوپێكەوتنەدا لەگەڵ (كەركوك ناو)، حافز ئاماژە بە گۆڕانكارییەكانی ئیدارەی پارێزگاكە، وردەكارییەكانی رێككەوتنی سیاسی، داهاتووی دانیشتنەكانی ئەنجومەن و پرۆژە خزمەتگوزارییەكانی كەركوك دەكات.

 

عومەر هیلالی: دەربارەی ئاڵوگۆڕی پۆستە باڵاكانی كەركوك لێدوانی جیاواز هەیە، ئایا ئیدارەی خۆجێی وەكو ئێستا دەمێنێنەوە یان پۆستی سەرۆكی ئەنجومەن هەر لای ئێوە دەبێت؟

محەمەد حافز: (نەبوونی ئاڵوگۆڕی پۆستەكان) ئەوە قسەی هەندێك سیاسی بوو و ئەندامێكی ئەنجومەنیش لەوبارەیەوە لێدوانی دا و لێدوانەكەی مۆفەق نەبوو، ئێمە رێككەوتنێكی سیاسیمان هەیە و بەپێی بەندەكانی ئاڵوگۆڕی پۆستەكان دەكرێت، ئەو رێككەوتنەش لایەنی و كەسانی دیكە هەن سەرپەرشتیار و چاودێرن تا گرەنتی جێبەجێكردنی هەبێت، ئێمە لە چوارچێوەی پێكهێنانی ئەم ئیدارەیەدا چوینەتە ناو هاوبەشییەكی راستەقینەوە و برایانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیش پابەندن بە بەندەكانی رێككەوتنەكەوە.

دواجار ئێمە لەم ئیدارە و بۆ هەنگاوەكانی داهاتوو بەپێی دیدگا و بڕیاری سەركردایەتی خۆمان هەنگاو دەنێین، ئەوان بەشێكی سەرەكی بوون لە پێكهێنانی ئەم ئیدارەیە و پشت بە دیدگا و راسپاردەكانی ئەوان دەبەستین لەوان بەڕێزان محەمەد حەلبوسی (سەرۆكی تەقەدوم) و محەمەد تەمیم (سەركردە لە تەقەدوم و وەزیری پلاندانان) دەربارەی ئاڵوگۆڕی پۆستەكانی كەركوك.

عومەر هیلالی: كێشە چییە ئەگەر پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا لای عەرەب بمێنێتەوە، لە كاتێكدا بەپێی یاسا دەسەڵاتەكانی لە دەسەڵاتی پارێزگار زۆرترە و دەوترێت ئێستا عەرەب لە هەموو كاتێك پۆستی زیاتری بەدەستەوەیە؟

محەمەد حافز: بە دڵنیاییەوە پۆستەكانی عەرەب ئەمڕۆ زیاترە و دەسەڵاتی ئەنجومەنیش باڵاترە، هەرچەندە پێشتر بەهۆی بایكۆتی هەندێك لە ئەندامانی ئەنجومەنەوە كارەكان پەكیانكەوتبوو بەڵام لەمەودوا ئەنجومەن بە شێوازێكی نوێ و چالاكانە ئەرك و رۆڵی خۆی دەبینێت.

سەرباری گومانی زۆرێك، بەڵام زامنی جێبەجێكردنی رێككەوتنی سیاسی و ئاڵوگۆڕی پۆستەكان هەیە، بەوپێیەی هاوڵاتی عەرەب سەیری رەمزێتی پۆستی پارێزگار دەكات، هەرچەندە لە ئیدارەی كەركوك هەموو بڕیاردان و هەنگاوێك بە هاوبەشییە نەك تاكلایەنە، لەگەڵ بەڕێز پارێزگاری كەركوك پێكەوە بە هاوبەشی هەموو بڕیارێك دەردەكەین، بە گەورە و بچوكەوە، هەمووی بە رێككەوتن و هاوبەشییە، لێرەشەوە داوا لە برایانی توركمان دەكەم بگەڕێنمەوە بۆ ئەنجومەن تا شایستەی خۆیان وەربگرن و لە بچوك و گەورە ببنە هاوبەشی راستەقینە، ئەوان پێكهاتەیەكی سەرەكین لە كەركوك و ئێمەش هەوڵدەدەین وەكو سەردەمی رابردوو هەموو پۆست و لێپرسراوێتییەكان لە هەرە باڵاوە تا بچوكترینی ناو فەرمانگەیەك بە رێژەی سەدا 32 لەڕێی لیژنەی هاوسەنگییەوە دوبارە پێداچونەوەی بۆ بكەین.

عومەر هیلالی: لیژنەی هاوسەنگی بۆ دابەشكردنەوەی پۆست و بەشداری لایەنەكان لە ئیدارەی كەركوك هیچ پەیوەندییەكی هەیە بەو رێككەوتنە سیاسییەی ئیدارەی خۆجێیی لەسەر پێكهێنراوە؟

محەمەد حافز: نەخێر بەهیچ شێوەیەك، ئەو لیژنەیە لە دەرەوەی رێككەوتنی سیاسییە، كاری لیژنەی هاوسەنگی تایبەت بە رۆڵ و ئەركی ئەنجومەنی پارێزگا، ئەوەش لەسەر داواكاری ئەحمەد رەمزی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگا لە بەرەی توركمانی بوو كە داوایانكرد پشكی هەموان بەپێی رێژەی سەدا 32 بێت و ئیشەڵا ئێمەش لەرێی لیژنەی هاوسەنگییەوە كار بۆ ئەوەدەكەین لە هەموو فەرمانگەكاندا.

عومەر هیلالی: هێشتا ژمارەیەك ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگا بەشداری دانیشتنەكانی ئەنجومەن ناكەن و لە بەرەی بایكۆتدان، ئەنجومەن چ رێكارێك دەگرێتەبەر؟

محەمەد حافز: لە چوارچێوەی یاسادا هیچ شتێك نییە بەناوی بایكۆتەوە، هەموو كەسێكیش ئازادە لە تێڕوانین و ئاڕاستەی سیاسی خۆی، ئێمە دژی ئەوە نین، بەڵام ئەندامی ئەنجومەن فەرمانبەرە و ئەركی خزمەتكردنی گشتی لەسەرە، دەكەوێتە ژێر چەتری یاسا بەرەكارەكانی پەیوەست بە كاروباری فەرمانبەرانی دەوڵەت... هەڵسوكەوت و كارەكانی بەپێی یاسا و رێكارە یاساییەكان لێپرسینەوە و بەدواداچونی لێدەكرێت.

ئێمە وا دەگەینە نیوەی تەمەنی ئەنجومەنی هەڵبژێردراو، دەبێت خوێندنەوەمان بۆ هەڵوێست و كارەكانمان هەبێت، تا بزانین چیمان كردووە و جێپەنچەمان دیاربێت، من رۆژانە ئەندامانی ئەنجومەن دەبینیم، لە نوسینگەكانیان سەردانیان دەكەم، گفتوگۆ دەكەین، ئەوەی هەیە نامانەوێت كاریگەری بكاتە سەر پەیوەندی برایانە و هاوڕێیانەمان، ئەوەی هەیە جیاوازی شەخسی نییە، ئەوان سوێندیان خواردووە بۆ خزمەتی گشتی و دەبێت وەفاداربن بەرانبەر بەو سوێندەی خواردوویانە، دەبێت بەرژەوەندی گشتی پێش بەرژەوەندی تایبەتی بخرێت، دەكرێت ببنە ئۆپۆزسیۆن و لە دانیشتنەكانی ئەنجومەندا بەرانبەر بە ئیدارەی حكومەت ئۆپۆزسیۆن بون، هەرچییەك دەكەن دەبێت لەژێر چەتری ئەنجومەندا بێت، تا رۆڵی چاودێری ئەنجومەن و ئەركەكانی چالاكتربێت، دابڕانی ئەوان دواتر لێكەوتەی دارایی و یاسایی دەبێت، دەربارەی شەرعیەتی ئەندامێتییان و ئەو شایستە داراییەی وەریدەگرن.

عومەر هیلالی: ماوەیەكە قسە لەسەر دۆسیەی وەبەرهێنان لە كەركوك دەكرێت و وەكو كێشە لێكدەدرێتەوە، كێشەكە چییە و چۆن مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت؟

محەمەد حافز: ئەنجومەن نەخشەی وەبەرهێنان لە پارێزگاكە دادەنێت و بەپێی ئەو نەخشەیە و پاڵپشت بە یاسای وەبەرهێنان مۆڵەتی وەبەرهێنان دەدرێت، بەڵام لە كەركوك، پێشتر چەندین مۆڵەت لە دیدگای بەرتەسكی كەسی و ئەجێندا و دەستوەردانی لایەنی باڵادەست دراون، لەكاتێكدا پێویستە مۆڵەتەكانی وەبەرهێنان بۆ پرۆژەی راستەقینە بێت نەك تەنیا پرۆژەی نیشتەجێبوون كە تیایدا بەرژەوەندی وەبەرهێنەر لەبەرچاوگیراوە لەسەر حسابی هاوڵاتیان، ئێمە دەربارەی مۆڵەتەكانی پێشتری وەبەرهێنان هەڵوێستی جددیمان دەبێت، سكاڵا بۆ دادگا بەرزدەكەینەوە بە ئامانجی پێداچوونەوە بە شەرعیەتی ئەو مۆڵەتانەی تائێستا دەرچوون، لەوبارەیەشەوە نوسراو و داواكاریمان بۆ دەستەی گشتی وەبەرهێنان بەرزكردۆتەوە بەڵام دەستتێوەردانەكان بەربەستن و بەوهۆیەوە ئەنجامی نەبووە.

عومەر هیلالی: چۆن لە دۆسیەی ئەمنی ئێستای كەركوك دەڕوانن، لە كاتێكدا دەوترێت هێشتا بۆشایی ئەمنی لە نێوان هێزەكانی حكومەتی عیراق و هێزەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا كێشەیە؟

محەمەد حافز: دۆسیەی ئەمنی كەركوك دۆسیەیەكی فیدراڵیییە و لە ژێر دەسەڵاتی فەرماندەیی سەرۆك وەزیران محەمەد شیاع سودانییە، راستە ئێمە لە بارەی دۆسیەی ئەمنییەوە كێشەمان هەیە، هێشتا بۆشایی ئەمنی هەیە، كێشەیەكی دیكەش ئەوەیە سێ فەرماندەیی ئۆپراسیۆن لە ناوچەكەماندا دەسەڵاتیان هەیە كە لە هەمان مەنزومەی ئەمنی فیدراڵین، ئەوانیش فەرماندەیی ئۆپراسیۆنی كەركوك، فەرماندەیی ئۆپراسیۆنی نەینەوا و فەرماندەیی ئۆپراسیۆنی خۆرهەڵاتی سەڵاحەدین، كە هەندێكجار دەستوەردان و تێكەڵاوی لە كاروبارەكانیاندا دروستدەبێت، بۆ نمونە دەستوەردانی فەرماندەیی خۆرهەڵاتی سەڵاحەدین دەگاتە داقوق و هی نەینەوا دەگاتە دوبز، ئەمەش بە بڕیاری بەڕێز سودانی بەمزانە چارەسەر دەبێت، ئەویش بە پێكهێنانی فەرماندەییەكی ئۆپراسیۆنی كەركوك كە هەموو یەكە ئیدارییەكانی پارێزگاكە لە خۆبگرێت، تا باشتر بتوانن دۆسیەی ئەمنی ناوچەكان كۆنتڕۆڵ بكەن و لەگەڵ فەرماندەییەكانی دیكەدا دەستوەردان لە كاروباری یەكتری رونەدات.

سەرباری ئەوانەش ئاسایشی كەركوك بە تەواوی سەقامگیرە، رەنگە جموجوڵی كەم لە ناوچە دورەدەستەكان هەبێت، بەڵام مەترسی نییە و لەڕێی ئۆپراسیۆنی بەردەوامی هێزە جیاوازەكانەوە سەقامگیری پارێزراوە.

عومەر هیلالی: زیاتر لە ساڵێك بەسەر پێكهێنانی حكومەتی خۆجێیی كەركوكدا تێدەپەڕێت، لەوماوەیەدا گرنگترین دەستكەوتەكانی ئیدارەكە چی بوو؟

محەمەد حافز: دەستكەوتەكان خزمەتكردنی هاوڵاتیانە و ئەوەش فەزڵ نییە و ئەركە بەرانبەر بە هاوڵاتیان، پرۆژەكان لەچوارچێوەی پاكێجێكدا بوون كە بە هاوكاری بەرێز محەمەد تەمیم، وەزیری پلاندانان و جێگری سەرۆك وەزیران بۆ كەركوك خرایە جێبەجێكردنەوە لە نێویاندا پرۆژەی پرد و پاخچەكانی باكور و باشوری شار و دەبوو دروستكردنی سایلۆی تێداێت لە ناوچەكانی كەركوك و حەویجە و دوبز بەڵام كێشەی زەوی هەبوو كە ئەوەش چارەسەر دەبێت.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT