كچە کەرکوکییەک لەڕێیە ببێتە وەزیر لە سوید

لاوێن رێدار، كچە سیاستمەداری كورد لە پارتی سۆسیال دیموکراتەكانی سوید. وێنەكە لە پەیجی تایبەتی لاوێن وەرگیراوە.

وریا حەمە تاهیر

کەمتر لە ساڵێکی ماوە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی سوید، وردە وردە پارتەکان خۆیان ساز دەدەنەوە، پارتی سۆسیال دیموکراتەکان بە سەرکردایەتی ماگدەلێنا ئاندەرسۆن، خەریکی رێکخستنەوەی پارتەکەیەتی و دەیەوێت هەڵبژاردن بباتەوە و ببێتەوە بە سەرۆکوەزیران. یەکێک لەو کەسانەی ماوەیەکە لە پارتەکە رۆڵێکی بەرچاوی پێدراوە، لاوێن رێدارە، کچە کوردی سویدی، بە بنەچە کەرکوکی، باوکی لاوێن خەڵکی رێدار (ناحیەی شوان)ە، بەڵام خۆی لە سوید لەدایکبووە.

لەم ساڵانەی دوایدا لاوێن لێپرسراوی دۆسییەی کولتوری بووە لە پارتەکەدا، ماوەکانی پێشووش راسپێردرابوو کە سیاسەتی نوێی پارتی سۆسیال دیموکراتەکان بۆ پرسی هاوگونجی پەنابەران لە سوید بخاتەڕوو. واتە ئەگەر سۆسیال دیموکراتەکان هاتنەوە سەر حوکم، چ پلان و بەرنامەیەکیان دەبێت بۆ پرسی پەنابەرانی وەرگیراو تا خۆیان بسازێنن لەگەڵ کۆمەڵگای سویدیدا،  ئەو پرسە لەم ساڵانەی دواییدا بووەتە جێی مشتوومڕی سیاسی گەرم.

چوارشەممە 24ی ئەیلولی 2025، ماگدەلێنا ئاندەرسۆن، لاوێن رێداری وەک لێپرسراوی دۆسییەی هاوگونجی "ئینتیگرەیشن" ناساند، کە پێشتر ئەم پرسە بەشێک بووە لە پرسی پەنابەری. ئانرس ئیگمان، کۆنە سیاسی و خەباتکاری کۆنی سۆسیال دیموکراتەکان ئەو پۆستەی لابوو.

لەم گۆڕانکارییانەدا لاوێن رێدار هێنراوەتە پێشەوە، جگەلەوەش کۆمەڵێک ئەرکی پەرلەمانتاری لە کۆڵ دەکرێتەوە، تا دەرفەتی پێبدرێت بە هەموو سویددا بگەڕێت و خۆی تەرخانبکات بۆ رونکردنەوەی سیاسەتی نوێی هاوگونجی پارتەکە لە شار و شارۆچکەکانی سوید، لەناو خەڵک و ئەندامانی پارتەکەدا.

Lawen. Reedar-1
لاوێن رێدار، كچە سیاستمەداری كورد لە پارتی سۆسیال دیموکراتەكانی سوید. وێنەكە لە پەیجی تایبەتی لاوێن وەرگیراوە.

بەوەش  پرسی هاوگونجی دەبێتەوە بە پرسێکی سەربەخۆ دوای 20 ساڵ کە ئەم پرسە لابراو لەناو پرسی بازاڕی کار و دواتر پەنابەرییدا جێی کرابووەوە. لاوێن رێداریش دەبێتە بەرپرسی.

لاوێن كە دایكی خەڵكی رۆژهەڵاتی كوردستان (ئێران)ە، ماوەیەك سەرۆکی تیمی سۆسیال دیموکراتەکان بوو بۆ داڕشتنی سیاسەتی نوێی پارتەکە کە چۆن هاوگونجی بەرزبکرێتەوە. لەدوای ئەوەشەوە وەک دەموچاوێکی نوێ و دیاری پارتەکە دەرکەوتووە و رۆڵی زیاتری پێدراوە. وا چاوەڕواندەکرێت ئەگەر هەڵبژاردن ببەنەوە، ئەوا ماگدەلێنا ئاندەرسۆن، سەرۆکی پارتەکە کە دەبێتە سەرۆکوەزیران، لاوێن رێدار راسپێرێت بۆ پۆستی وەزیر.

هێشتا لە سوید هیچ کەسێکی بە بنەچە کورد نەبووە بە وەزیر، هەرچەندە لە ماوەی 30 ساڵی رابردودا، ژمارەی پەرلەمانتاری بە بنەچە کورد لە پەرلەمانی سوید هەبون هەندێکجار پێنج تا شەش دانەبون لە خولێکدا. 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT