كەسوكاری شۆفێرێك لەڕێی (كەركوك ناو)ەوە داوای هاوكاریی لە دامەزراوە پەیوەندیدارەكانی كەركوك دەكەن و جەختدەكەنەوە لەوەی بە "ئەفسەرێك و چوار پۆلیسی هاتوچۆ لە كوڕێكیانیانداوە"، سەرەڕای ئەوەش سكاڵایان لەسەر تۆماركردووە و ختسویانەتە زیندانەوە.
روداوەكە بۆ ئێوارەی هەینی رابردوو 10ی تشرینی یەكەم دەگەڕێتەوە، كاتێك مەفرەزەیەكی پۆلیسی هاتوچۆی كەركوك لە نزیك بازگەی دارەمان لە نێوان شاری كەركوك و ناحیەی پردێ (ئاڵتون كۆپری) جێگیردەكرێن و شۆفێرێكی بارهەڵگر بەناوی كارزان كاوە مەهدی لەلایەن مەفرەزكانەوە رادەگیرێت كە تانكەرێكی پێبووە.
كاروان كاوە مەهدی، برای شۆفێرەكە، كە ئەویش بە چەند خولەكێكی كەم بە بازگە كاتییەكەی مەفرەزەكەدا تێپەڕ بووە، وتی "یەك كیلۆمەتر دوركەوتمەوە، براكەم تەلەفونی كرد و وتی فریام بكەوە، بە پێنج مرورەوە لێمدەدەن و خەڵتانی خوێنیان كردوم، قسەكەی تەواو نەكرد دەنگەكەی بچڕا".
كاروان كاتێك دەگاتە لای مەفرەزەكە دەبینێت براكەیان راگرتووە و خوێن لە جەستەی دێت، هەر ئەوكات لەگەڵ مەفرەزەكەدا دەكەوێتە گفتوگۆ.
"چیرۆكەكە لەوەوە دەستیپێكردووە كە ئۆتۆمبێلێكی تایبەت لەبەردەم مەفرەزەكە لە هێمایەكی فسفۆڕی هاتوچۆی داوە و خستویەتییە ژێر تانكەری براكەمەوە، لەوكاتەدا ئەفسەرێكی هاتوچۆش براكەمی راگرتووە"، كاروان زیاتر وتی "ئەفسەرەكە وتی سەرەتا بە گاڵتە ویستومانە سەربخەینە سەری براكەت و وتومانە یەك ملیۆن دینار غەرامەت دەكەین و تانكەرەكەشت دەستی بەسەردا دەگیرێت... نەمانزانیوە براكەت توڕە دەبێت و گاڵتە نازانێت".
لەوكاتەدا كارزان وتویەتی "مەعقول نییە من لە فسفۆڕەكەم نەداوە كەچی دەتانەوێت سزام بدەن، ئەمە كەی یاسایە"، بەوتەی كاروان كاوە لێرەوە مشتومڕ و دەمەقاڵی دروستدەبێت و "پەلاماری براكەم دەدەن".
بەڵام بەپێی گێڕانەوەكان كارزان ویستویەتی ڤیدیۆی مەفرەزەكە بگرێت و بڵێت "ئەمانە غەدرم لێدەكەن، لەوكاتەدا هەڵیانكوتاوەتە سەری".
كارزان كاوە مەهدی خێزاندارە و خاوەنی سێ منداڵە، لە دوای ئەو روداوەوە لەلایەن هێزێكی فریاكەوتنەوە دەستگیركراوە، ئەو هێزەش لەلایەن مەفرەزەكانی هاتوچۆوە داواكراوە بۆ دەستگیركردنی ناوبراو لە هەمان شوێنی روداوەكە.
لە كۆی ئەو پێنج پۆلیسەی لەگەڵ كارزان بۆتە دەماقاڵێیان، چواریان سكاڵایان لەسەر هەبووە، تەنیا یەكێكیان وتویەتی سكاڵا ناكەم، بەڵام ئەویش دوو رۆژ دواتر (رۆژی یەكشەممە) سكاڵای كردووە.
رۆژی شەممە كاروان كاوە، چۆتەوە شوێنی روداوەكە تا بزانێت كامێرای چاودێری لێیە یاخود نا، لەوكاتە پۆلیسێكی هاتوچۆ لەوێ بووە و بە كاروانی وتووە "تۆ بویت بەو پیاوەی بێیت چاودێری كامێرا بكەیت، بۆیە سكاڵایان لەسەر منیش تۆمار كردووە".
كاروان كاتێك قسەی بۆ (كەركوك ناو) كرد لە دادگای كەركوك بوو، بۆ یەكلاییكدرنەوەی دۆسییەی خۆی و براكەی. وتیشی "مەفرەزەكەی پۆلیسی هاتوچۆش لەوێ بون".
مەفرەكەی پۆلیسی هاتوچۆ تۆمەتی ئەوەیان داوەتەپاڵ كارزان گوایا "كارزان وتویەتی پلەكەت لەسەر شان دادەگرم".
كەسوكاری كارزان، ئەمڕۆ یەكشەممە 12ی تشرینی یەكەم، بە تۆمەتی ئەشكەنجەدانی كوڕەكەیان سكاڵایان تۆماركردووە و هەر ئەمڕۆ لەیەكەم دانیشتنی دادگا ئامادەبون.
كاروان جارێكی تر دوپاتیكردەوە كە ئەوكاتەی چۆتە شوێنی روداوەكە، ئەفسەری هاتوچۆكە بانگی كردووە و "ئەملاو ئەولای ماچ كردوم"، جەختیكردەوە "ئەفسەرەكە وتی وەڵا براكەت هیچ تاوانی نەبووە، داوای ساڵنامە و مۆڵەتی شۆفێریمان كردووە و پێی داوین، بەگاڵتە وتومانە سزات دەدەین، نەمانزانیوە توڕە دەبێت و لەدەست دەردەچێت".
دۆسییەكە ئێستا لە دادگایە و ئەفسەر و پۆلیسەكانی هاتوچۆ ئامادەنین سكاڵاكە بكشێننەوە، پۆلیسی هاتوچۆش ئامادەنین بە ئاشكرا لەسەر ئەو پرسە لێدوان بدەن.
تەنیا سەرچاوەیەك كە لێپرسراوێتی هەیە و نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە، بە (كەركوك ناو)ی وت "كەیسەكە تازە چۆتە دادگا و سكاڵا تۆماركراوە، وەزارەتیش لە بەغدا ئاگادارن، ئەگینا نەماندەهێشت بەو شێوەیە گەورەبێت و چارەسەرمان دەكرد، بەڵام ئێستا لە دەستی ئێمەدا نەماوە".
هەریەكە لە بەڕێوەبەری هاتوچۆی كەركوك و لێپرسراوی راگەیاندنی هاتوچۆ، ئامادەنەبون قسە لەسەر ئەو پرسە بكەن، هەرچەندە (كەركوك ناو) چەند جارێك پەیوەندی پێوەكردن.