وتەبیژی مەکتەبی رێکخستنی پارێزگای کەرکوکی پارتی: دەنگەكانمان لە كەركوك زیاد دەكات

كەركوك/ تشرینی یەكەمی 2025/ بانگەشەی پارتی دیموكراتی كرودستان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق. فۆتۆ: راگەیاندنی پارتی

فەرمان سادق

لوقمان حسێن ئەحمەد، وتەبیژی مەکتەبی رێکخستنی پارێزگای کەرکوک - گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان، دوو هۆكار دیاریدەكات كە پێیوایە دەبێتەهۆی زیادكردنی دەنگەكانیان لەم هەڵبژاردنە، لەوانە گەڕانەوەی حزبەكەی بۆ كەركوك كە لەدوای روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر 2017ەوە، لەگەڵ "بەهێز"ی كاندیدەكانیان كە جەختیكردەوە "خەڵكی شارەكە پێشوازی گەرمیان لێدەكەن".

ئەو وتانەی لوقمان حسێن لە چاوپێكەوتنێكی تایبەتدا هات لەگەڵ (كەركوك ناو)، كە تایبەتە بە پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق لە كەركوك و لە بەشێكیدا لە پرسی ناكۆكی نێو كاندیدەكانی حزبەكەی، لەگەڵ شاخەوان عەبدوڵا، سەرۆكی لیست، ئەو وتی "ئەوەی رویدا شتێکی ئاساییە لەوەی روبدات، بابەتەکە میدیا گەورەی کرد، ئەگەرنا لەوەها کەرنەڤاڵێکی گەورەدا هەندێکجار پێشوی وەها هەر دروستدەبێت".

کەرکوک ناو: لە بەردەم هەڵبژاردنداین، بێگومان هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بۆ کورد لەناوچە جێناکۆکەکان، جیاوازی زۆری هەیە لەگەڵ هەرێمی کوردستان، دەمەوێت بپرسم دۆخەکە لە کەرکوک وەک چەقی ململانێی نێوان هەرێم و عيراق، چۆنە؟

لوقمان حسێن: بێگومان هەموو هەڵبژاردنێک گرنگە، بەڵام کاتێک بۆ بەغدا بێت و لە کەرکوکیش بێت دوجار گرنگ دەبێت، هەم بۆ نیشاندان و بەهێزکردنی پێگە و سەنگی کورد لە بەغدا، هەم سەلماندنەوەی کوردستانی بونی ناسنامەی کەرکوک لەڕێگەی سندوقەکانی دەنگدانەوە، بۆیە پێویستە زۆرترین دەنگ بەدەستبهێنین بۆ بەرگریکردن لە مانەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستان و جێبەجێکردنی تەواوی دەستوور بەتایبەت ماددەی 140 و گەڕاندنەوەی تەواوی ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بۆ سەر هەرێمی کوردستان.

گرنگە لەم خولەی پەرلەمانی عیراقدا کار بکرێت بۆ چەسپاندنی بنەماکانی فیدڕاڵییەت، ئەمەش وایکردووە پارتیمان هاوسەنگی و هاوبەشی و سازانی کردووە بە دروشمی هەڵبژاردن و دەیکات بە بنەما لە بەغدا بۆ راستکردنەوەی رێڕەوی حوکمڕانی، بەو پێیەی خاوەنی نزیکەی یەک ملیۆن دەنگە، ئەمەش سەنگ و پێگەی پارتییە و هەر بە پارتی دەکرێت.

بۆیە ئەگەر ئەمجارە هاوسەنگی و هاوبەشی و سازان جێبەجێنەکرێت لە بەغدا زۆر زەحمەتە ئەم وڵاتە بەمشێوەیە بەردەوام بێت، ئەم داخوازییە لەبەغدا جێبەجێنەکرێت، ئەوا زەحمەتە ئەم وڵاتە بەمشێوەیە بەردەوام بێت، بۆیە یەكگرتویی كورد لە بەغدا گرنگە.

کەرکوک ناو: وەک دەزانن بەشێک لە دەنگدەران، بە تایبەتی کوردانی کەرکوک لە سلێمانی و هەولێر نیشتەجێن، ئامارێکتان لایە ئەوان ژمارەیان چەندە و چۆن دەنگدەدەن؟

Luqman. hasaan
لوقمان حسێن ئەحمەد، وتەبیژی مەکتەبی رێکخستنی پارێزگای کەرکوک - گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان

لوقمان حسێن: تایبەت بە ئاوارەکانی كەركوك كە لە سلێمانی و هەولێرن، بەرنامەیەکی تۆکمەمان داناوە بۆ ئەوەی ئاسانکارییان بۆ بکەین تاوەکو لە رۆژی دەنگداندا ئامادەبن، بۆ ئەمەش خەڵکی کەرکوک بە پەرۆشن بۆ بەشداری لە هەڵبژاردن بەو پێیەی ململانێیەکی گەورە لەم شارە هەیە، ئەمەش پاڵنەری خەڵکەکەیە کە ئامادەبن بە هەموو شێوەیەک بێنەوە شارەکە بۆ بەشداری لە هەڵبژاردن. بەپێی ئاماری رێکخستنەکانی ئێمە بێت ئەوانە ژمارەیان لە نێوان 15 بۆ 20 هەزار دەنگدەر دەبێت.

کەرکوک ناو: با بگەڕێینەوە ناو کەرکوک، بەراورد بە هەڵبژاردنی رابردوو، پێتوایە پارتی دیموکراتی کوردستان ژمارەی دەنگەکانی زیاد دەکات؟ ئەگەر زیاد دەکات بە چ پێوەرێک؟

لوقمان حسێن: پاڵپشت بەو راپرسیانەی کردومانە دڵنیاین لەوەی دەنگی پارتی زیاد دەکات، هۆکارەکانیش بۆ زیادبونی دەنگی پارتی زۆرن، یەکێک لەوانە گەڕاندنەوەی پارتی بۆ شارەکە و کردنەوەی بارەگاکانی لە کەرنەڤاڵێکی جەماوەری گەورە بە ئاڵای کوردستان، هەروەها هۆکاری دووەم کاندیدەکانمانن کە پێشوازییەکی جەماوەری گەورەیان لێکرا. لە کەرکوک 24 کاندیدمان هەیە و دڵنیاین دەنگمان زیاد دەكات.

کەرکوک ناو: زۆرجار ژمارەی دەنگ زیاد دەکات، بەڵام کورسی نا، کەواتە پێشبینی دەکەن لە باشترین حاڵەتدا پارتی دیموکراتی کوردستان چەند دەنگ بهێنێت؟

لوقمان حسێن: بێگومان ئەمە زۆر راستە، ئەوەش بە لەبەرچاوگرتنی رێسای سانتلیگۆ،  دەبینین لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكاندا نەوەی نوێ زیاتر لە 20 هەزار دەنگی فەوتا، لەم سۆنگەیەوە داوا لە خەڵکی کەرکوک دەکەین دەنگ بدەن بەو لیستە گەورانەی کە کورسییان بۆ زامن دەکەن، بۆ ئەوەی دەنگەکانیان نەفەوتێت. لەبارەی ئەوەی پارتی چەند کورسی دەهێنێت، ئەمە بەشێکی دەکەوێتە سەر رێژەی بەشداری، بۆیە زۆر زەحمەتە پێشبینی ئەوە بکەیت چەند کورسی دەهێنیت، بەڵام پێشبینی دەکەم رێژەی بەشداری لە هەڵبژاردنی رابردوو زیاتر بێت، ئەوەش بەهۆی بونی سروشتی ئەو ململانێیە نەتەوەییەی لە کەرکوک هەیە.

کەرکوک ناو: وەک دەزانن سیستمی هەڵبژاردن وەها دیزاینکراوە کە لە بەرژەوەندی زۆرینەیە، بەم پێودانگە بێت نەبونی یەکلیستی لایەنە کوردستانییەکان زیان لە دەنگی کورد نادات وەک نەتەوە؟ پێتوایە ئەو زیانە چەند کورسی لە دەست کورد دەچێت؟

لوقمان حسێن: پارتی دیموکراتی کوردستان هەردەم لەگەڵ یەکلیستی بووە، شاندی پارتیمان نەک تەنیا لەگەڵ یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان، بەڵکو لەگەڵ لایەنە کوردستانییەکانی دیکەش دانیشتنی کرد بۆ ئەوەی کورد بە یەک لیست بەشداری هەڵبژاردن بکات، نەک تەنیا لە دەرەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستان بەڵکو لەناو کوردستانیش، بەڵام یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان وەهایان پێباش بوو بە جیا بەشداری بکەین.

کەرکوک ناو: بەمدواییە لە بانگەشەی هەڵبژاردنی پارتی لە کەرکوک پشێوییەک دروستبوو، تەقە کرا، دەتوانیت ئەمە رون بکەیتەوە چی بوو بۆ رویدا؟ وەک حیزب لێکۆڵینەوەتان لە روداوەکە کرد و بەچی گەیشتن؟

561616652_1513275057023621_6556166313099989941_n
هەولێر/ تشرینی یەكەمی 2025/ بانگەشەی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق. فۆتۆ: راگەیاندنی پارتی

 

لوقمان حسێن: ئەوەی رویدا شتێکی ئاساییە لەوەی روبدات، چونکە لیستی 275 گەورەترین کەرنەڤاڵی بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەنجامدا کە زیاتر لە 10 هەزار کەس لە ئەندام و لایەنگرانمان ئامادەی بون کە ئەمە پێشبینی نەکراو بوو. کاتێکیش بەشێک لەم جەماوەرە نزیکبونەوە لە ستەیجی کەرنەڤاڵەکە، یەک دوو تەقەی هەوایی کراوە بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە و دروست نەبونی پشێوی، بابەتەکە میدیا گەورەی کرد، ئەگەرنا لەوەها کەرنەڤاڵێکی گەورەدا هەندێکجار پێشوی وەها هەر دروستدەبێت.

کەرکوک ناو: بەڵام لە کۆبوونەوەی ئەمدواییەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی لەگەڵ کاندیدەکان، شاخەوان عەبدوڵڵا، سەرۆکی لیست ئامادەنەبوو، ئەوە پەویەندی بەچییەوە هەیبوو؟ هیچ پەیوەندی بە گرژییەکەوە هەیە کە دەگوترێت هەندێک پاسەوانی شاخەوان عەبدوڵلا دەستگیركراون؟

لوقمان حسێن: ئامادەنەبونی کاک شاخەوان مەبەستدار نەبووە، ئەو ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عیراق و جێگری بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارتیمانە لە بەغدا، هەموو ئەو سەرقاڵییانە هۆکار بووە لەوەی ئامادەنەبێت، ئەگینا هیچ کێشەیەک لە پشتەوەی ئامادەنەبونی ناوبراوەوە نەبوو.

کەرکوک ناو: هەستدەکرێت پارتیش وەک یەکێتی لە بانگەشەدا بەرانبەر عەرەب و تورکمان گوتاری نەرمە، وەک ئەوەی جاران نییە، ئەمە بۆ؟ سودفەیە یان لێکگەیشتن هەیە لەگەڵ پێکهاتەکان؟

لوقمان حسێن: بە رێنمایی جەنابی سەرۆک هەمومان پابەندین بەوەی بانگەشەیەکی ئارام بەڕێوەبچێت، دور لە تەشهیرو گرژیی و هێرشی میدیایی بۆ ئەوەی کەشێکی هەڵبژاردنی باش بەڕێوەببەین. پارتیمان دەست لە کەرکوک هەڵناگرێت، بۆ ئەمەش شۆڕشێکی بە قوربانی ئەو شارە کردووە، ئێستاش کار دەکەین بۆ جێبەجێکردنی مادەی 140 چونکە ئەمە چارەسەری سروشتی و یاسایی چارەنوسی ناوچەکەیە.

کەرکوک ناسنامەی کوردستانییە و لەسەر ئەم بابەتەش گفتوگۆ لەگەڵ کەس ناکەین و هەر کەسێکیش باوەڕی بە کوردستانی بونی کەرکوک هەیە ئەوا مامەڵەی لەگەڵ دەکەین، ئەوەیشی پەیوەستە بە پێکهاتەکانی دیکە ئەوا ئێمە دژی کەس نین و باوەڕیشمان بە برایەتی و تەبایی هەیە، دەشمانەوێت ئەزمونی سەقامگیری و ئاوەدانی هەرێمی کوردستان بگوازینەوە بۆ کەرکوک بۆ ئەوەی کەرکوک ئایندەیەکی گەشی هەبێت، ئەمەش دونیابینی پارتی دیموکراتی کوردستانە بۆ کەرکوک، هاوکات باوڕیشمان بە جیاوازییوکان هەیە لەگەڵ لایەنەکانی دیکە بەڵام دەتوانین لەچوارچێوەیەکی نیشتیمانی بەیەکەوە کار بکەین.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT