شنگال چەقی ململانێیی پارتی و ركابەرەكانییەتی لەم هەڵبژاردنەدا

نەینەوا/ تشرینی دووەمی 2025/ بانگەشەی هەڵبژاردن لە قەزای شنگال. فۆتۆ: كەركوك ناو

كەركوك ناو

بانگەشەی هەڵبژاردن لە شنگال بە دۆخێكی ئاساییدا تێپەڕنابێت و پڕە لە یەكتر تۆمەتباركردن، بەهۆی ململانێی توندی نێوان پارتی وەك هێزی براوەی هەڵبژاردنی رابردوو و ركابەرە نوێیەكانی كە هەمویان چاویان لە دەنگی ئێزیدییەكان و كەوتنی پارتییە.

پارتی، ركابەرەكانی تۆمەتبار دەكات بەوەی ژینگەی بانگەشەیان شێواندووە و پانتایی ئازادی بانگەشەیان بەرتەسككردۆتەوە، بەڵام كەم نین ئەو لایەنانەی دەڵێن پارتی لە شكست و لەدەستدانی پێگەی خۆی دەترسێت، كە هەڵبژاردنی رابردوو توانی هەرسێ كورسییەكەی بازنەی شنگال بباتەوە.

ئیدریس زۆزانی، كادیری لقی 17ی پارتی دیموكراتی كوردستان، بە (كەركوك ناو)ی وت "لە شنگال رێگریی زۆر لە كاندیدەكانمان دەكرێت و ناتوانین وەكو ناوچەكانی تری نەینەوا بە ئازادیی بانگەشە بكەین، پۆستەرەكانمان دەدڕێنن، نوسینگەی بانگەشەمان دەسوتێنن".

لقی 17ی پارتی كە تایبەتە بە رێكخستنەكانیان لە شنگال، لە ساڵی 2014ەوە كاتێك ئەو قەزایە كەوتە ژێر كۆنترۆڵی چەكدارانی داعش، بارەگاكەی نەگەڕاوەتەوە بۆ ئەو شنگال و هێشتا لە قەزای سێمێڵە لە پارێزگای دهۆك.

ئەو وتانەی زۆزانی دوای ئەوە هات كە شەوی 15ی تشرینی یەكەم، نوسینگەی بانگەشەی هەڵبژاردنی مەحما خەلیل، كاندیدی حزبەكە و ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە شنگال لە روداوێكی تەمومژاویدا سوتا.

سەعد بەتۆش، سەرۆكی حزبی پێشكەوتن كە لە دوو هەڵبژاردنی رابردودا توانیویەتی كورسی كۆتای ئێزیدییەكان بۆ خۆیان ببەن، گومانی خستەسەر سوتاندنی نوسینگەكەی مەحما خەلیل و وتی "بۆچی لەكاتی سوتانیدا كامێراكان ئیشی نەدەكرد و كوژێنرابونەوە، بۆچی بۆ خەڵكی ئاشكراناكەن كێ بون ئەم كارەیان كرد".

 قەزای شنگال (120كم خۆرئاوای موسڵ)، زۆرینەی هەرە زۆری دانیشتوانەكەی ئێزیدین و هێشتا زیاتر لە 210 هەزار كەسیان لە ئاوارەییدا دەژین، دوای ئەوەی لە ئابی 2014دا چەكدارانی داعش قەزاكەی كۆنترۆڵكرد و خەڵكەكەیان روبەڕوی رفاندن، كۆمەڵكوژی و ئاوارەیی كردەوە.

shngal.bona
شنگال/ 14ی ئابی 2025/ كۆبونەوەیەكی ئێزیدییەدكان بۆ یادكردنەوەی تەقینەوەكانی هەردوو كۆمەڵگەی سیبا شێخ خدر تەل عەزیز لە ساڵی 2007، كە بەهۆیەوە زیاتر لە 300 كەس كوژران.

 قەزاكە هێشتا سەقامگیر نییە و زیاتر له‌ هه‌شت جۆری هێزی چه‌كداری جیاوازی لێیە كە بەشێكیان لەلایەن حزب و گروپی جۆراوجۆرەوە ئاراستە دەكرێن و لە هەڵبژاردنەكاندا بە دانانی كاندید رۆڵیان هەیە.

بۆ هەڵبژاردنی 11ی تشرینی دووەم، 55 كاندید لە دەیان حزب و گروپ و هاوپەیمانی جۆراوجۆر كێبڕكێی دەنگەكانی شنگال دەكەن، بۆ یەكەمجاریش ئێزیدییەكان هاوپەیمانێتییەكی تایبەت بە خۆیان هەیە (قەزیەی ئێزیدی) كە هەموو كاندیدەكانی لەو پێكهاتە ئایینییەن كە 31 كاندیدن.

حزبی پێشكەوتن كە بە پێكهێنەرێكی ئەو هاوپەیمانێتییەیە لەگەڵ ژمارەیەك حزب و كەسایەتی ئێزیدی كە ئێستا لە شنگال جێگیرن، لە دوو هەڵبژاردنی رابردودا كورسی كۆتای ئێزیدییەكانیان بۆ خۆیان بردووە. ئامانجیان ئەوەیە زۆرینەی دەنگەكانی شنگال بۆ خۆیان ببەن و بۆ یەكەمجار بەسەر ركابەرەكەیاندا سەربكەون.

سەعد بەتۆش، وتی "خەڵك لە سیاسەتی پارتی دیموكراتی كوردستان رازی نین، بۆیە پارتی زانیاریی ناڕاست لەسەر ژینگەی بانگەشە لە شنگال بڵاودەكاتەوە"، زیاتر وتی "ئەوە حەشدی شەعبی چوار كاندیدیان هەیە و  بانگەشەی خۆیان دەكەن، هێزەكانی بەرخودانی شنگال (یەبەشە) بە هەمان شێوە، یەكێتی نیشتیمانی و هێزی تریش ئازادانە و بێ هیچ بەربەستێك كاری خۆیان دەكەن".

ئەو هێزانەی سەعد بەتۆش باسی كردن، لە هەڵبژاردنی رابردودا نەیانتوانی هیچ كورسییەكی پەرلەمانی لە بازنەی شنگال ببەن، بەڵام ئەمجارە دەیانەوێت كورسییەكان لەژێر چنگی پارتی دەربهێنن.

لە هەڵبژاردنی رابردودا، رێژەی دەنگدان لە هەر هەشت بازنەكەی نەینەوا لەسەدا 42 بوو، بەڵام لە بازنەی شنگال و بەپێی ئامارەكانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن، تەنیا لەسەدا 30ی دەنگدەران بەشداریانكرد، ئەوەش كەمترین رێژەی بەشداریبوو لەسەر ئاستی هەر هەشت بازنەكەی تری نەینەوا.

لە هەڵبژاردنی رابردوو 69 هەزار ئاوارە دەیانتوانی لە كەمپەكانی ئاوارەیی لە هەرێمی كوردستان و بەتایبەت لە دهۆكەوە دەنگ بدەن، كە پارتی دەسەڵاتی تەواوی بەسەر كەمپەكاندا هەبوو، بەڵام لەم هەڵبژاردنە تەنیا 25 هەزار و 986 كەس ناوی خۆیان تۆماركردووە و دەتوانن لەو 22 بنكەیە دەنگبدەن كە كۆمسیۆن لە كەمپەكاندا دایناوە.

سەرچاوەیەكی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن لە پارێزگای دهۆك بە (كەركوك ناو)ی وت "ئەوانی تر یان دەنگەكانیان دەفەوتێت، یان دەبێت لە رۆژی دەنگدانی گشتیدا بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان، لەوانە شنگال، دەشتی نەینەوا، یان ناوەندی موسڵ".

پارتی پێگەی فراوانی جەماوەری لە پارێزگای نەینەوادا هەیە و لە دواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراقدا كە لە 10ی تشرینی یەكەمی 2021دا بەڕێوەچوو، لە حەوت بازنەی هەڵبژاردن بەشداریكردوو 136 هەزار و 783 دەنگی بەدەسهێنا و بووە خاوەنی نۆ كورسی پەرلەمانیی لە كۆی 34 كورسی پارێزگاكە.

parti.naynawa
نەینەوا/ تشرینی دووەمی 2025/ بانگەشەی لایەنگرانی پارتی دیموكراتی كوردستان. فۆتۆ: راگەیاندنی پارتی.

 

سەعید بەتۆش وتی "ئەم هەڵبژاردنە جیاوازە، خەڵك پارتی ناوێت، ئەوەتا لە چەند رۆژی رابردودا ماڵ بە ماڵ گەڕاون و خەڵك دەرگایان لێناكەنەوە، كەس ئەم رەفتارەی بە خەڵكی شنگال نەوتووە تا بەرامبەر بە پارتی بیكەن، ئەوە رەفتارێكی خۆرسكانەیە".

بەڵام ئیدریس زۆزانی وتی كە ئەو لایەنانە لە دەنگ و پێگەی پارتی دەترسن، بۆیە "رێگریی لە بانگەشەكانمان دەكەن"، بەبێ ئەوەی ناوی هیچ لایەنێك بهێنێت. هەروەها جەختیكردەوە "لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردن سكاڵامان تۆماركردووە، دەبێت ئازادی بانگەشەكردن بۆ هەموولایەك فەراهەم بێت".

خاڵ عەلی، لێپرسراوێكی باڵای سەربازی حەشدی شەعبییە لە شنگال، وتی "ئەگەر چەند منداڵێك ژمارەیەك پۆستەریان دڕاندبێت، ئەمە گوزارشت لە را و رەفتاری حزبەكانی تر ناكات"، وەك وەڵامدانەوەیەك بۆ ئیدریس زۆزانی.

خاڵ نەیشاردەوە كە ئەوانیش چاویان لە دەنگی خەڵكی ناوچەكەیە و بۆ ئەوەش كاندیدی ئێزیدییان لە شنگال هەیە.

دوای بەغدای پایتەخت، زۆرترین ژمارەی دەنگدەرانی پەرلەمانی عیراق لە پارێزگای نەینەوایە، كە دوو ملیۆن و 102 هەزار و 429 دەنگدەر تۆماری بایۆمەترییان هەیە، بەڵام رون نییە ژمارەی دەنگدەرانی ئێزیدی یان قەزای شنگال چەندە.

بەڵام بەپێی ئاماری فەرمانگەی كۆچ و كوچبەران و وڵامدانەوەی قەیرانەكان سەر بە حكومەتی هەرێمی كوردستان هێشتا 55 هەزار خێزان كە بەگشتی 210 هەزار كەسن، لە ئاوارەییدا لە پارێزگای دهۆك دەژین، بەڵام تەنیا 110 هەزاریان لە كەمپەكاندان و 100 هەزار خێزانی تر تێكەڵ بە كۆمەڵگەی خانەخوێ بون.

لەم هەڵبژاردنە لە تەواوی نەینەوا هەزار و 47 كەس خۆیان كاندید كردووە، بۆ بەدەستهێنانی34 كورسی پەرلەمانی، لەو ژمارەیە سێ كورسی بۆ پێكهاتەكانی كریستیان، ئێزیدی و شەبەك تەرخانكراوە. بەهای كورسییەكی پەرلەمانی بۆ ئەم هەڵبژاردنە نزیكەی 62 هەزار دەنگی پێویستە ئەگەر رێژەی بەشداریی لەسەدا 100 بێت.

زۆزانی پێیوایە ئەوان دەتوانن پارێزگاری لە پێگە و قورسایی خۆیان بكەنەوە سەرەڕای بەربەستەكان، بەڵام  خاڵ عەلی كە لێپرسراوێتی هەیە لە حەشدی شەعبی و لە ناوچەكە چالاكە، جارێكی تر جەختیكردەوە كە رێگریی لە پارتی نەكراوە، "مەحما خەلیل ئاهەنگێكی لە ناحیەی سنونێ رێكخست تەنیا 500 كەس ئامادەبون، كاندیدێكی تریان ویستی لە خانەسور بانگەشە بكات، كە پێشتر 13 هەزار دەنگیان لەو ناوچەیە هەبوو، بەڵام خەڵكی ناوچەكە رێگەیان نەدا بانگەشە بكەن، خەڵك قبوڵناكات هیچ لایەنێك ئیستیفزاز  بە شنگال و خەڵكەكەیەوە بكات".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT