كاندیدانى هەڵبژاردنی پەرلەمان لە خانەقین، بیری ئاوی خواردنەوە بۆ چەند گوندێك لێدەدەن، ئەوەش بەپێی بەدواداچوونی لایەنی پەیوەندیدار پێچەوانەی رێنماییەكان بووە و بەبێ وەرگرتنی رەزامەندی بووە.
یەكێكە لەو گوندانەی خانەقین، كە لە چوارچێوەی بانگەشەی هەڵبژاردندا بیری ئاوی پێگەیشتووە، گوندی گەرمك-ـە، كە بە مەعدان-ـیش ناسراوە، لە كەناری روباری ئەڵوەن هەڵكەوتووە نو زیكەی 100 خێزانی تێدایە.
كەریم هەمەوەندی، ئەنجومەنی ئەو گوندەیە و دەڵێت لە شەڕی هەشتاكانی سەدەی رابردوی نێوان عیراق و ئێرانەوە بێ ئاو بوون، بەهۆی زیانەكانی جەنگەوە، دواتر تۆڕی ئاو هەبووە و ئاوی پێنەگەیشتووە، بۆیە زۆرینە پشت بە بیری ئاو دەبەستن چونكە بە حەوت مەتر دەگاتە ئاو.
"لەم هەڵمەتی هەڵبژاردنەدا كاندید هەستا بە هەڵكەندنی بیرێكی ئیرتیوازی بۆ گوندەكە و بەڵێنیشدراوە بەمنزیكانە تۆری گشتی بۆ گوندەكە جێبەجێبكرێت" هەمەوەندی بۆ (كەركوك ناو)، دەشڵێت پێشتر رەزامەندی لایەنی پەیوەندیداریان وەرگرتوە.
بەپێی رێنماییەكان، هەڵكەندنی بیر سەرباری زیانەكانی بۆ ئاویژێرزەوی، چەند مەرج و رێكارێكی هەیە، لەوانە وەرگرتنی رەزامەندی یەكەی ئیداری و هەڵسەنگاندنی پێشوەختە لەلایەن فەرمانگە پەیوەندیدارەکانەوە، لە بارێكدا ئەگەر بەرژەوەندی گشتی لێی سودمەند بوو، ئەوا فەرمانگەیەكی حكومی بیری ئاو لێدەدات بۆ خواردنەوە.
سەرچاوەیەك كە بەرپرسیارێتی لە ئاوی ژێرزەوی دیالە هەیە و نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە، بە (كەركوك ناو)ـی وت "زۆربەی ئەو بیری ئاوانەی لێدراون بەبێ ئاگاداری ئێمە بووە، چونکە لە ئێستادا خانەقین و گوندەکانی پێویستیان بە ئاوی بیر نییە، سەدا 90ـی گوند و گەڕەکەکان یان تۆڕی ئاویان پێگەیشتووە یان لەرێی بیری گەڕەکەکان و گوندەکانەوە ئاو دابینكراوە".
بەوتەی سەرچاوەكە "بەشێک لە کاندیدەکان لە پێناو دەستکەوتنی دەنگدا بیری ئاو لێدەدەن".
لە دیالە نزیكەی 400 كاندید هەن، كە كێبڕكێی بەدەستهێنانی 14 كورسی پارێزگاكە دەكەن و ژمارەیەك لەو كاندیدانە چاویان لە سەروو 200 هەزار دەنگی قەزای خانەقینە، ئەوەش لە كۆی زیاتر لە ملیۆنێك و 51 هەزار دەنگدەری پارێزگاكە كە مافی دەنگدانیان بەپێی تۆماری بایۆمەتری.
نەزار سامان، كاندیدی هەڵبژاردن لە خانەقین، بەدەم داوای خەڵكی گوندی گەرمك-ـەوە رۆیشتووە بۆ لێدانی بیری ئاوی خواردنەوە و دەڵێت خەرجییەكەی لەسەر گیرفانی خۆی بووە، پێیوایە "كاریگەی دەبێت لەسەر پاراستنی ئاوی ژێرزەوی، چونكە زۆربەی ماڵەكان بیری تایبەت بە خۆیان هەیە و ئەگەر بیری گشتی هەبێت بەكارهێنانی بیرە تایبەتەكان كەمدەبێـتەوە".
هەر لە چوارچێوەی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی 11ـی تشرینی دوەمی 2025ـدا، كاندیدێكی دیكە لە ئامادەیی پیشەیی خانەقین بیری ئاوی لێداوە.
ئیبراهیم ئەحمەد، لێپرسراوی نوسینگەی ریاز عەباس، كاندید لە دیالە دەڵێت "لەسەر ئەركی شێخ ریاز بیرێكی ئیرتیوازی هەڵكەنراوە بۆ ئەو ئامادەییە لە پێناو دابینكردنی ئاو بۆ نزیكەی هەزار و 200 قوتابی و مامۆستا و كارمەند"، هەروەها نەیشاردەوە هیچ رەزامەندییەكیان بۆ هەڵكەندنی بیری ئاو وەرنەگرتووە.
بەپێی بەدواداچونی پەیامنێری (كەركوك ناو)، لە چەند گوند و ناوچەی دیكەی خانەقین و دیالە بیری ئاوی خواردنەوە لێدراوە لە چوارچێوەی بانگەشەی هەڵبژاردندا.
ئەیاد كەركوكی، چالاكوانی ژینگەیی لە خانەقین بەدواداچونی بۆ كارنامەی كاندید و حزبەكان كردووە، كە وەك ئەوە دەڵێت "هیچیان" پرۆژەی ژینگەییان نییە، بە (كەركوك ناو)ـی وت لە كاتێكدا خانەقین چەندین كێشەی ژینگەیی هەیە وەك كەمی سەوزایی بەهۆی بڕینی باخەكان و كەمبونەوەی ئاوی ئەڵوەن و نەبوونی شوێنێكی گونجاو بۆ چارەسەركردن یان لە ناوبردنی خۆڵ و خاشاك.
"لە خانەقین دەیان تۆن ئاسن و فلێكس بەكارهێنراون بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن، جگە لەوەی دەبنە هۆی پیسبوونی ژینگە، هۆكارن بۆ تێكدانی هەستی بینین" ئەیاد وای وت.