لە كام پارێزگا ژمارەی ژنان لە پیاوان زیاترن؟
كـەركـوك لە رێژەی سەرۆك خێزانی ژندا دوەمـی عیراقە

كەركوك/ ژنێك لە بەردەم دەرگای خانوویەكی كۆنی ناوەندی شاری كەركوك فۆتۆ: ئەرشیفی كەركوك ناو

كەركوك ناو

كەركوك و چوار پارێزگای دیكەی عیراق، بەپێچەوانەی هەموو ناوچەكانی وڵاتەوە ژمارەی رەگەزی مێ تیایاندا لە رەگەزی نێر زیاترە، بەپێی ئەنجامی كۆتایی دوایین سەرژمێری گشتی دانیشتوان.

ئەو پێنج پارێزگایەی عیراق، كە هەریەك لە نەینەوا، دیالە، سەڵاحەدین و ئەنباریشی تێدایە، لە ساڵانی رابردوودا ناوچەی گەرمی ململانێی چەكداری، بە تایبەت شەڕی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام ناسراو بە داعش" بوون، كە هەزاران قوربانی لێكەوتەوە و هەر ئەوەش وایكردووە لەو پارێزگایانەدا ژمارەی سەرۆك خێزانی ژن زۆربن، لە نێویاندا كەركوك لەو رووەوە دووەمی سەر ئاستی عیراقە دوای بەغدای پایتەخت.

بەپێی ئەنجامی كۆتایی سەرژمێری گشتی دانیشتوان لە عیراق بۆ ساڵی 2024، ژمارەی دانیشتوانی عیراق بە هەرێمی كوردستانەوە گەیشتۆتە 46 ملیۆن و 118 هەزار و 793 كەس، لەو ژمارەیە 340 هەزار و 131 كەسیان بیانین. نزیكەی 14 ملیۆن كەس گوندنشینن كە رێژەی نزیكەی سەدا 30 دەكات.

سەدا 50.2ـی دانیشتوان لە رەگەزی نێر پێكهاتوون كە سەروو 23 ملیۆن و 161 هەزار كەسە، لە بەرانبەردا رەگەزی مێ زیاتر لە 22 ملیۆن و 957 هەزار كەس بەرێژەی سەدا 49.8.

لە هەموو عیراق هەشت ملیۆن و 54 هەزار و 385 خێزان هەن، لەو ژمارەیە زیاتر لە حەوت ملیۆنیان پیاو سەرۆك خێزانە و زیاتر لە 910 هەزاریشان ژنان سەرۆك خێزانن.

تێكڕای ناوەندی قەبارەی خێزان 5.7ـــە، بەڵام جیاوازی لە نێوان پارێزگایەك بۆ پارێزگایەكی دیكە هەیە. سەدا 35.9ـی دانیشتوان تەمەنیان لە نێوان 0 بۆ 14 ساڵیدایە، كە زیاتر لە 16 ملیۆن كەس دەكات لە بەرانبەردا سەدا 60.4ـی كۆمەڵگە تەمەنیان لە نێوان 15 بۆ 64 ساڵیدایە كە نزیكەی 28 ملیۆن كەسە، ئەوانەیشی تەمەنیان لە 65 ساڵی بەرەو سەرەوەیە زیاتر لە ملیۆنێك و 680 هەزار كەسن بەرێژەی سەدا 3.6.

كۆی ژمارەی یەكەكانی نیشتەجێبوون هەشت ملیۆن و 340 هەزار یەكەیە، ئەوەش تەنیا یەكەی نیشتەجێبوونی تایبەت دەگرێتەوە بەبێ باڵەخانەی حكومی و سەربازی، لە عیراق سەدا 72.14ـی خەڵك لە شوێنی نیشتەجێبوونی موڵكی خۆی یان لەگەڵ دایك و باوكیدا دەژیت، سەدا 19.41ـی خەڵكیش لە شوێنی نیشتەجێبوونی كرێدا دەژین.

كەركوك: ژنان لە پیاوان زیاترن

kirkuk 27.11.2025

ژمارەی دانیشتوانی پارێزگای كەركوك گەیشتۆتە دوو ملیۆن و 34 هەزار و 627 كەس بەپێی ئەنجامی دوایین سەرژمێری، كە سەدا 4.4ـی كۆی دانیشتوانی عیراق پێكدەهێنێت و هەشتەم پارێزگایە لەڕوی ژمارەی دانیشتوانەوە. سەدا 26.5ـی دانیشتوانیش گوندنشینن.

لە كەركوك، بەپێچەوانەی زۆربەی پارێزگاكانەوە، رێژەی ژنان لە پیاوان زیاترن، سەدا 50.27 كە دەكاتە ملیۆنێك و 22 هەزار و 866 كەس لە رەگەزی مێ پێكهاتوون، لە بەرانبەردا ملیۆنێك و 11 هەزار و 761 كەس لە رەگەزی نێر پێكهاتوون بەرێژەی سەدا 49.73.

پارێزگاكە لە چوار قەزا پێكهاتووە؛ دانیشتوانی قەزای ناوەندی كەركوك زۆرینەی دانیشتوانی هەیە كە سەدا 76.15ـیە، بەدوای ئەودا قەزای حەویجە دێت بە رێژەی سەدا 15.79، پاشان قەزای داقوق رێژەی سەدا 4.22 و لە كۆتاییدا دوبز رێژەی سەدا 3.84ـی دانیشتوانی پارێزگاكە پێكدەهێنن.

قەبارەی ناوەندی خێزانێكی ئاسایی لە كەركوك 5.15ــــــەیە، سەدا 86.35ـی سەرۆك خێزان لە رەگەزی نێرن و لە بەرانبەردا سەدا 13.65ـی سەرۆك خێزانەكان ژنن، كە ئەوەش دووەم پارێزگایە لە ئاستی عیراق دوای بەغدای پایتەخت.

زۆرینەی دانیشتوانی پارێزگاكە تەمەنیان لەنێوان 15 بۆ 64 ساڵیدایە، بەرێژەی سەدا 60.72 كە دەكاتە ملیۆنێك و 235 هەزار و 440 كەس، پاشان تەمەنی 0 بۆ 14 ساڵی دێت بەرێژەی سەدا 35.38 و پێكهاتوون لە 719 هەزار و 946 كەس، كەمترین رێژەی دانیشتوان تەمەنیان 65 ساڵ بەرەو سەرەوەیە كە 79 هەزار و 241 كەسن بەرێژەی سەدا 3.89.

سەدا 62.13ـی دانیشتوانی كەركوك خاوەنی شوێنی نیشتەجێبوونی خۆیانن یان لەگەڵ دایك و باوكیاندا دەژین، سەدا 22.44 لە كرێدان، سەدا 13.36 لە شوێنی نیشتەجێبوونی بێبەرانبەر و سەدا 2.07ـیش كرێچی حكومەتن.

سەدا 92.65ـی یەكەكانی نیشتەجێبوون خانوون، سەدا 5.60 شوقەن و سەدا 1.47 لە خانووی قوڕ پێكهاتووە.

سەرچاوەی ئاوی خواردنەوە لە كەركوك، نزیكەی سەدا 89 پشت بە ئاوی ماڵان دەبەستێت، هەروەها ئاوەڕۆی ماڵان زیاتر لە سەدا 45ـی لەسەر تۆڕی گشتی ئاوەڕۆیە، رێژەی كۆكردنەوەی خۆڵ و خاشاكیش لە پارێزگاكە سەدا 60ـی لەرێی شارەوانی و كۆمپانیاكانی پاككەرەوەیە، لە بەرانبەردا سەدا 11ـی خۆڵ و خاشاك كۆناكرێنەوە و دەسوتێنرێن.

نـەینـەوا: دووەمـی عیراق

nainawa 27.11.2025

ژمارەی دانیشتوانی پارێزگای نەینەوا چوار ملیۆن و 261 هەزار و 980 كەسە بەپێی ئەنجامی دوایین سەرژمێری، كە سەدا 9.2ـی كۆی دانیشتوانی عیراق پێكدەهێنێت و دووەم پارێزگایە لەڕوی ژمارەی دانیشتوانەوە دوای بەغدا. سەدا 45.8ـی دانیشتوانیش گوندنشینن.

لە نەینەوا، هاوشێوەی كەركوك، رێژەی ژنان سەدا 50.09ـیە و لە پیاوان زیاترن، رەگەزی مێ دوو ملیۆن و 134 هەزار و 758 كەسە، لە بەرانبەردا رەگەزی نێر پێكهاتوون لە دوو ملیۆن و 127 هەزار و 222 كەسن بەرێژەی سەدا 49.91.

پارێزگاكە نۆ قەزا لە خۆدەگرێت، دانیشتوانی قەزای ناوەندی موسڵ زۆرینەی دانیشتوانی هەیە كە سەدا 55.06ـە، بەدوای ئەودا قەزای تەلەعفەر بە رێژەی سەدا 12.82، پاشان قەزاكانی تلكێف سەدا 9.54، حەمدانییە سەدا 5.86، مەخمور سەدا 4.98، شنگال سەدا 4.72، بەعاج سەدا 2.84، شێخان سەدا 2.76 و لە كۆتاییدا قەزای حەزەر رێژەی سەدا 1.42ـی دانیشتوانی پارێزگاكە پێكدەهێنن.

قەبارەی ناوەندی خێزانێكی ئاسایی لە نەینەوا 6.46ــــــە، سەدا 87.28ـی سەرۆك خێزان لە رەگەزی نێرن و لە بەرانبەردا سەدا 12.72ـی سەرۆك خێزانەكان ژنن، بەوەش دەبێتە پێنجەم پارێزگا لەسەر ئاستی عیراق كە زۆرترین سەرۆك خێزانی ژنی تێدایە.

زۆرینەی دانیشتوانی پارێزگاكە تەمەنیان لەنێوان 15 بۆ 64 ساڵیدایە، بەرێژەی سەدا 57.57 كە دەكاتە دوو ملیۆن و 453 هەزار و 475 كەس، پاشان تەمەنی 0 بۆ 14 ساڵی دێت بەرێژەی سەدا 39.38 و پێكهاتوون لە ملیۆنێك و 678 هەزار و 510 كەس، كەمترین رێژەی دانیشتوان تەمەنیان 65 ساڵ بەرەو سەرەوەیە كە 129 هەزار و 995 كەسن بەرێژەی سەدا 3.05.

سەدا 70.26ی دانیشتوانی نەینەوا خاوەنی شوێنی نیشتەجێبوونی خۆیانن یان لەگەڵ دایك و باوكیاندا دەژین، سەدا 18.62 لە كرێدان، سەدا 10.20 لە شوێنی نیشتەجێبوونی بێبەرانبەر و سەدا 0.92ـیش كرێچی حكومەتن.

سەدا 89.17ـی یەكەكانی نیشتەجێبوون خانوون، سەدا 5.93 شوقەن و سەدا 2.57 لە خانووی قوڕ پێكهاتووە.

سەرچاوەی ئاوی خواردنەوە لەو پارێزگایە زیاتر لە سەدا 85ـی پشت بە ئاوی ماڵان دەبەستێت، هەروەها ئاوەڕۆی ماڵان تەنیا سەدا 23ـی لەسەر تۆڕی گشتی ئاوەڕۆیە، كەمتر لە نیوەی خۆڵ و خاشاك لەڕێی شارەوانی و كۆمپانیاكانی پاككەرەوە كۆدەكرێتەوە بەرێژەی سەدا 49.52، بەڵكو سەدا 14ـی خۆڵ و خاشاك كۆناكرێنەوە و دەسوتێنرێن، سەدا 36ـی بەرێگا جیاوازەكانی دیكە كۆدەكرێنەوە یان لەناودەبرێن.

دیالە: زۆرینە لە تەمەنی كاركردندان

diyala 27.11.2025

ژمارەی دانیشتوانی پارێزگای دیالە گەیشتۆتە ملیۆنێك و 934 هەزار و 504 كەس بەپێی ئەنجامی دوایین سەرژمێری، كە سەدا 4.2ـی كۆی دانیشتوانی عیراق پێكدەهێنێت و یانزەیەمین پارێزگایە لەڕوی ژمارەی دانیشتوانەوە. سەدا 46.8ـی دانیشتوانیش گوندنشینن كە چوارەم پارێزگایە لەسەر ئاستی وڵات.

دیالەش لەریزبەندی ئەو پارێزگایانەدایە كە ژمارەی ژنان لە پیاوان زیاترن، 967 هەزار و 334 كەس لە رەگەزی مێ پێكهاتوون و لە بەرانبەردا رەگەزی نێر 967 هەزار و 170 كەسن.

هەشت قەزا لەو پارێزگایە هەن؛ دانیشتوانی قەزای بەعقوبەی ناوەندی پارێزگا سەدا 39.02ـە، خالس سەدا 18.42، پاشان قەزای خانەقین دێت بەرێژەی 13.49، دواتر قەزاكانی مقدادیە سەدا 13.15، بەلەدروز سەدا 6.07، مەنسوریە سەدا 3.87، كفری سەدا 3.43 و كەمترین رێژەی دانیشتوانی پارێزگاكە قەزای مەندەلییە كە سەدا 2.55ـە.

قەبارەی ناوەندی خێزان لە دیالە 5.83ــــــیە، سەرۆك خێزانی پیاو سەدا 87.13ـیە و لە بەرانبەردا سەدا 12.87ـی سەرۆك خێزانەكان ژنن كە لەوەدا چوارەم پارێزگایە لەسەر ئاستی عیراق.

تەمەنی كاركردن؛ نێوانی 15 بۆ 64 ساڵی رێژەی سەدا 59.71ـە كە دەكاتە ملیۆنێك و 155 هەزار و 176 كەسە، پاشان تەمەنی 0 بۆ 14 ساڵی دێت بەرێژەی سەدا 36.53 و پێكهاتوون لە 706 هەزار و 631 كەس، كەمترین رێژەی دانیشتوان تەمەنیان 65 ساڵ بەرەو سەرەوەیە كە 72 هەزار و 697 كەسن بەرێژەی سەدا 3.76.

سەدا 72.87ـی دانیشتوانی دیالە خاوەنی شوێنی نیشتەجێبوونی خۆیانن یان لەگەڵ دایك و باوكیاندا دەژین، سەدا 20.75 لە كرێدان، سەدا 4.43 لە شوێنی نیشتەجێبوونی بێبەرانبەر و سەدا 1.94ـیش كرێچی حكومەتن.

سەدا 94.23ـی یەكەكانی نیشتەجێبوون خانوون، سەدا 4.16 شوقەن و سەدا 1.28 لە خانووی قوڕ پێكهاتووە.

سەرچاوەی ئاوی خواردنەوە لە دیالە، سەدا 52 پشت بە ئاوی ماڵان دەبەستێت، هەروەها تەنیا سەدا 28ـی ئاوەڕۆی ماڵان لەسەر تۆڕی گشتی ئاوەڕۆیە، رێژەی كۆكردنەوەی خۆڵ و خاشاكیش لە پارێزگاكە سەدا 52ـی لەرێی شارەوانی و كۆمپانیاكانی پاككەرەوەیە، لە بەرانبەردا سەدا 24ـی خۆڵ و خاشاك كۆناكرێنەوە و دەسوتێنرێن، رێگاكانی دیكەی چارەسەری پاشماوە سەدا 22ـە.

سەڵاحەدین: گوندنشینان زۆرینەن

salahadin 27.11.2025

ملیۆنێك و 774 هەزار و 542 كەس ژمارەی دانیشتوانی پارێزگای سەڵاحەدین-ـە وەكو لە ئەنجامی دوایین سەرژمێریدا هاتووە، بەوەش سەدا 3.8ـی كۆی دانیشتوانی عیراق پێكدەهێنێت و 12یەمین پارێزگایە لەڕوی ژمارەی دانیشتوانەوە و سەدا 51.1ـی دانیشتوانیش گوندنشینن.

لەو پێنج پارێزگایەی عیراق كە ژمارەی ژنان لە پیاوان زیاترن، سەڵاحەدین یەكێكیانە و سەدا 50.32 كە دەكاتە 892 هەزار و 995 كەس لە رەگەزی مێ، بەرانبەر بە 881 هەزار و 547 كەس لە رەگەزی نێر بەرێژەی سەدا 49.68.

ئەو پارێزگایە 11 قەزای تێدایە، بەشێكیان لەم ساڵانەی دواییدا لە ناحیەوە كراون بە قەزا. زۆرترین دانیشتوان بەپێچەوانەوەی هەموو پارێزگاكانی دیكەوە ناكەوێتە قەزای ناوەندییەوە، بەڵكو لە سامەرایە بەرێژەی سەدا 17.33ـ، بەدوای ئەودا زۆرترین رێژەی دانیشتوان لە قەزای شەرگاتە بەرێژەی سەدا 14.76، پاشان لە پلەی سێیەمدا تكریت-ـی ناوەندی پارێزگا دێت بەرێژەی سەدا 14.31ـی دانیشتوان.

رێژەی دانیشتوانی قەزاكانی دیكە بەمشێوەیە: بەلەد سەدا 12.90، بێجی سەدا 10.52، دوزخورماتوو سەدا 8.30، دوجەیل سوەدا 7.45، عەلەم سەدا 4.95، زلوعیە سەدا 4.92، دۆر سەدا 3.11 و كەمترین رێژەی دانیشتوانی پارێزگاكە كەوتۆتە قەزای ئامرلی كە سەدا 1.46ـە.

خێزانێكی ئاسایی لە سەڵاحەدین 6.43ـــیـــە، لەوێش سەرۆك خێزانی پیاو زۆرینەن بەرێژەی سەدا 89.39 و سەرۆك خێزانی ژنیش سەدا 10.61 پێكدەهێنن و حەوتەم پارێزگایە لە ئاستی عیراق.

رێژەی سەدا 58.50ـی دانیشتوانی پارێزگاكە تەمەنیان لەنێوان 15 بۆ 64 ساڵیدایە كە دەكاتە ملیۆنێك و 38 هەزار و 73 كەس، پاشان تەمەنی 0 بۆ 14 ساڵی دێت بەرێژەی سەدا 38.57 و پێكهاتوون لە 684 هەزار و 481 كەس، كەمترین رێژەی دانیشتوان تەمەنیان 65 ساڵ بەرەو سەرەوەیە بەرێژەی سەدا 2.93 كە 51 هەزار و 988 كەسن.

خاوەنی موڵك یان ئەوانەی لە ماڵی دایك و باوكیاندا نیشتەجێن دەگاتە سەدا 72.86، رێژەی كرێچی سەدا 18.95ـە، ئەوانەی بێبەرانبەر شوێنی نیشتەجێبونیان دەستكەوتووە سەدا 5.57ـە و كرێچی حكومەتیش سەدا 2.63ـیە.

زۆرینەی یەكەكانی نیشتەجێبوون خانووە بەرێژەی سەدا 91.85، شوقە سەدا 5.13ـیە و خانووی قوڕ لە سەدا 2.16 پێكدەهێنێت.

لە سەڵاحەدین پشتبەستن بە ئاوی ماڵان وەكو سەرچاوەی سەرەكی ئاوی خواردنەوە سەدا 79ـی تێپەڕاندووە، هەروەها ئاوەڕۆی ماڵان تەنیا سەدا 31ـی لەسەر تۆڕی گشتی ئاوەڕۆیە، كۆكردنەوەی خۆڵ و خاشاك لەلایەن شارەوانی و كۆمپانیاكانەوە سەدا 56ـە، ئەوەی دەمێنێـتەوە سەدا 20ـی دەسوتێنرێت و ئەوانیتر بەرێگای دیكە چارەسەر دەكرێن یان لەناودەبرێن.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT