پریشكی خۆپیشاندانەكانی گوندی لاجان، بۆ قەزای خەبات و چەند گوندێكی تر گوازرایەوە، بەدوایدا هێزی زیاتری سەربازی و چەكی قورس رەوانەی ناوچەكە كراون و تەقەی هەڕەمەكیش بۆ كۆتاییهێنان بە ناڕەزاییەكان یەكێكە لە مەترسییەكانی سەر ژیانی خۆپیشاندەران.
لە پێشهاتێكی نوێی ناڕەزاییەتییەكانیاندا، زۆرێك لە خەڵكی گوندی لاجان لە پارێزگای هەولێر گوندەكەیان چۆڵكرد، ئەوەش دوابەدوای 48 كاتژمێر هات لە گەمارۆدانی سەربازیی و هەڵمەتی وردی گەڕان و پشكنینی ماڵ بەماڵی گوندەكە، لەگەڵ دەستگیركردنی چالاكوانانی خۆپیشاندانەكانی چەند رۆژی رابردوو.
شەممەی رابردوو 29ی تشرینی دووەم، خۆپیشاندانەكانی خەڵكی گوندی لاجان پێینایە قۆناغێكی نوێوە و توندوتیژی بەدواداهات، تا ئەمشەو دووشەممە یەكی كانونی یەكەم، كەسێك كوژراوە و هەشت كەسی تر بە گولـلە برینداربون، كە هێشتا لەژێر چاودێری پۆلیس لە نەخۆشخانەكانی هەولێردا چارەسەر وەردەگرن و دۆخەكەش بۆ ناوچەی تر گوازراوەتەوە.
دەستپێكی خۆپیشاندانەكان
دەستپێكی خۆپیشاندانەكان بۆ رۆژی شەممە 29ی تشرینی دووەم دەگەڕێتەوە، كاتێك ژمارەیەک لە دانیشتووانی گوندی لاجان گردبونەوەیەكی ناڕەزایەتییان لەبەردەم پاڵاوگەی لاناز ئەنجامدا.
بەپێی شایەتحاڵەكانی گوندەكە، ناڕەزاییەكە لەوەوە سەرچاوەی گرتووە كە بەشێك لە خەڵكی گوندەكە داوایانكردووە بارهەڵگرەكانیان بخرێنە سەر كار لە جێگەی ئەو بارهەڵگرانەی سوتەمەنی پاڵاوگەكە دەگوازنەوە، ئەوەش بە پاساوی ئەوەی پاڵاوگەكە لەسەر خاكی ئەوان و دوكەڵی پاڵاوگەكەش هەر بۆ ئەوان دێت.
هەروەها بەشێكی تری دانیشتووانەكە داوای خزمەتگوزاریی زیاتریان كردووە.
پاڵاوگەی لاناز لە نزیك گوندەكە، ساڵی 2022 لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرایەوە، رۆژانە توانای پاڵاوتنی 75 هەزار بەرمیل نەوتی خاوی هەیە.
پاڵاوگەکە لەسەر روبەری 620 دۆنم زەوی دروستکراوە و توانای بەرهەمهێنانی ملیۆنێک و 700 هەزار لیتر بەنزین، پێنج هەزار تۆن قیڕ و چەندین جۆر بەرهەمی دیکەی سوتەنی لە گازوایل و نەوتی سوک و قورس و گازی شلی هەیە.
بەپێی بەدواداچونی (كەركوك ناو)، پاڵاوگەکە لەسەر خاکی گوندەکە دروستکراوە، بەڵام خاوەنی زەوییەکان كاتی خۆی قەرەبوکراونەتەوە و بەشێكی خەڵكی گوندەكەش لە پاڵاوگەكە خراونەتەكار، ئەوەش بە جێبەجێكردنی یاسا بەركارەكان بۆ دانانی پاڵاوگە، لەگەڵ هەندێك خزمەتگوزاریی تر لەوانەش دابینكردنی كارەبا.
شایەتحاڵێكی گوندەكە وتی "خۆپیشاندەران داوای زیاتر دەكەن، لە دەرفەتی كار و خزمەتگوزاریی، چونكە پاڵاوگەكە ژینگە و هەوای ناوچەكەی پیسكردووە و هەندێك هێشتا سودمەند نەبون لە دەرفەتی كار، لە بەرامبەردا هەندێك بە تەواوی سودمەند بون".
ناڕەزاییەكە هەر لە رۆژی شەممە 20ی تشرینی دووەم، سەریكێشا بۆ توندوتیژی، هێزی زیاتری سەربازی و چەكی سوك و قورس بۆ پاراستنی پاڵاوگەكە گەیشتنە ناوچەكە و لەگەڵ خۆپیشاندەران روبەڕوبونەوە، بەهۆیەوە كەسێك بەناوی عیرفان بەهادین 25ساڵ، كە پیشەی شۆفێری بارهەڵگرە كوژرا و هەشتی تر برینداربون، كە یەكێكیان تەندروستی ناجێگیرە.
مامی عیرفان بە میدیاکانی راگەیاند "برازاکەم بە دەستڕێژی گوللـەی ئاسایش کوژراوە، كاتێك تەقەیان روبەڕوی رووە و خۆپیشاندەران كردووە".
شەمسەدین هەرکی، دانیشتوی گوندی لاجان و برای یەکێک لە بریندارەکان بە (کەرکوک ناو)ـی وت "تەندروستی براکەم نا جێگیرە، ئێستا لە نەخۆشخانەیە بۆ وەرگرتنی چارەسەر"، بەڵام ئامادەنەبوو لەسەر دۆخی ئێستا گوندەكە هیچ بڵێت.
ئەوە لە كاتێكدایە وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەیەك كاردانەوەیەدا لە شەممەی رابردوو، لە رونكردنەوەیەكدا لەسەر روداوەكە، خۆپیشاندەرانی بە "ئاژاوەگێڕ و هێنانی دەستی دەرەکی و فیتنەی هەندێك كەس و لایەن تۆمەتبار كرد".
هەروەها هاتووە "بە هاندانی ناوخۆیی و دەرەکی، کۆمەڵە کەسێکی ئاژاوەگێڕ رێگای تانکەرەکانی گواستنەوەی سوتەمەنی و هاوڵاتیانیان لە سنوری گوێڕ گرت و تەقەیان بە سەر خەڵک و رێبوارانی ئەو رێگایەدا کرد، لە ئەنجامی تەقەی ئەو كەسانەدا هاوڵاتییەك كوژراوە و ژمارەیەكی تر برینداربون".
وەزارەتی ناوخۆ ئەوكات هەڕەشەی كرد و وتی "چیتر رێگەنادەین سود لە نیازپاکیی دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستان وەربگێرێت و سنورێک بۆ ئەو کارە تێکدەرانە دادەندرێت".
گوندی لاجان، دەکەوێتە سەر رێگای سەرەکی ناحیەی گوێڕ لە بەشی رۆژئاوای هەولێر، نزیکەی 29 کیلۆمەتر لە سەنتەری شاری هەولێرەوە دورە و ژمارەی دانیشتووانەکەی لە نێوان هەزار و 500 بۆ دوو هەزار کەس دەبێت و لە عەشیرەتی هەركین.
گەمارۆدانی گوندەكە
دوابەدوای هەڕەشەكەی وەزارەتی ناوخۆ، چەكی قورس و سوك بە ئاراستەی گوندەكە جوڵێنرا و گەمارۆی هەر چوار دەوری گوندەكە درا، بەشێوەیەك رێگای هاتوچۆ بۆ ناو گوندەكە سنوردار كراو رێگریی لە روماڵی میدیاكان كرا، تەنانەت تۆڕی ئینتەرنێت لەچەند كاتێكدا لە دانیشتووانەكەی دەبڕدرا.
ئەو هێزانەی لە گوندەكە جێگیركران، بریتی بون لە هێزەكانی پێشمەرگەی لیوای تایبەتی سەر بە یەکەی هەشتا، هێزی زێرەڤانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ و ئاسایش.
هێزی لیوای تایبەت مەنسور بارزانی، کوڕی مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، سەرۆكایەتی دەكات.
شەوی رابردوو 30ی تشرینی دووەم، گەمارۆی سەر گوندەكە توندتر كرا، دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆش هێزی زیاتر و چەکی قورس لەناو گوندەكە جێگیربون و بازگەیان دانا و هەڵمەتی گەڕان و پشكنینی وردی ماڵ بەماڵ دەستیپێكرد.
بانگەواز بۆ چۆڵكردنی گوند
بەپێی خەڵكی گوندەكە، وەك كاردانەوەیەك لەدژی ئەو جۆرە مامەڵەیەی هێزە ئەمنی و سەربازییەكان، هاوكات لەگەڵ نوێژی نیوەڕۆ، دانیشتوویەكی گوندی لاجان لە بڵندگۆی مزگەوتەوە بانگەوازی چۆڵکردنی گوندەکەی كرد.
ئەوەش دوای ئەوە هات پێنج كەس كە وەك رێكخەرانی خۆپیشاندانەكان ناویان دەبرێت، شەوی رابردوو لەلایەن هێزەكانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆوە دەستگیركران.
شایەتحاڵێكی روداوەكە وتی "دەستگیركراوەكان زیاتر ئەوانەن كە راستەوخۆی روبەڕوبونەوەی چەكداریی نێوان هێزە ئەمنییەكان و خۆپیشاندەرانیان كردووە و لەوانەش ئەوانەی لەكاتی راستەوخۆكاندا ناوی "محێ" وەك ئاماژەیەك بۆ محیەدین هەرکی، سەرۆکی کۆچکردوی عەشیرەتی هەرکی)ـیان هێناوە".
دانیشتوویەكی گوندەكە كە لە دژی كاردانەوەی هێزە ئەمنییەكان ئامادەنەبوو ناوی بڵاوبكرێتەوە، وتی "ئەمڕۆ هێڵی پەیوەندی تەلەفونیش زۆر خراپ بوو، بە زەحمەت پەیوەندیکردن لەگەڵ دەرەوەی گوندەکە ئەنجامدەدرا".
ناڕەزاییەكان بۆ قەزای خەبات گوازرانەوە
ژمارەیەك لە هاوڵاتیانی قەزای خەبات، كە دەوترێت سەر بە عەشیرەتی هەركین، ئێوارەی ئەمڕۆ بە تایە سوتاندن و گرتنی رێگای سەرەكی موسڵ – هەولێر، ناڕەزایی خۆیان دژی ئابڵۆقەی سەر گوندی لاجان نیشاندا.
قەزای خەبات بەدوری 37كم لە گوندی لاجانەوە دورە و زۆرینەی دانشیتووانەكەی لە عەشیرەتی هەركین.
هەركی یەكێكن لە عەشیرەتە گەورەكانی عیراق و بەزۆری لە دەشتی نەینەوا و رۆژئاوا و باشوری رۆژئاوای هەولێر بڵاوبونەتەوە، رەگی ناكۆكی نێوان عەشیرەتی هەركی و بنەماڵەی بارزانی لە مێژودایە و ناوبەناو هەڵدەگیرسێتەوە.
ئەیلولی ئەمساڵ، خورشید هەركی، كە خۆی وەكو سەرۆك عەشیرەتی هەركی دەناسێنێت، روبەڕوی هێزە ئەمنییەكان بۆوە و بەهەمان شێوە توندوتیژی و هێزی سەربازی و چەكی قورسیان لە دژی جوڵاند، بەڵام ناوبراو لە هەڵمەتی هەڵبژاردن لە مانگی رابردوو پشتگیری تەواوی خۆی بۆ بنەماڵەی بارزانی و پارتی دوپاتكردەوە.
ئێوارەی ئەمڕۆ، مەقسود هەرکی، موختاری گوندی لاجان و ژمارەیەک لە ریشسپی و دانیشتوانی گوندەکە لەگەڵ رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێم كۆبونەوە و لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا جارێكی تر جەختیان لە بونی "دەستی دەرەكی" كردەوە.
کۆنگرە رۆژنامەوانییەكە لەناو بینای وەزارەت بەڕێوەچوو، تیایدا وتیان "لاجان ئارامە و داواش لە خەڵکی گوند دەکەین بگەڕێنەوە ناو گوندەکە".
لەگەڵئەوەی هێشتا بەشێك لە خەڵكی گوندەكە ئامادەنین بگەڕێنەوە زێدی خۆیان و لە دوری یەك كیلۆمەتر لە دەرەوەی گوندەكە ماونەتەوە، بەتایبەت گەنجەكان، پریشكی ناڕەزاییەكانیش بۆ قەزای خەبات كە بە زێدی عەشیرەتی هەركی ناودەبرێت گوازراونەتەوە و هێزە ئەمنی و سەربازییەكانیش دەیانەوێت بەرلەوەی بەیانی بێتەوە بە هێزی چەك كۆتایی بە ناڕەزاییەكان بهێنن.