لافاوەكەی چەمچەماڵ؛ رۆڵی حكومەتیشی راماڵی

سلێمانی/ 11ی كانونی یەكەمی 2025/ جێگری سەرۆكی حكومەت و قایمقامی چەمچەماڵ رۆژێك دوای روداوەكە. فۆتۆ: راگەیاندنی قایمقامیەتی چەمچەماڵ

كەركوك ناو

حكومەت رۆڵی خۆی لە لافاوەكەی چەمچەماڵدا بۆ رێكخراوە خێرخوازییەكان و میدیا بەجێهێشتووە، ئامادەش نەبووە رێكخراوێكی نیشتیمانیی بۆ كۆكردنەوەی كۆمەك دابمەزرێنێت كە زیاتر لە 30 ساڵە پەرلەمان بە یاسا پاڵپشتی دەكات.

گۆڕەپانی بەهاناوە چونی زیانلێکەوتووانی لافاوەكەی چەمچەماڵ، بۆ ململانێی میدیا و رێكخراوەكانی سەر بە حزبەكان بەجێهێڵدراوە، دوای ئەوەی حكومەت پابەندی یاساكانی پەرلەمان نەبووە  و تۆمەتباردەكرێت بەوەی ئەركی خۆی جێبەجێنەکردووە، ئەوەش وایكردووە پرسی لافاوەكەی چەمچەماڵ بە ئاقاری حزبیدا بڕوات.

بەپێی یاسای كۆمەڵەی هەیڤی سوری كوردستانی كە لە تشرینی یەكەمی 1993دا پەرلەمانی كوردستان دەریكردووە، كۆمەڵەیەكی نیشتیمانیی دادەمەزرێت كە ئامانج لێی كۆكردنەوە و دابەشكردنی كۆمەك و هاوكارییە بەسەر لێقەومان و هەژار و دروستكردنی پەیوەندییە لەگەڵ رێكخراوانی ئەو بوارەدا.

لەكاتێكدا، زیاتر لە سێ دەیە تێپەڕیوە و كۆمەڵە نیشتیمانییەكە دانەمەزرێنراوە، بەڵام حكومەت مۆڵەتی بە دەیان رێكخراوی حزبی و بنەماڵەیی داوە بۆ كاركردنی رێكخراوی جۆراوجۆر لە بواری خێرخوازیدا و لە روداوەكەی چەمچەماڵیشدا ناكۆكییەكانیان لەپاڵ ململانێ میدیایەکەیاندا گەیاندە ترۆپك.

لە 10ی كانونی یەكەمدا، بەهۆی بارینێكی چڕ كە 127 ملم لە ماوەی 24 كاتژمێردا باری، لافاوێكی بەهێز بەشێك لە قەزای چەمچەماڵ و ناحیەكانی شۆڕش و تەكیەی گرتەوە و بەهۆیەوە دوو هاوڵاتی گیانیانلەدەستدا و 12ی ترسش برینداربون، هاوكات هەزار و 607 خانوو و 540  ئۆتۆمبێل زیانیان بەركەوتووە.

لەیەكەم رۆژی لافاوەكەوە، دەیان رێكخراوی جۆراوجۆر كە زۆرینەیان پاڵپشتی حزبییان هەیە، كەوتنە كۆكردنەوەی كۆمەك و هاوكاریی بۆ لێقەوماوانی روداوەكە، بەڵام جۆرێك لە بێسەروبەریی لە پرۆسەكەدا دەبینرێت و هەریەكە و ئەجێندای خۆی بۆ كۆكردنەوەی كۆمەك و دابەشكردنی بەسەر لێقەوماواندا بەكاردەهێنێت، كە بەرژەوەندیی حزبی بەسەریاندا زاڵە.

chamchamal1
سلێمانی/ 10ی كانونی یەكەمی 2025/ دیمەنێك لە لافاوەكەی قەزای چەمچەماڵ. فۆتۆ: راگەیاندنی قایمقامیەتی چەمچەماڵ

سەروەر عەبدولڕەحمان، سەرۆکی دامەزراوەی پەی – رێكخراوێكی ناحكومیی‌ قازانج نەویستە- و تایبەتە بە په‌روه‌رده‌ و گه‌شه‌پێدان، وتی "ململانێی حزبی هەیە لە گەیاندنی کۆمەکەکان بە خەڵكی چەمچەماڵ، کە ئەمە دیوی پشت پەردەی کاری رێکخراوە خێرخوازییەكانی سەر بە حزبەکانی هەرێمی كوردستانە و دەستی یەكتر دەشكێننەوە".

"هەرچەندە جێی دەستخۆشییە كە هەمویان كۆمەك و هاوكاریی بۆ خەڵكی چەمچەماڵ كۆدەكەنەوە، بەڵام ئەوەی لە چەمچەماڵ رودەدات جێی تێڕامانە"، سەروەر وایوت.

ئەوەی لە چەمچەماڵ رودەدات جێی تێڕامانە

ئەو رێكخراوانەی لە كۆكردنەوەی كۆمەك بۆ خەڵكی چەمچەماڵ باڵادەست بون، ئەوانەن كە نزیكن لە هەردوو بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی، لەوانەش رێكخراوی بارزانی، دەزگای روانگە و ژمارەیەك رێكخراوی تری وابەستە بە خۆیان، میدیاكانیش كە لەو لێقەومانەدا شەڕی یەكتریان پێدەكردن بە هەمان شێوە لەلایەن خۆیانەوە پارەدار دەكرێن.

سەروەر كە لە خولی پێشوتردا ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بوو، وتی "ئەگەر دامەزراوەیەكی نیشتیمانی هەبوایە بۆ كۆكردنەوەی هەموو كۆمەكەكان و هەر خۆیشی بەبێ جیاوازی حزبی و ئایدۆلۆژی كارەكەی بكردایە، ئەوە گرنكتر دەبوو، چونكە لەژێر چاودێریدا كاری دەكرد و سەرچاوەی داهات و كۆمەكەكەیش دیاربوو".

زیاتر وتی "بۆ نمونە ئەگەر كۆمەڵەی هەیڤی سوری كوردستانی دابمەزرایە، ئەوا ئێستا ئەو کۆمەڵەیە سەرپەرشتی کۆمەککردنی خەڵکی لێقەوماوی چەمچەماڵی دەکرد، نەک حیزبەکان كە لە پرۆسەكەدا تەراتێن دەكەن".

سروە رەسوڵ، بەڕێوەبەری گشتی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان (JCC)ی سەر بەوەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێم، وتی "تیمەكانمان لەیەكەم رۆژی لافاوەكەوە چونەتە چەمچەماڵ و ئێستاش لەوێن، رۆژانە راپۆرت لەسەر دوا پەرەسەندنەکان بە وەزیری ناوخۆ دەدەین، راپۆرتەكە لەبارەی ئەوەیە چی كراوە و پێویستە چی بكرێت".

ئەم ناوەندە لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان دامەزرێنراوە و بەڕێوەبەرایەتییەكی گشتییە لەناو وەزارەتی ناوخۆ، كارەكەی بریتییە لە هەماهەنگیكردن  لە نێوان تەواوی لایەنە پەیوەندارەکان بۆ هەر کارەساتێکی سروشتی یان دەستکرد. هەروەها لەناو هەر چوار پارێزگاکەی هەرێم و هەر چوار ئیدارە سەربەخۆکە و تەنانەت پارێزگای کەرکوکیش نوسینگەی تایبەتی خۆی هەیە.

بەڵام شوان گەردی، پارێزەر، وتی كە رۆڵی حكومەت بە تەواوی لە روداوەكەی چەمچەماڵدا ونبوو، لەبری ئەوە رێكخراوە خێرخوازییەكانی نزیك لە خۆیان رۆڵی ئەوان پڕدەكەنەوە.

رێكخراوە خێرخوازییە حزبییەكان رۆڵی حكومەتیان پڕدەكردەوە

"سەرنجی ئەوە بدەن کە مەسرور بارزانی، سەرۆکی  حکومەتی هەرێمی كوردستان، خۆی ناچێت بۆ یارمەتیدانی خەڵکی قەزای چەمچەماڵ، بەڵام کوڕەکەی ئەو كارە بە شێوازێكی تر دەكات، لەكاتێكدا هیچ پۆستێکی حکومی نییە..."، شوان گەردی وایوت.

RWANGA
سلێمانی/ 11ی كانونی یەكەمی 2025/ رێكخراوی روانگە كە بنەماڵەی بارزانی سەرۆكایەتی دەكەن، لەكاتێ دابەشكردنی كۆمەك و هاوكاریی بە خەڵكی چەمچەماڵ. فۆتۆ: راگەیاندنی روانگە

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەت لە دوو كاتی جیاوازدا سەردانی چەمچەماڵی كرد، جاری یەكەم تەنیا وتی سندوقێكی هاوكاریی دادەنرێت بۆ لێقەوماوان و جاری دووەمیش وازهێنانی چوار لێپرسراوی چەمچەماڵ و ناحیەی شۆڕشی راگەیاند، هەروەها كۆمسیۆنی فریاكه‌وتن و بوژانه‌وه‌ی قه‌زای چه‌مچه‌ماڵی دامەزراند.

لەگەڵ ئەوەشدا، رووبەڕووی رەخنە بۆتەوە بەهۆی ئەوەی نەیتوانیوە رۆڵی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بەهاناوە چوونی لێقەومانان دەربخات.

رێكخراوەکان و خێرخوازان سەرپشككراون لەوەی كۆمەكەكانیان لەڕێی ئەو كۆمسیۆنەی بۆ روداوەكەی چەمچەماڵ دامەزرێنراوە بەسەر لێقەوماواندا دابەش بكەن، بەڵام كەناڵی ئاڤا، كە ئارین مەسرور بارزانی، خاوەندارێتی دەكات و خۆیان هەڵمەتێكی كۆمەك كۆكردنەوەیان دەستپێكردووە ئامادەنین كۆمەكەكانیان رادەستی ئەو كۆمسیۆنە فریاگوزارییە بكەن. چەند دامەزراوە و رێكخراوێكی تریش هەمان هەڵوێستیان هەبووە.

كەناڵی ئاڤا بانگەشەی ئەوەی كرد كە خەڵك گومانیان هەیە لەوەی ئەو كۆمسیۆنە بەشێوەی دادپەروەرانە كۆمەكەكان دابەشبكات، كۆمسیۆنەكە بەگشتی لەلایەن نوسینگەی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتەوە سەرپەرشتی دەكرێت.

شوان گەردی وتی "هەموو دەسەڵاتەكان بە ئامانج تێكەڵكراون، ئەمە ئەو شتەیە كە حكومەت دەیەوێت، بەو هۆیەوە لێرە رێگەنادرێت دامەزراوەكان بە دامەزراوەیی بكرێن، هەر ئەمەشە وایكردووە یاسای کۆمەڵەی هەیڤی سوری کوردستانی جێبەجێنەكرێت و نەبینە خاوەنی دامەرزاوەیەكی نیشتیمانی بۆ ئەمجۆرە حاڵەتانە".

هەموو دەسەڵاتەكان بە ئامانج تێكەڵكراون، ئەمە ئەو شتەیە كە حكومەت دەیەوێت

وتیشی "ئێمە كێشەمان لەگەڵ دامەزراندنی دامەزراوەی جۆراوجۆری خێرخوازی نییە، بەڵكو ئەوەیە ئەو دەزگایانە سەر بە لایەنی سیاسیین، کارەکانیان دەچێتە خزمەتی بانگەشەی سیاسی بۆ حزبەکانیان، كارەكەیان دەبێتە راکێشانی بنکەی جەماوەری بۆ حزبەکانیان نەک بابەتێکی مرۆیی و یارمەتیدانێکی لێقەوماوان".

سەروەر عەبدولڕەحمان وتی "نەک هەر ئەم یاسایە، بەڵکو سەدان یاسای دیکە هەن کە لە پەرلەمان دەرچوێنراون و جێبەجێش ناکرێن"، ئەوەش بەپێی دامەزراوەی پەی، كە یەكێك لە پڕۆژەكانیان چاودێریكردنی ئەدای پەرلەمان بوو.

لەپاڵ كەناڵی ئاڤا، كەناڵی رووداو كە نزیكە لە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكومەت، هەڵمەتێكی راگەیاند و 7 ملیار دیناری لە بازرگانانی هەرێمی كوردستان كۆكردەوە و بڕیارە رادەستی كۆمسیۆنی فریاكه‌وتن و بوژانه‌وه‌ی قه‌زای چه‌مچه‌ماڵی بكات.

عەتا محەمەد، لێپرسراوی نوسینگەی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەت، سێشەممە 17ی كانونی یەكەم لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانییدا وتی كە هەژمارێكی تایبەتی بانكییان لە بانكی چەرموو بۆ كۆمسیۆنەكە كردۆتەوە و تائێستا ملیار و 746 ملیۆن دیناری عیراقی و  120 هەزار دۆلاری هاتۆتەسەر.

عەتا جەختیكردەوە كە بڕێكی زۆرتری پارە دێتە سەر هەژمارەكە، بەو پێیەی لە كەناڵەكانی راگەیاندنەوە ئاگادارن كە خێرخێوازی تر ئامادەییان نیشانداوە پارە بۆ كۆمسیۆنەكە بنێرن. لەگەڵ ئاماژەدان، بەوەی بۆ شەفافیەتی زیاتر پێنجشەممە 18ی كانونی یەكەم، داشبۆردێكی ئەلیكترۆنی رادەگەیەنن بۆ ئەوەی دەقە بە دەقە بڕی دینار و دۆلاری بەخشەرەكان دیاربێت و هەموو خەڵك بیبینێت.

داشبۆردێكی ئەلیكترۆنی رادەگەیەنن، ئەمە بۆ شەفافیەتی زیاترە، بۆ ئەوەی دەقە بە دەقە بڕی دینار و دۆلاری بەخشەرەكان دیاربێت بۆ هەموو خەڵك

ئەو لێدوانەی عەتا دوای ئەوە هات كە هەندێك میدیا گومانیان خستە سەر دادپەروەری لە دابەشكردنی كۆمەكەکان و خۆیان كەمپینی كۆكردنەوەی كۆمەكیان دەستپێكرد.

ئەرسەلان رەحمان، پسپۆڕی میدیایی، دەڵێت "ئیشی سەرەكی میدیا گواستنەوەی روداوەکانە بەبێ گەورەکردن یان بچوککردنەوە، یان بون بە بەشێک لە روداوەکە، کاری میدیا گەیاندنی زانیارییە بە وەرگر، بۆیە دەبێت لە دەرەوەی بازنەی روداوەکان روماڵ بکات و ببێت بە پردی پەیوەستکردنی کۆمەڵگە بە حکومەت، نەک خۆی ببێت بە کەمپەینچی و جێگەی دەزگای مرۆیی بگرێتەوە".

chamchamal2
سلێمانی/ 10ی كانونی یەكەمی 2025/ سەرەتای دەستپێكردنی لافاوەكەی چەمچەماڵ. فۆتۆ: راگەیاندنی هاتوچۆی چەمچەماڵ

ئەرسەلان پێیوایە ئەوەی هەندێك میدیا دەیكەن، هیچ پەیوەندییەكی بە كاری میدیاییەوە نییە، "چونكە ئەمە دەبێت بە بەشێک لە روداوەکان، وەک ئەوەی بێژەر لەسەر شاشە بگریت بۆ راکێشانی هەست و سۆزی خەڵک، کە ئەمە پێچەوانەی گوتاری میدیاییە کە گوتارێکی عەقڵانی و لۆژیکییە بە زانیاریی، نەک عاتیفە و گریاندنی خەڵک".

بۆیە ئەویش پێیوایە ئەمەی رودەدات لە ئەنجامی ململانێی حزبییە لە نێوان میدیا و رێكخراوەكانیان، لە غیابی نەبونی دامەزراوەیەكی نیشتیمانیی هاوشێوەی مانگی سور.

ئەوەی لە چەمچەماڵ رودەدات لە غیابی نەبونی دامەزراوەیەكی نیشتیمانییە هاوشێوەی مانگی سور

بەنزیكەیی شوان گەردی-ش هاوڕایە و دەڵێت "حکومەت نایەوێت دامەزراوەیەك لەو شێوەیە هەبێت، ئەگەر هەبێت ئەوا دەزانێت خەڵک هانا بۆ رێکخراوەکانی سەر بە حزبەکانیان نابەن بۆ ئەوەی کۆمەکی بکات، لێرەشدا رۆڵی حیزبەکان نامێنێت".

بەپێی ئامارەکانی فەرمانگەی رێکخراوە ناحکومەییەکانی هەرێمی كوردستان، زیاتر لە شەش هەزار و 350 رێكخراو لە هەرێمی كوردستاندا هەن، لەگەڵ نزیكەی 50 رێكخراوی نێودەوڵەتی و بەشێكیشیان خێرخوازین لە سێکتەری جیاواز کاردەکەن، لەوانە گەیاندنی کۆمەک، پرسی ژن، منداڵپارێزی، ژینگەپارێزی و تەندروستی.

بەپێی ماددەی چوارەمی یاسای هەیڤی سوری کوردستانی، ئەرکی کۆمەڵەی هەیڤی سوری كوردستانی لە (12) خاڵدا دەستنیشان کراوە، لە بەشێكیدا هاتووە كە بۆ یارمەتیدانی لێقەوماوان، هەژاران، خێزانی شەهیدان، قوربانیانی ئەنفال و کیمیاییباران، یان ئەوانەی پەیوەندییان بە پەنابەران و ئاوارەوە هەیە، لەگەڵ بڵاوکردنەوەی هۆشیاری تەندروستی و ئاوەدانکردنەوەی دێهاتەکان و زۆر شتی دیکە.

سەروەر عەبدولڕەحمان وتی "ئەگەرچی بونی رێکخراوی خێرخوازی لە جیهاندا دیاردەیەکی ئەرێنییە و هەیە، بەڵام لەچوارچێوەی یاسادا کارەکانیان ئەنجامدەدەن و سەرچاوەی داراییەکەیشیان دیارە... بۆیە گرنگە پێداگریی بكەین لەسەر دامەزراندنی ئەو كۆمەڵەیە، نەك ئەو رێكخراوانەی كە ئەجێندای حزب جێبەجێ دەكەن".

بەڵام سروە رەسوڵ، بەڕێوەبەری گشتی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان، وتی "ئەم سەنتەرەی ئێمە توانیویەتی بە سودوەرگرتن لە ئەزمونی وڵاتە پێشکەوتووەکان قۆناغێکی باش لە دامەزراندنی سیستمی بەڕێوەبردنی قەیران و کارەسات لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەببات، لەهەر سێ قۆناغی ئامادەکاری، وەڵامدانەوە و بوژانەوە، توانیومانە ئەزمونی وڵاتان بهێنێتە کوردستان"، بەبێ ئەوەی ئاماژە بەوە بكات ئایا سەنتەرەكە چ جۆرە هاوكاریی و پارەیەكی بۆ روداوەكەی چەمچەماڵ خەرجكردووە.

ئەم سەنتەرەی لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم دامەزراوە، بە سودوەرگرتن بووە لە سیستمی وڵاتانی پێشكەوتوو بۆ بەڕێوەبردنی قەیران و کارەسات لە هەرێمی کوردستان

سروە وتی "هەردوو بەڕێوەبەرایەتی سلێمانی و گەرمیانی ناوەندەکەمان، ئێستا بەشێکن لەو کۆمسیۆنەی دروستکراوە بۆ چەمچەماڵ و لەوێوە خزمەت دەكەن"، لەكاتێكدا كۆمسیۆنەكە بەپێی وتەی عەتا محەمەد كاری دابەشكردنی ئەو كۆمەك و پارانەیە كە خێرخوازیان دابینیان كردووە.

فاتح سەنگاوی، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی یەکگرتوی ئیسلامی، وتی "ئەم روداوە لەناكاوەی چەمچەماڵ بونی دامەزراوەیەكی نیشتیمانی پێویستتر كرد، بۆ ئەوەی بودجەی خۆی هەبێت و سەرچاوەكەی دیاربێت، هەم لەژێر چەتری دامەزراوەی چاودێریی داراییدا کار بكات".

ئەو كە خۆی خەڵكی چەمچەماڵە، وتی كە ئەوەی ئێستا هەیە فەوزایە، "هەرچەندە دیوێکی ئەرێنی هەیە کە بەهاناوە هاتنی خەڵک و رێکخراو و میدیاكانە، بەڵام دیوێکی دیکە هەیە ئەوەیە كە رۆڵی حکومەت بزر بووە و نەمابینی دامەزراوەیەکی حکومەت پارە بۆ قەرەبوکردنەوەی زیانلێکەوتووان تەرخان بكات، پرۆسەكە بە سیاسیی كراوە و فەوزایە".

"لەم خولەدا و لەم روداوەوە پێویست دەكات وەكو پەرلەمان بەدوادچوون بۆ یاسای كۆمەڵەی هەیڤی سوری كوردستانی  بکەین و ئەگەر پێویستی بە هەموار هەبوو ئەوا پڕۆژەی هەمواری بۆ ئامادە بکەن، ئێمە وەكو فراكسیۆنی یەكگرتوو ئەم هەنگاوە دەنێین"، سەنگاوی وایوت.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT